شۆڕشی دیجیتاڵیی سیاسەتی ئیداری

10:06 - 2023-09-10
ئابووری
344 جار خوێندراوەتەوە
رۆبۆتەکان دەتوانن لەبری مرۆڤ کارە رۆتینی و دووبارەبووەوەکان بکەن

فەیسەڵ عەلی

سیاسەتی ئیداری، کۆمەڵێک رێنوێنی و رێنمایی و رێوشوێنە لە ئیدارەدانی دامەزراوە و رێکخراوەکاندا پراکتیزە دەکرێن و رەفتاری چاوەڕوانکراوی فەرمانبەران و کارمەندان دیاری دەکات، لە چوارچێوەیەکی دیاریکراو و هەماهەنگدا بڕیارەکانی رۆژانەی لێوە دەدرێن، سیاسەتە ئیدارییەکان بواری فراوان لەخۆ دەگرن، گرنگترینیان، سیاسەتەکانی دەرامەتی مرۆیی، ئیدارەدانی دەرامەتە مادی و داراییەکان، سیاسەتی کارکردن و سەلامەتی، سیاسەتەکانی پەیوەندیی ناوخۆیی و دەرەکی، سیاسەتەکانی تەکنەلۆجیا و زانیاری، و هیتریش، جێبەجێکردنی ئەم سیاسەتانە کاریگەریی ئەرێنیی بەرچاوی لەسەر دەستەبەرکردنی ئامانجەکانی دامەزراوەکان هەیە و یارمەتیدەرێکی باشی دامەزراوەنە تا بە نەرمی بەرەو باشتر بگۆڕدرێن، بەپێی مەبەست و ئامانجەکان بە گشتی زیادبوونی بەرهەمداری و سەرنجی بەکاربەرانی سوودمەند بەلای خۆیدا رادەکێشێت، ئەمانەش وایانکردووە دامەزراوەکان بتوانن لە بواری کارکردنی خۆیاندا فراوان بن، بێگومان ئەمەش رەنگدانەوەی لەسەر فەرمانبەران و کارمەندان  دەبێت و هەستی رازیبوونی وەزیفییان پێدەبخشێت.

جیاوازیی تیۆرەکان
ئەو شۆڕشی دیجیتاڵی و پێشکەوتنی تەکنۆلۆجیایەی هەموو دامەزراوەکان بەخۆیانەوە دیوە، وایکردووە بتوانن بە پێی ژیریی دەستکرد مامەڵە بکەن کە لە سیاسەتە ئیدارییەکاندا پراکتیزە دەکرێن، بەڵام لە سایەی ژیریی دەستکرددا جیاوازیی لەو تیۆرییانەدا هەیە کە ئاماژە بۆ واقیعی بێکارکردنی مرۆڤ دەکەن، یان ئەوەی وەک خۆیان دەمێننەوە، ئاراستەی یەکەمیان، پشتیوانی ئەوە دەکات، کە شۆڕشی دیجیتاڵی لە سایەی ژیریی دەستکرد و بەکارهێنانی تەکنەلۆجیا جێی دەرامەتی مرۆیی گرتۆتەوە، ئاراستەی دووەمیشیان، پشتیوانی ئەوە دەکەن، کە مرۆڤ خۆی سەنتەرە و وەک خۆی دەمێنێتەوە، تەکنۆلۆجیا دەبێتە فاکتەرێکی یارمەتیدەر تا بە پێی سیاسەتە ئیدارییەکان  ئامانجەکانی بپێکێت، ئەوەی جێی ئاماژە پێکردنە، ئەو جیاوازیی بۆچوونە، سروشتی کاری دامەرزاوە دیاری دەکات و ئەو تێڕوانینەی لە چوارچێوەی ئەم باسەدا پەیڕەو دەکرێت، دامەزراوە هەیە ئەو سیاسەتە ئیدارییانە پەیڕەو دەکات کە بەشێوەیەکی بنچینەیی بە پێی ستراتیجییەکانی ژیریی دەستکرد پشت بە دەرامەتی مرۆیی و پەرەپێدانی دەبەستێت. 

گۆڕانکاریی ریشەیی
ئەویتریان دەرامەتی مرۆیی بە بەدیل ئەژمار دەکات و بە تەواوی تەکنیک و تەکنۆلۆجیا لە جێیان دادەنێت، شۆڕشی دیجیتاڵی لە رێی داخڵکردنی ژیریی دەستکرد و تێکەڵاوکردنی بە تەکنۆلۆجیای دیجیتاڵی لە هەموو چالاکییەکانی دامەزراوەکان و بوارە جیاوازەکانی کارکردنیاندا، کار لە سیاسەتە ئیدارییەکانیان دەکات، لەبەرئەوە گۆڕانکاریی ریشەیی روویداوە، لە سروشتی کاری دامەزراوەکاندا، لە مامەڵەکردن لەگەڵ سوودمەندان و جیاوازیی لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکاندا، بە پشتبەستن بە هەڵسەنگاندنی بەردەوام، تا بەهای مەعنەوی زامن بکات، کە خۆی لە نەرمیی بەدیهێنانی پێداویستییە بەردەوام گۆڕاوەکانی سوودمەنداندا دەبینێتەوە، هەروەها پشت بە داهێنان دەبەستێت، لەبەرئەوە ئەو گۆڕانکارییە دیجتاڵییە بایەخێکی گەورەی لە بواری سیاسەتە ئیدارییەکاندا هەیە.

