هاوژین عەبدولواحید
چاودێریکردن و پەروەردەکردنی منداڵ لەو ئەرکە گرنگانەیە کە دایک و باوک پێویستە زۆر بەوریاییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکەن، چونکە هەڵەی بچووک لە پەروەردەدا پەشیمانی گەورە بەدوای خۆیدا دەهێنێت، دایک و باوک لە پڕۆسەی پەروەردەکردندا هەمیشە رووبەڕووی کۆمەڵێک پرسیار دەبنەوە رەنگە بۆ ئەوان تەنها نیشانەی پرسیارێک بێت، بێ ئاگابن لە هۆکار و کاریگەری و گرنگییەکەی.
زۆرمان رەنگە ئەو پرسیارەمان لەخۆمان کردبێت، بەڵام بەگرنگمان دانەنابێ، بۆچی نابێت منداڵەکەم شەو لە ماڵی باوانم یان براکەم و خوشکەکەم یاخود هەر خزم و دۆستێکی تر بمێنێتەوە؟
بۆ منداڵەکەم شەو لەماڵێکی تر نەمێنێتەوە؟
ئەو پرسیارە دوو وەڵامی هەیە
*یەکەم: منداڵ لە دەرەوەی ماڵی خۆیدا تا تەمەنی 18 ساڵی لەڕووی تیۆرە پەروەردەییەکانەوە و ئەوەی که باسی پەروەردەی ئەرێنیش دەکات قەدەغەیە و دایک دەتوانێت بەڕۆژ بیبات تا لەو ماڵەدا بمێنێتەوە، بەڵام بۆمانەوەی بەشەو دەبێت چ دایک یان باوک لەگەڵیدابمێنێتەوە، چونکە منداڵ تا تەمەنی 6ـ7 ساڵی هەرچییەکی پێبڵێیت بەقسەت دەکات بەبێ ئەوەی بپرسێت «بۆ» دوای تەمەنی 8 ساڵی پێتدەڵێت بۆ، بۆیە دایک و باوکی وشیار کە بە منداڵەکەیان دەڵێن هەڵسە ئەو کارە بکە دەبێ پێی بڵێن بۆ بیکات نەک چۆن بیکات.
کەواتە هەموو رەفتارێک کە دەمەوێت منداڵەکەم بیکات پێویستە پێشئەوەی دەستبکات بەو رەفتارە لە قەناعەتیدا بۆی دروستبکەم.
قەناعەت چۆن دروست دەبێت لە منداڵدا؟
بە گفتوگۆ و دواندن، بەڵام دواندن بە ئەمر نا بەحوکم و رەخنە و ئاراستەکردن نا، بەڵکو دواندن بە دایەلۆگ بەشێوەیەکی ئارام و نەرمونیان.
*دووەم: ئەوەیە بۆ نموونە ئەگەر منداڵەکەم ئەم هەفتەیە سێ رۆژ لەماڵێ نەنکی بوو دوو رۆژ لەماڵی مامی رۆژێ لە ماڵی خاڵی چی روودەدات؟ کە مەترسی بێت بۆ سەر داهاتووی و پەروەردەی ئەو منداڵە، چونکە سەرپەرشتیکردن و گرنگیپێدانی منداڵەکانمان خۆمانین لەو ساتەی لەدایک دەبێ تا 18 ساڵی بەخەوەکانیشییەوە زۆرترین کات لای دایک و باوکیەتی، بۆیە ئەوان فراوانترین رووبەر دەگرنەوە بۆئەوەی ببن بە مەرجەع بۆ منداڵەکانیان.
مەرجەع کاریگەری زۆری هەیە لەسەر ئارامیی دەروونیان، قەناعەتی عەقڵییان، گەشە و هەستکردنیان بە شتەکان و تێڕوانین و وێناکردنیان بۆ شتەکان، هەربۆیە بەپلەی یەک دایک و باوک کاریگەرییان هەیە لەسەر منداڵ، چونکە تاکە مەرجەع بۆیان.
لەکاتێکدا منداڵەکەم لەمانگێکدا 14 رۆژ لەماڵەوە نییە بۆ نموونە لەنێوان ماڵی خۆم و داپیرەیەتی یەکەم شت منداڵ دەیکات بەراوردکاریی نێوان مەرجەعەکانە داپیرەم بۆ وایە و تۆ بۆ وای ئەوان بۆ درەنگ دەخەون تۆ بۆ پێمدەڵێی زوو بخەوە، ئەوان بۆ رێگەم پێدەدەن ئایپاد بەکاربێنم تۆ بۆ رێگەم پێنادەی؟
ئەم بەراوردکارییە بۆ تەمەنی ئەو منداڵە 8ـ16 ساڵی ـ ە دەبێتە هۆی شڵەژانی دەروونی و هەندێکجاریش وادەکات پەیوەندی بەدایک و باوک و خوشک و براکانییەوە وردە وردە کاڵبێتەوە لەسەر حیسابی کاڵبوونەوەی ئەم پەیوەندییە، پەیوەندی بەیەکێ لە پور و خاڵ و مام ...هتد بەهێزبێت دوای 18 ساڵیش کاتێک ژیانێکی نوێ پێکدەهێنێت و دەچێتە ماڵی خۆی ئایا پێویستی به پەیوەندییەکی بەهێز دەبێت لەگەڵ دایک و باوک و خوشک و براکانی یان خاڵۆزا و ئامۆزاکانی؟
بێگومان هیچ کام لەمانە ناتوانن جێگرەوی پەیوەندی دایک و باوکی و خوشک و براکانی بێ کەواتە ئەم کارە هەڵەیەکی پەروەردەییە.
کاریگەرییەکەی دوورمەودایە
زۆرجار ئەو منداڵەی رێمانپێداوە بمێنێتەوە منداڵەکانی ترمان لەماڵەوەن مادام لەماڵەوەن پەیوەندییەکی باش و پۆڵاینیان لەگەڵ دایک و باوکیان دروستکردووە، هەروەها ئەو منداڵەی زۆر چووە بۆ ماڵی پور و خاڵ و مامی هەستێکی بۆ دروستدەبێ دەڵێ دایک و باوکم منیان ناوێ ئەمە تەنها هەستێکی نێگەتیڤی منداڵەکەیە ئەم هەستەش پەیوەندیدارە بەو پەیوەندییەی لەگەڵ دایک و باوک و خوشک و براکانی لاواز بووە، رەنگە زۆرێک لە دایک و باوکان بڵێن مانگی جارێ یان دووجار مانەوەی چ لەبابەتەکە دەگۆڕێت؟ نەخێر مانگی یەک سەعاتیش زۆرە بۆ ئەو منداڵە، چونکە پەیوەندی بە بەراودکارییەوە هەیە لەنێوان ئەو کارەکتەرە پەروەردەییانەی لەنێوان دوو ژینگەی کