ئەم بابەتە کە لەبارەی رۆڵی قیادە موەقەتەوە نووسراوە و کاتی خۆی لە 7/8 تا 8/9 ی ساڵی 1980 بە زنجیرە وتارێک لە رادیۆی دەنگی (شۆڕشی عیراق) ئیزگەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە شاخ بڵاوکراوەتەوە و دواتر لە دووتوێی نامیلکەیەکدا لە تشرینی یەکەمی هەمان ساڵدا چاپکراوە، هەڵوێستی ئەوێ رۆژێی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە سەبارەت بە رۆڵی قیادە موەقەتە لە سەرەتای دروستبوونییەوە و ئامانجی لە دژایەتیی یەکێتی و شۆڕشی نوێ، وەک کوردستانی نوێ پێمان باشبوو دووبارە بڵاوی بکەینەوە، بەتایبەتی دوای چاوپێکەوتنەکەی ئەم دواییەی کەمال کەرکوکی کە خۆی یەکێک بوو لە سەرکردەکانی قیادە موەقەتەی پارتی دیموکراتی کوردستان، تا چیتر مێژووی ئەو قۆناغە بە چەواشەکراوی دەرخواری نەوەکانی ئێستا و ئایندە نەدرێت.
(4)
بەهار خۆشترین وەرزی ساڵی کوردستانە، بەڵام بەهاری 1975 یەکێکە لە ناخۆشترین و رەشترین کاتە تەنگ و دژوارەکانی گەلی کورد لە عیراقدا.
مەلا مستەفا لە پاش ئەوەی پارەوپوول و سەروەت و سامانەکەی بە سەلامەتی دەربازکرد و پیلانی ئاشبەتاڵ، واتە بڵاوەپێکردنی هێزەکانی شۆڕشی کوردستانی عیراق و چۆڵکردنی بنکە و بارەگا و سەنگەرەکانی پێشمەرگەی جێبەجێ کرد، ئینجا بە خەیاڵێکی ئاسوودەوە لەگەڵ ماڵ و مناڵ و بێچوو و دەستوپێوەندەکانی خۆیا چووە ئێران.
مەلا مستەفا بۆ رۆژنامەت کەیهان: «من ئیتر رابەر نیم و هەرگیز دووبارە نابمەوە رابەر. ئارەزووم ئەوەیە کە ناوم لە مێژوودا بسڕنەوە، بەڵام ئێوەی رۆژنامەنووسەکان وازناهێنن»
لە کاتێکدا کە هەموو هێزە شۆڕشگێڕ و پێشکەوتنخوازەکانی دونیا زهماوەندی سەرکەوتنی گەلی ڤێتنامیان ئەگێڕا، لەو کاتەدا مەلا مستەفا فەرمانی بڵاوەکردنی پێشمەرگە و هێزەکانی شۆڕشی دەرکرد.
بە هەزاران تێکۆشەری کورد چەکیان دانا و بە کەساسی چوونەوە بەردەستی دەسەڵاتدارانی فاشیستی عیراق.
بە هەزاران تێکۆشەری کورد چەکیان دانا و بە کەساسی چوونە بەردەستی دەسەڵاتدارانی کۆنەپەرستی ئێران.
بە هەزاران تێکۆشەری کورد چەکیان دانا و بە نهێنی کەوتنە دۆزینەوەی پەناگەیەک لەناو خزم و عەشیرەتەکانیانا لەناو کوردەکانی تورکیا و سوریادا.
بەڵێ، کاتێکی یەکجار تووش و رەش بوو لە مێژووی میللەتی کوردا، وە رووداوێکی بێوێنەش بوو لە مێژووی جەنگی جووڵانەوە چەکدارییەکانی دونیادا.
شای جەللادی گەلانی ئێرانیش بەوپەڕی بێشەرمییەوە رایگەیاند کەوا گێرمە و کێشەیەکی وەکو گیروگرفتی پەنابەرانی فەلەستینی بۆ خۆی دروست ناکات و پەنابەرانی کوردی عیراق لە فەرهەنگ و شارستانییەتی ئێراندا دەتوێنێتەوە.
لە راستییشدا دەزگای جاسووسیی ساواک و حکومەتی کۆنەپەرستی ئێران کەوتنە بڵاوەپێکردنی پەنابەرانی کوردی عیراق بە سەرانسەری ئێراندا، وەکو ئاردی ناو دڕک بە ناوچە دوور و ناخۆشەکاندا بڵاوکرانەوە، بێ پارە و دەرامەت، بێ ئیش و کار، غەریب و دەربەدەر، برسی و رووت و رەجاڵ.
هەر لەم کاتەدا کە حکومەتی کۆنەپەرستی ئێران زیاتر لە سەد هەزار پەنابەری کوردی بەو جۆرە سەرگەردان کردبوو و وەکو دەستی کاری زۆر هەرزان لە کارگە و شوێنی کارکردنی زەحمەتا دای ئەمەزراندن و ئەیچەوساندنەوە، ساواک و حکومەتی ئێرانی گەڕەکێکی تایبەتیان بە ناوی عەظیمییەوە لە شاری کەرەج لە نزیک تارانەوە تەرخان کرد بۆ ماڵی مەلا مستەفا و دەستوپێوەندەکانی و پارەی زۆر و مووچەی باشیان بۆ بڕینەوە.
تەنانەت رۆژنامەنووسی بەناوبانگی عەرەب، محمد حسنین هیکل، لە گفتوگۆیەکدا کە لە تاران لەگەڵ مەلا مستەفا کردی، بە تەوسەوە پێی ئەڵێت:
چاوەڕێم نەئەکرد بە چاکەت و پانتۆڵەوە لە کۆشکێکی تاراندا لە ئێران بتبینم، بەڵکو ئەمویست بە جلوبەرگی کوردییەوە لە پەنا بەردێکی کوردستاندا چاوم پێت بکەوتایە.
مەلا مستەفا ئیتر بە تەواوی ورەی بەردابوو کوڕ و خزمەکانی لەسەر دابەشکردنی دەستکەوت و پارە و پول و ئۆتۆمبیل و خانوو لەناو خۆیاندا شەڕ و هەرایان بوو.
مەلا مستەفا ئەیوت من ئیتر ئیشم تەواو بووە. ئەبێ کوردیش جووڵە نەکات، ئەگینا لەناو ئەچێت، چونکە روس و ئەمریکا و بەغدا و تاران و ئەنقەرە لە ناو خۆیاندا رێک کەوتوون بۆ لەناوبردنی کورد. لە راستییشدا مەلا مستەفا لەو کاتەدا ئیتر ئیشی تەواو بووبوو، چونکە نە ئیمپریالیزمی ئەمریکی و نە ساواک و شای ئێران جارێ ئیشێکیان بەو نەمابوو، بە تایبەتی لە دوای رێكەوتنەکەی جەزائیر بە هەندێ لە مەبەستەکانی خۆیان گەیشتبوون.
مەلا مستەفا لەو گفتوگۆ رۆژنامەنووسییانەدا کە رۆژنامە ئێرانییەکانی وەکو ئیطڵاعات و کەیهان ئەیانکرد لەگەڵی، باسی تەواوبوونی ئیشی خۆی و پشتیوانیی لە رێکەوتنی جەزائیر ئەکرد.
هەر بۆ نموونە، گوێ لەو گفتوگۆیە بگرن کە ئەمیر طاهریی سەرنووسەری رۆژنامەی کەیهانی تارانی لەگەڵی کردووە و لە ژمارەی شەممەی رۆژی ١٠ی مایسی ١٩٧٥ی کەیهانی هەوائیدا بڵاوی کردووەتەوە کەوا ئێمەش کتومت وەکو خۆی بڵاوی ئەکەینەوە:
«کاری من گەیشتووەتە دوایی و ئیتر من هەرگیز دەورێکم نابێت لە رابەرایەتیی کوردەکانی عێراقدا.»
مەلا مستەفای بارزانی، 73 ساڵە، کە شایەت پیرترین و ناسراوترین رابەری جەنگەکانی پارتیزان بێ لە جیهاندا.
بەم تەئکیدکردنە نیشانی دا کە فەسڵێکی گرنگی مێژووی عیراق، فەسڵێکی پڕ لە رووداوی خوێناوی، بۆ هەمیشە داخراوە.
بارزانی ئێستا هاوڕێ لەگەڵ خێزانەکەی، لە نزیکی تاران ئەژی. هەفتەیەک لەمەوبەر کە بۆ دیتنی ئەچووم، زۆر شادومان و سەرحاڵ ئەهاتە بەرچاو. کاتێ کە باسی تەواوبوونی شەڕی ئەکرد لە سەرووی عیراقدا و کۆتایی ژیانی سیاسی و جەنگیی خۆی ڕائەگەیاند، بچووکترین نیشانەی تاڵی یا پەژارە لە دوانەکەیدا بەدی نەئەکرا.
مەلا کە ئێستا جلوبەرگی مەحەلیی کوردی خستۆتە لاوە و چاکەت و پانتۆڵ ئەپۆشێ و بۆینباخ ئەبەستێ، لە سەرانسەری ئەو دیتنە 95 دەقیقەییەدا یەک لەسەر یەک تەئکیدی ئەکرد:
«من بەندەیەکی ناچیزی خوای گەورەم، هەموو شت لە پێشەوە لە کتێبی چارەنووسدا هاتووە و بەندەکان ناتوانن لێی رابکەن.»
بارزانی وتی: «هەرگیز بەقەد ئەمڕۆ هەستم بە تەندروستی و ئارامی نەکردووە، ناتوانم پێشبینیی پاشەڕۆژ بکەم، بەڵام ئەتوانم بڵێم کە ئێستا لام وانییە هەرگیز بگەڕێمەوە عێراق.»
بارزانی لەسەری ڕۆشت کە پێشتر لە رێكەوتنی ئێران و عیراق لە جەزائیر هیچ ئاگادارییەکی نەبووە، بەڵام ئەو پشتیوانی لەم رێكەوتنە ئەکات، چونکە چاکەی میللەتی ئێرانی لە بەردەمدایە. هەرچی خێری ئێرانی تێدا بێت، جێگەی موافەقەتی هەموو کوردەکانە.
لە ماوەی یەک ساڵ شەڕدا هیچ وڵاتێک جگە لە ئێران یارمەتیی کوردی نەدا.
بارزانی وتی: ئەوانە کە بە جارێ کوردەکانیان کەشف کردووە و فرمێسکی تیمساحی ئەڕێژن، مەبەستێکیان نییە جگە لە هێرشی ئیعلامی دژی ئێران، هەندێکیان سەدەقەیان بۆ ئێمە ئەنارد، بەڵام هەرگیز یارمەتیی جدییان نەئەداین. بڕێ بەتانی و نەختێ دەرمان و شتی وایان ئەنارد، ئەمە مەسخەرەیە و ئێمە خۆمان بە قەرزاری هیچ دەوڵەتێ نازانین هیی ئێران نەبێ.
شۆڕشگێڕی پیر کە لە دوو مانگ لەمەوپێشەوە وازی لە جگەرە هێناوە و ئێستا پایپ ئەکێشێ، درێژەی دا بە قسە:
ئێمە هەموومان مەمنوونین لەوەی ئێران بۆی کردووین، ئێمە لە ئێران لەژێر سایەی شاهەنشاها، رابەری تەواوی ئارینەژادەکان، بە حورمەت و ئاسوودەییهوه ئەژین.
لە کاتێکدا کە هەموو هێزە شۆڕشگێڕ و پێشکەوتنخوازەکانی دونیا زهماوەندی سەرکەوتنی گەلی ڤێتنامیان ئەگێڕا، لەو کاتەدا فەرمانی بڵاوەکردنی پێشمەرگە و هێزەکانی شۆڕشی کوردستان دەرکرا!
*کوردەکانی عیراق ئەبێ چ بکەن؟
بارزانی لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا وتی: من لێرەم و ئەوان لەوێ، هەموو شت بەندە بە خۆیانەوە. من ئیتر رابەر نیم و ئێوەش دڵنیا ئەکەم کە هەرگیز دووبارە نابمەوە یەک رابەر. من تەواو بووم، موتڵەقەن تەواو بووم. ئارەزووم ئەوەیە کە ناوم لە مێژوودا بسڕنەوە، بەڵام ئێوەی رۆژنامەنووسەکان وازناهێنن.
بارزانی بە توندی هێرشی بردە سەر هەندێک کوردی عیراقی کە لە دەرەوە هەندێ قسەیان دژی ئێران کردووە و وتی:
ئەوانە ئینسان نین، کورد نین، پیاو نین.
دەربارەی یەکێک لەوانە، عصمت شریف وانلی، بەرزانی وتی: ئەو خۆی فرۆشتووە، ئەو هیولایەکە لە شێوەی بەشەرا.
بارزانی لە حاڵەتێکدا کە مشتی گری کردبوو، درێژەی پێدا: کەسێ کە بەم جۆرە ئیش بکا و خۆی بە سەفارەتێکی بێگانە ئەفرۆشێ، موسڵمان نییە. خوداوەند هەموو مەوجوداتێکی بێشەرەفی لەم بابەتە سزا ئەفەرموێ.
(رابەری پێشووی کوردەکانی عێراق هەروەها بە تاڵی باسی کۆمۆنیستەکانی کرد و ئەوانی بە مەسئولی کوشتار دانا لە سەرووی عێراقدا). کۆمۆنیستەکان، بە قسەی مەلا، دوژمنی ئیسلامن و کەڵک لە هەموو رێگەیەک وەرئەگرن بۆئەوەی موسڵمانان بەربدەنە گیانی یەکتری.
مەلا کە چاوانی بەهۆش و بیرێکی وردی هەیە، وتی بە باوەڕی من زۆربەی کوردەکانی عیراق لایەنگری بڕاندنەوەی شەڕ بوون. عیراق نزیکەی 3 ملیۆن کوردی تیایە کە تەنها 100 هەزار نەفەریان لە دەرەوەی عیراق ئەژین.
زۆربەی ئەم 100 هەزار نەفەرە لە ئێرانن و چەند سەد رۆشنبیرێکی کوردیش لە ئەوروپا ئەژین.
مەلا ئەو هەواڵەی لە بابەت داخوازیی پەنابردنی خۆی و ئیدریسی کوڕی بۆ وڵاتە یەکگرتووەکان و سویسرا بەدرۆخستەوە و وتی: هەموو ئەمانە درۆی رووتن و ئێمە نامانەوێ ئێران بەجێ بهێڵین و سواڵ لە بێگانە بکەین.
بەرزانی بە بیری هێنایەوە کە لە رابردوودا ئەویان بە «مەلای سوور» ناو ئەبرد و وتی: ئەم ناتۆرەیە دوژمنان بە پاڵیان داوم، من هەردەم موخالیفی کۆمۆنیزم بووم، چونکە موسڵمانم. لەناو هاوکارەکانما تەنانەت یەک شیوعیشی تیا نەبوو، یا ئەگەر هەشبوبێ، جورئەتی نەئەکرد دەستی خۆی بخاتە ڕوو.
مەلا بەلایەنی کەمەوە 20 ساڵ گەنجتر دیارە لە تەمەنی خۆی، کورتەباڵاترە لەوەی پیاو چاوەڕێی ئەکا، بەڵام زۆر گورجوگۆڵە و شانی پانە. ئەگەرچی رێجیمی خواردن ناکات، ورگی زل نییە و ئەڵێت: هەرگیز بە راستی نەخۆش نەکەوتووم، دکتۆرەکانم ئەڵێن کە حاڵم بە تەواوی چاکە. ئەو هەمان زەمینە و بەرنامەی ژیانی کە لە گوندی دیلمان، ناوەندی سەرکردایەتییەکەی لە کوردستانی عیراقدا هەیبوو، درێژە پێ ئەدات، بەو جیاوازییەوە کە لە شوێنی دانیشتنی ئێستایدا لە نزیک تاران، قسە لە جەنگ و بڕیاردانی رۆژانەی جەنگی لە گۆڕێ نییە.