پارتی لە بەغدا بارەگای دەسووتێت و لەكەركوك خۆپیشاندان دەكات، ئەمەش ئەجێندای ئەو حزبە دەردەخات بۆ وڵاتانی دەرەكی كە لە كەركوك جێبەجێی دەكات. ئەندامێكی سەركردایەتیی یەكێتیش دەڵێت: «پارتی ئەجێندای ئیقلیمی، بۆ سڕینەوەی ناسنامەی كوردستانیبوونی كەركوك، جێبەجێدەكات».
پارتی، سەركەوتنی یەكێتی لە كەركوك پێ هەزم ناكرێت
رابیحە حەمەد لێپرسراوی مەڵبەندی بەغدای یەكێتی لە لێدوانێكیدا بۆ سایتی رەسمیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA رایگەیاندووە: «پارتی ئەجێندای ئیقلیمی لەچوارچێوەی بارەگایەكدا لە كەركوك جێبەجێدەكات، ئەگەر وانییە، بۆچی كاتێك بارەگاكەی لە بەغدا، كە موڵكی خۆی بوو، سووتێنرا، تەنها بەیاننامەیەكی شەرمنانەی لەسەر دەركرد!، بەڵام ئێستا بۆ وەرگرتنەوەی بارەگایەك، كە موڵكی خۆی نییە، خوێنی گەنجانی كەركوك دەڕێژێت». وتیشی: «پارتی دەزانێت یەكێتی حزبی یەكەمی كەركوكە و ئەگەر هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق بكرێت دەتوانێت پارێزگاری شارەكە وەربگرێت، بۆیە هەموو هەوڵێك دەدات، كە ئاژاوە لە كەركوك دروستبكات و بەو بیانووەوە هەوڵی دواخستنی هەڵبژاردن لەو پارێزگایە دەدات، ئەوەش هەڵوێستی هەمیشەیی پارتی بووە بۆ یەكێتی و كەركوكییەكان».
كەركوكییەكان هۆشیارترن لە ئەجێندای پارتی
پارتی، كار لەسەر تێكدانی دۆخی كەركوك دەكات بە فیتی وڵاتان، بەڵام هۆشیاریی خەڵكی كەركوك لەوە زۆر زیاترە كە لەو سیاسەتە هەڵەیەی پارتی تێنەگەن.
عومەر رەزا مامۆ چاودێری سیاسی، لەبارەی سیاسەتی خراپی پارتی لە كەركوك، لێدوانی بۆ PUKMEDIA داوە و دەڵێت: «پارتی لە بەغدا بارەگای دەسووتێت، بەڵام لە كەركوك خۆپیشاندان دەكات، ئەوەش ئەو سیاسەتە هەڵەیەی پارتی نیشاندەدات، كە بە فیتی وڵاتان لە كەركوك جێبەجێی دەكات، هەرچەندە خەڵكی كەركوك زۆر لەوە هۆشیارترن و لەو ئەجێندایەی پارتی تێدەگەن، بەڵام پارتی بەم كارەی مەڵۆیەكی تری خستەسەر خەرمانی ناپاكییەكانی بەرامبەر كەركوك». وتیشی: «خۆپیشاندانەكەی كەركوك، بەفیتی پارتی لە ناوچەیەكی كەركوك كرا، كە بووەهۆی بارگرانی زۆر بۆ بازرگانان و خەڵكی شارەكە، ئەوەش نیشانەی ئەوەیە كە پارتی دەیەوێت ژیان و گوزەرانی بازرگانان و خەڵكەكەی تێكبدات، پارتی بۆ كەركوك هەمیشە بیری لای داهاتەكەی بووە نەك خەڵكەكەی».
یەكێتی، كوردستانیبوونی كەركوك دەپارێزێت
هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق، 18 ساڵە لە كەركوك بەبیانووی جیاجیا نەكراوە، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش هەموو هەوڵێكی بۆ ئەوەیە كە لە هەڵبژاردنی داهاتووی پارێزگاكەدا كوردستانیبوونی شارەكە بسەلمێنێتەوە و پارێزگارێكی كورد بۆ شارەكە دیاری بكات. لەبەرامبەردا پارتی دیموكراتی كوردستان ئەجێندای ئیقلیمی لە كەركوك جێبەجێدەكات و هەموو هەوڵێك دەدات ئاژاوە بخاتە شارەكەوە، بۆ ئەوەی ناسنامەی كوردستانیبوونی شارەكە بسڕێتەوە، ئەوەشی دەیكات تەنها لەبەر ئەوەیە كە یەكێتی حزبی یەكەمە لە شارەكەدا.
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە هەموو نەهامەتییەكاندا پشتیوانی كەركوكییەكان بووە و وەك هەندێك لایەن كەركوكی، هەرگیز لە تەنگانەدا بەجێینەهێشتووە. بۆ داهاتووش كە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق بەڕێوەدەچێت، یەكێتی هەوڵی پێكەوەژیانی زیاتر لەو شارەدا دەدات و دەیەوێت ناسنامەی كوردستانیبوونی كەركوك بپارێزێت.
PUKMEDIA