یادەوەریی وەرزشی

12:41 - 2022-05-16
وەرزش
397 جار خوێندراوەتەوە

 

خەسرەو گورون

42

چوارەم یاریی وەرزی 1987-1988 ی تیپی یانەی سلێمانی لە خولی پلە دووی یانەكانی عیراقدا لە كەركوك بوو، یارییەكەشمان بەرامبەر تیپی یانەی 1 ی حوزەیران بوو.
پێشتر تیپەكەمان لە دوو بردنەوە و یەكسانبوونێك، خاوەنی 5 خاڵ بووین، لەم یارییەشدا توانیمان لە كەركوكەوە بە یەكسانبوون بەبێ گۆڵ لەگەڵ ئەو یانەیە، بگەڕێنەوە سلێمانی و كۆی خاڵەكانمان بوون بە 6 خاڵ و ئەمەش ئەنجامێكی زۆر باشی تیپەكەمان بووە لەم خولەدا.
دەبێت ئەوە بڵێم كە یارییەكە توندوتیژی زۆری تیادابوو، ناوبژیوان كارتی زەردی زۆری بەڕووی یاریزانانی هەردوولادا بەرزكردەوە، هەر لە یارییەكەدا رەفیقی گۆڵچی پاڵەوانی یارییەكە بوو، جگەلەوەی چەندین هەلی گۆڵكردنی تیپی بەرامبەری رەتكردەوە، توانی پەنالتییەكیش بگرێت، كاتێك ناوبژیوان لە دەقیقەی 21 -ی یارییەكەدا فیكەی پەنالتییەكی لەسەرمان لێدا، بەڵام رەفیق توانی پەنالتییەكە بگرێت كە یاریزانی بەتوانای ئەوسای تیپی 1 -ی حوزەیران (قەرە عادل) لێیدا.
ئەم یارییە رۆژی 13/11/1987 لە یاریگای كەركوك كرا، تیمێكی ناوبژیوانی لە شاری هەولێرەوە هاتبوون بۆ بەڕێوەبردنی یارییەكە، ئێمە بەدرێسی رەنگی سوور و سپییەوە یاریمان كرد، تیپی حوزەیرانیش درێسەكانیان رەنگی شین بوو.

حەمەبچکۆل

 وەفدی یانەی سلێمانی بەسەرۆكایەتی خوالێخۆشبوو فەهمی فەقێ رەشیدی قەشان بوو، ئازاد وەهاب و حەمە بچكۆلیش راهێنەرانی یانەی سلێمانی بوون، زۆرێك لە ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەری یانەكەشمان هاتبوون بۆ سەیری یارییەكە، هاندەرێكی باشیش لە سلێمانییەوە بۆ هاندانی ئێمە هاتبوون.
لە یارییەکەشدا سەرەتا ئێمە بەم پێكهاتەیەوە یاریمان كرد:
*گۆڵچی (رەفیق عەلی).
*بەرگریكاران (خەسرەو گورون، حەمەی حاجی واحید، شەهید ئامانج عومەر، نەبەز عەلی ئاسكە).
*ناوەند (فەرەیدون ساڵح-نێرە، ئامانج سەید برایم –كاپتن، سەڵاحی شێخ ئەمین).
*هێرشبەران (حەمەی كەریم و بەختیار رەشید).


بابەتە پەیوەندیدارەکان