 پشتبەستن بە داتا
لەبەرئەوەیە دەتوانرێ هەموو چالاکییەکان و رێوشوێنە تەکنیکییەکان بەرەو ئەو پڕۆسانە ببرێن کە پاراستنی تواناکانی کێبڕکێی دامەزراوە زامن بکات، وەک تەوزیفکردنی ژیریی دەستکرد بۆ زانینی ئاراستە و روانینی سوودمەندان، پێشکەشکردنی راسپاردە و پێشنیاز بۆ بڕیاردان، ئەمەش بە پشتبەستن بە داتا و راڤەکردنە دیاریکراوەکانی وەک، وەبەرهینان و ئیدارەدانی پڕۆژە و پلانی ستراتیجی، هەروەها دەتوانرێ ژیریی دەستکرد بۆ جێبەجێکردنی ئەرکە رۆتینی و دووبارە بووەوەکان لە رێی بەکارهێنانی رۆبۆتە زیرەکەکانەوە تەوزیف بکرێت، واقیعی گریمانەیی بە کەسایەتییە گریمانەییەکان بەهێز بکرێت، ئەمەش پڕۆسە ئیدارییەکان باشتر بەرەو پێش دەبات.

سەردەمی کۆرۆنا
رەنگە دیارترین ئەو ماوانەی کە گۆڕانکاریی دیجیتاڵی لە سیاسەتە ئیدارییەکاندا، سەرنجی تەواوی جیهانی بەلای خۆیدا راکێشا، ماوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوو، ئەویش توانای گەیشتن بە ئامانجەکان بوو بەبێ ئەوەی هیچ ئیعتبارێک بۆ هەلومەرجە نالەبار و خراپەکان دابنرێت و لە کارکردنی خۆیان بەردەوام بوون بۆ دەستبەرکردنی ئامانجی دامەزراوەکانیان و خۆیان بۆ تێپەڕاندنی هەر ئاڵنگارییەکی ئایندەیی ئامادە کردبوو. لە سایەی ئەم شۆڕشە دیجیتاڵییەی سیاسەتە ئیدارییەکان، دامەزراوەکان پێویستیان بە راهێنانی بەردەوامی فەرمانبەر و کارمەندەکانیانە بۆ ئەوەی ژیریی دەستکرد بەکاربهێنن و بە ئاسانی زانیارییەکانیان پێ بگات و بیشی گەیەنن، بێگومان ئەمەش رەنگدانەوەی ئەرێنی لەسەر زیادکردنی بەرهەمداری و داشکاندنی تێچوونی کارکردن دەبێت. 

دۆزینەوەی شێوازی نوێ
هەروەها تەکنیکەکانی ژیریی دەستکرد یارمەتی هێزی مرۆیی دەدات تا بە پێی ئەو داتا و زانیارییانەی ژیریی دەستکرد فەراهەمی دەکات پڕۆژەکانیان جێبەجێبکەن، وێڕای ئەوەش بتوانن بڕیاری دروست بدەن. شۆڕشی دیجیتاڵی و شێوازەکانی ژیریی دەستکرد، کاریگەریی بەهێزیان لەسەر گۆڕینی سیاسەتە ئیدارییەکان هەبووە و دەبێت، لە رووی باشتکردنی پێشکەشکردنی بەرهەم و خزمەتگوزارییەکانەوە، هەروەها دامەرزراوەکان دەتوانن بە پشتبەستن بە شێوازەکانی راڤەکردنی پڕۆژەکانی رابردوو و قۆناغەکانی پێشووی پڕۆژەکانی ئێستا، پێشبینی چۆنێتی بەڕێوەچوونی ئێستای پڕۆژەکان بکات، کار بۆ دۆزینەوەی شێوازی نوێ بکەن، ئەوە کاری ستراتیجیی و سیستمەکانی ژیریی دەستکردە کە یارمەتی داخڵکردنی هەر هەموارکردن و پەرەسەندنێک دەدات، یارمەتی لایەنە ئیدارییەکانیش لە دۆزینەوەی هەر مەترسییەک دەدات و چارەسەری بەدیلیشی بۆ دادەنێت، ئاسانکاریی بۆ بڕیاردان بەو جۆرەی بتوانێ خزمەتی دامەزراوە بۆ باش بەڕێوەچوونی کارەکانی و رووبەڕووبوونەوەی کێبڕکێکارانی بکات.

بابەتە پەیوەندیدارەکان