جیاوازییكردنەكە گەیشتە وەرزشیش

12:39 - 2022-05-16
وەرزش
530 جار خوێندراوەتەوە
ئەمە ئەو مێزە بوو كە خەڵاتەكانی یاریی كۆتایی خولی جامی یانەكانی كوردستانی لەسەر دانرابوو كە بووە مای

ستادیۆم
جیاوازیی كردن و دەست خستنە بینە قاقای سلێمانی و ئەو ناوچەیەی كە بە زۆنی سەوز ناو دەبرێت هەر لە بواری مووچە و خزمەتگوزاری و بوارەكانی تری ژیانی هاوڵاتیانی دەڤەرەكەدا نییە، بەڵكو ئەوەتا وەرزشیشی هاتۆتە سەر و بە ئاشكرا یەكێتیی تۆپی پێی كوردستان دژایەتی وەرزشی ئەم سنورە دەكات و هیچ بەهایەكی بۆ یانە و وەرزشكارانی سنورەكە دانانێت.

بۆ ئەم قسەیە نموونە زۆرن، دیارترین و زیندووترین نموونە، یاریی كۆتایی خولی جامی یانەكانی كوردستان بوو كە هەردوو یانەی نەورۆزی شاری سلێمانی و برایەتی هەولێر كردیان.
بۆ مەراسیمی كۆتایی خولەكە و  هەڵبژاردنی یاریگای یارییەكە و ئەو رێوشوێنانەی یەكێتیی ناوبراو بۆ ئەنجامدانی یارییەكە گرتبوویە بەر، لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و نووسەرانی وەرزشیی و ئەوانەی كە موتابەعەی سەرجەم خولەكانی كوردستان دەكەن، رەخنەی زۆریان لێگرت، تیری كەوانی رەخنەكانیان ئاڕاستەی یەكێتیی تۆپی پێی كوردستان بوو لەبەر ئەوەی زۆر بە ئاشكرا یەكێتیی ناوبراو هیچ گرنگییەكی بە یارییەكە نەدابوو، مەراسیمێكی شایستەی بۆ رێكنەخست، هیچ ئامادە كارییەك بەو یەكێتییەوە نەبینرا بۆ یارییەكە تەنیا لەبەر ئەوەی هەردوو یانەكە لە بازنەی یانە دڵخوازەكانی خۆیاندا نیین.
كاتێك سەیری مەراسیمی كۆتایی خولێكی كوردستان دەكەیت كە تیپی 46 یانەی كوردستان (16 تیپی نایاب، 19 تیپی پلە یەك و 6 تیپی پلە دوو) بەشدارییان تیادا كردبوو، دەبوو جوانترین و شایستە ترین مەراسیمی بۆ بكرایە، دەبوو لە یاریگایەكی شیاوی گەورەی وەك هەولێر یان سلێمانی بوایە، دەبوو زۆرترین میوان و ئامادەبوو لەو یارییەدا ئامادە بوونایە، هەرچەندە یانەی كۆیە و شاری كۆیە هیچ درێخییەكیان لەو رووەوە نەکرد و ئەوەی بەوان كراوە و لە توانایاندا بووە كردوویانە، بەڵام یەكێتیی تۆپی پێی كوردستان لە بەر ئەوەی ناوی هەردوو یانەكەی یاریی كۆتایی (نەورۆز و برایەتی)بوو، زۆر بە سادەیی و بێ هیچ گرنگی پێدانێك و وەك لە كۆڵی خۆ كردنەوە و بەپەلە پڕوسكێ مەراسیمەكەیان رایی كرد.
وەك لەم وێنەیەدا دیارە ئەوە مێزی دابەشكردنی خەڵاتەكانە كە ناشیرنترین دیمەنی هەیە، زۆر یاریی كۆتایی خولی تۆپی پێی تیپە میلییەكانمان بینیوە لەم مەراسیمە جوانتریان بۆ یاریی كۆ‌تاییەكانیان رێكخستووە.
ئەوە باسی ئەوە مەكەن كە چۆن بە ئەنقەست و بێ هیچ بیانوویەك و لەبەر ئەوەی یانەی پاڵەوانی خولی نایاب (سیروانی نوێی سلێمانی) بوو، هەرچەندە چەند هەفتەیەك پێش كۆتاییهاتنی خولەكە بووبوون بە پاڵەوانی خولەكە، کەچی نە یەكێتیی تۆپی پێی كوردستان و نە پەیجی رەسمی ئەو یەكێتییە تا خولەكە كۆتایی نەهات نە رایانگەیاند سیروان پاڵەوانی خولەكەیە، نە پیرۆزباییشیان لێكردن، نموونەی تریش زۆرە و با ئەوەندە بەسبێت، لە ئێستاشەوە با چاوەڕوانی یاریی جامی سوپەری كوردستانیش بین كە سیروانی نوێ و برایەتی دەیەكەن و هەردووكیان وەك باسمان كرد لە بازنەی یانە دڵخوازەكانی ئەو یەكێتییەدا نین.

بابەتە پەیوەندیدارەکان