باوکم لەگەڵ، دوا تیشکی مەغریب ئاوا بوو

11:13 - 2025-07-03
ئەدەب و هونەر
21 جار خوێندراوەتەوە

ئا/ تەها عەبدوڵڵا

لەم رۆژانەدا شاعیر و نووسەر (ئاری ئاغۆک) بەرهەمێکی نوێی چاپ و بڵاوکردەوە، بریتییە لە چامە شیعرێک بەناونیشانی: (باوکم لەگەڵ دوا تیشکی مەغریب ئاوابوو)، چامەکە شیعرێکی 321 دێرییە، لە فۆڕمێکی ئەدەبیدا، بە وشە و هەست و مانایەکی قوڵ و فراوان باس چیرۆکی باوک دەکات، لە هەر وێنە شیعرێکدا گۆشە و وێستگە و تەمەنی باوک نیشانی خوێنەر دەدات تا دەگاتە رۆژی ئاوابوونی.
دەربارەی جیاوازیی رەهەندی ئەدەبیی ئەم بەرهەمە، بەراورد  بە بەرهەمەکانی دیکەی، ئاری ئاغۆک بە کوردستانی نوێی راگەیاند: «کاتێ لەنێو دەقێکی ئەدەبیی دا بتەوێ چیرۆکێکی خەمگینی مرۆڤێکی نەوەت ساڵە بگوازیەوە نێو دونیای شیعر، ئەرکێکی قورس و قوڵە، بەتایبەت ئەگەر چامە شیعرێکی دوورودرێژ بێت، بەڵام ئەمە ناوەڕۆکی ئەو کتێبەمە کە چوارەمین چامەی شیعرە نوسیومە و بڵاوبۆتەوە».
ئاغۆک پێشیوابوو: «بێگومان ئیشکردن لە چامە نووسین و گێڕانەوەدا پێویستی بە وردبینی و چنینی یەک لەدوای یەکی وشەو هەست و وێنە هەیە، بۆ ئەوەی دواجار ببێتە تابڵۆ بەرهەمێکی ئەدەبی، بۆیە دوای بڵاوکردنەوە و بە چاپگەیاندنی هەر بەرهەمێک بەتایبەتی شیعر، ئەوا دەبێتە موڵکی خوێنەر، دواجار ئەدیب و نووسەران دەتوانن شرۆڤەی بکەن و هەڵسەنگاندنی بۆ بکەن.»
شایەنی باسە، ئەمە پەنجاهەمین بەرهەمی چاپکراوی شاعیرە، یەکەمین کتێبی بەناونیشانی (خەونەکانی من و دایکم) بوو، ساڵی 2002دا چاپ و بڵاویکردۆتەوە.
لە بەشێک لە چامە نوێیەکەیدا شاعیر دەڵێت:
قەت پەلەم نییە،
من كوڕی رۆژگاری چاوەڕوانیم.
تا مردن لە وێستگەی چاوەڕوانی دەوەستم.
چاڵێك پڕدەكەم لە قسە و وشەی رەنگاوڕەنگ
خۆم دەگەیێنمە دوند و چیای ئومێد.
لەوێوە دادەنیشم و بەهەزار چاوەوە چاوەڕێم.
یەكە یەكەی قسەكانت دەكەمە چیرۆكی ئەفسووناوی.
لەنێو خورجەی غوربەتدا هەڵیاندەگرم و
لەكاتی بێتاقەتی و بێ تۆیدا
هەرجارەی كاغەز و لاپەڕەیەك دەخوێنمەوە.
یەكەمین نامە و یەكەمین كاغەز
ئەو چیرۆكەیە....
 کاتێ بەر لە لەدایكبوونم
دایكم باوڵێك جلك و بەرگ و
دەسرازەی بۆ ئامادەكردبووم..
باوكم پێش ئەوەی لە ماڵ بچێتەدەر
دەیژماردن و بۆنی دەكردن
ئەو باوڵە
یەكەمین یادگاری نێوانی دایكم و باوكم بوو..
سی و شەش ساڵ
 پەیوەندی رۆحیی نێوان من و دایکم
لە خەمە شیعری (خەونەکانی من و دایکم)
دەستی پێکرد و
تا (چەفیە رەشەکەی دایکم)
قەرز و وەفایەکی بچووک بوو،
تا ئێستاش هەناسە شیعر
 هەمیشە بە یاد و بیرەوەری (دایک)
هەر بەردەوامە.
چل و پێنج ساڵ میهری نێوان (من و باوك)م
دەبێتە شانامەیەكی نەمر
دوای ئەو هەموو ساڵ و دوورییە
 دەچمە سەرقەراتێ و
روو لە خانەقا دەكەم و دەڵێم:
دایە...... بابە.......
وەرنەوە،
من لە جاران زێتر پێویستیم پێتانە.
وەرنەوە وەنەوزی پیرییم لەبیربەرنەوە
وەرنەوە غەریبیتان وا دەمكوژێ
وەرنەوە لە مناڵ مناڵترم و رێگای ژیانم لێ بزرە
وەرنەوە خاچی ئەو هەموو خەمە بە من هەڵناگیرێ.

#ئەدەب و هونەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان