كۆبوونەوە لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریكا
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران لە هەولێر پێشوازیكرد لە ماتیۆ تولەر باڵیۆزی ئەمریكا لە عیراق و لە كۆبوونەوەی نێوانیاندا پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمریكا و پڕۆسەی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق و چەندین پرسی دیكە، تاوتوێكران.
لە كۆبوونەوەكەدا كە دوێنێ بە ئامادەبوونی رۆبەرت پاڵەدینۆ كونسوڵی گشتیی ئەمریكا لە هەرێم بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی ستایشی هەوڵەكانی ماتیۆ تولەری كرد كە لە ماوەی كاركردنیدا لە عیراق، رۆڵی بەرچاوی هەبووە لە پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان عیراق و هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەمریكا و بەردەوام هاوكاریی لایەنە عیراقییەكانی كردووە بۆ لێكنزیكردنەوەی بۆچوونەكانیان.
لە بەشێكی كۆبوونەوەكەدا پڕۆسەی سیاسیی عیراق و بەربەستەكانی بەردەم پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو تاوتوێكرا و هەردوولا هاوڕابوون كە دەبێت لەڕێی گفتوگۆ و لێكتێگەیشتنەوە، هەوڵی لێكنزیكردنەوەی بۆچوونی لایەنە جیاوازەكان بدرێت، لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی داوایكرد، رێكەوتنێكی نیشتمانی بكرێت بۆ چارەسەركردنی هەموو ئەو كێشانەی بەربەستن لەبەردەم پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراقدا، بە جۆرێك كە رێكەوتنەكە لەسەر حیسابی هیچ لایەنێك نەبێت و پێویستیشە هەموو لایەنەكان ئاستی داواكارییەكانیان كەم بكەنەوە.
سەبارەت بە ناكۆكییەكانی ناو لایەنە كوردستانییەكانیش، جێگری سەرۆك وەزیران رایگەیاند: كلیلی چارەسەری ناكۆكییەكان لەوەدایە لایەنەكان بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستان بخەنە پێش بەرژەوەندییە حزبی و كەسییەكانەوە.
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا، بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی تاوتوێكرا سەبارەت بە نەوت و گازی هەرێمی كوردستان و لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی جەختیكردەوە كە دەكرێت هەر ئەم بڕیارە بكرێتە دەرفەتێك بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و دەرچوواندنی یاسای نەوت و گاز لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا باڵیۆزی ئەمریكا نیگەرانی خۆی دەربڕی كە لە ماوەی رابردوودا رێژەی تاوان لە هەرێمی كوردستان زیادیكردووە و ستایشی هەوڵەكانی جێگری سەرۆك وەزیرانیشی كرد كە جددییە لەسەر كەمكردنەوەی رێژەی تاوان و دەستگیركردن و بەسزاگەیاندنی تاوانباران.
كۆبوونەوە لەگەڵ كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالكراوان
هەردوێنێ قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، بەئامادەبوونی عەبدوڵڵا حاجی مەحمود وەزیری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان، پێشوازیكرد لە ژمارەیەك لە كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالكراوان.
لەو دیدارەدا گفتوگۆكرا لەبارەی هەندێ داواكاری رەوای كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان، بەتایبەت پرسی هێنانەوەی رووفاتی پیرۆزی ئەنفالكراوان، سەرباری تاوتوێكردنی دۆزینەوەی میكانیزمێكی گونجاو بۆ پرسی چۆنێتی پشكنینی DNA بۆ كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان بەمەبەستی ناسینەوە و هێنانەوەی رووفاتی پیرۆزی ئەنفالكراوان.
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران جەختیكردەوە كە پشتیوانی داوا رەواكانیانە، داواشی لە وەزارەتی شەهیدان كرد بۆ لەمەولا نوێنەری رێكخراوەكانی تایبەت بە پرسی شەهیدان و ئەنفالكراوان و نوێنەری كەسوكاری ئەنفالكراوان بەشداربن لە پڕۆسەی هەڵدانەوە و هێنانەوەی روفاتەكانی ئەنفالكراوان بۆ زێدی خۆیان.