تورکیا لەسەر دۆسێی راگرتنی ھەناردەی نەوتی کوردستان، لە دادگایەکی ئەمریکا سکاڵایەکی لەسەر حکومەتی عیراق تۆمار کرد و داوای نزیکەی یەک ملیار دۆلار قەرەبوو دەکات.
پێگەی " میدڵ ئیست ئای" بڵاویکردووەتەوە، تورکیا لەسەر راگرتنی ھەناردەی نەوتی کوردستان لە دادگای کۆڵۆمبیا لە ویلایەتی واشنتۆن دی سی ئەمریکا سکاڵای دژی حکومەتی عیراق تۆمارکردووە و داوای 956 ملیۆن دۆلار قەرەبوو لە عیراق دەکات.
بەپێی بڕیارەکەی دادگای ناوبژیوانی پاریس، تورکیا دەبێت نزیکەی 2.6 ملیار دۆلار قەرەبوو بداتە عیراق لەسەر ھەناردەی نەوتی کوردستان و چەند گرێبەستێک کە نزیکەی 30 ساڵ لەمەوبەر لە نێوان ھەردوو وڵات کراوە، تورکیاش پێیوایە ئەو بڕیارە نادادپەروەرانەیە و دەبوو دادگا لە بەرژەوەندی تورکیا بڕیار بدات نەک عیراق.