وێرای جوانی فۆرم و رەنگە سەرنجراکێشەکانی دەرکەوتووە گوڵوگوڵزار کاریگەری پۆزەتیڤی لەسەر ژیانی مرۆڤ دروستدەکەن و سودی تایبەتیان بۆ دڵ و دەروون و مێشکەوە هەیە.
خۆشی ژیان
بەپێی توێژینەوەیەکی زانکۆی Rutgers ی ئەمریکی گوڵ پەیوەندی راستەوخۆی بە دڵخۆشییەوە هەیە، ئەوانەی زۆر گوڵ بەکاردێنن یان زۆربەی کاتەکان لەبەرچاویانە لەوانە دڵخۆشترن کە هاوڕێیەتی گوڵ ناکەن، توێژینەوەکە دەیسەلمێنێت گوڵ کاردەکاتە سەر هێمنبوونەوە و هاوسەنگکردنی باری دەروونی، لە دڵتەنگی دوورمان دەخاتەوە، هەروەها بۆ بیرتیژی زۆر باشە، ئەوانەی لەناو گوڵ و گوڵزاردا دەژین، باخەوان و گوڵفرۆش و ئەوانەی خولیایان گوڵە لە کەسانی ئاسایی بیرتیژتر و بە سەلیقەترن، قسەخۆشن حەزیان لە گەشت و سەیرانە، چونکە گوڵ هێزو توانای مرۆڤ زیاد دەکات بۆ گەشەو چێژوەرگرتنی زیاتر لە ژیان و ژینگە و دەوروبەر.
بۆ مێشک
لەتوێژینەوەیەکی تری گۆڤاری Journal of Physiological Anthropology دا دەرکەوتووە وێڕای ئەو سودانە توانای ئەقڵ و هۆش و داهێنان زیاد دەکات، ئەوانەی لە ئۆفێسەکانیاندا لە تەنیشت گوڵەوە کاردەکەن و ناوە ناوە سەرنجی بۆ دەدەن زیرەکییان زیاتر دەبێت، یان ساتێک دەحەسێنەوە و پشوویەکی باشیان پێ دەدات، ئەو کات سەرلەنوێ بە هۆشێکی تازەوە دەست بە کارەکانیان دەکەنەوە.
دەرمانی خەوە
زانکۆی Christian-Albrechts ی ئەڵمانیش ئاشکرایکردووە بۆنی گوڵی خۆش بەرلەخەوتن کاردەکاتە سەر هاوسەنگی فشاری خوێن و خاوکردنەوەی ترپەی دڵ، بەوپێیەش دەروونی مرۆڤ هێوردەکاتەوە و کاتێک دەخەوێ دەچێتە خەوێکی قووڵەوە، هاوکات کاتێک کەسێک خەون بە گوڵەوە دەبینێت بەیانی کە چاو دەکاتەوە دڵی خۆشە، هەروەها بەپێی پێگەی Push Doctor ئەو نەخۆشانەی لە تەنیشت قەرەوێڵەکانیاندا گوڵدانێکی پڕ گوڵی رەنگاوڕەنگ هەیە کەمتر هەست بەنامۆیی و ترس لە نەخۆشیەکانیان دەکەن، بۆیە دەڵێت باشترین دیاری بۆ نەخۆش چەپکێک گوڵە.
بۆ ژنان یەکاویەکە
شارەزایانی زانکۆی North Florida ی ئەمریکی توێژینەوەیان لەسەر 170 ژنی دووگیان لە تەمەنی جیاجیادا کردووە بۆیان دەرکەوتووە گوڵ کاریگەری خێرای بەسەر شکاندنی ئازار و باری دەروونی و بیرکردنەوە و کات و ئاسانکردنی منداڵبوونەوە هەیە، ئەوانەی هاوڕێیەتی گوڵ دەکەن دڵ و دەروونیان ئارامتر و ئازاریان کەمترو خەویان خۆشتر و چالاکییان زیاترە و هێمنترن.
سەرچاوە: گۆڤاری Gesundheit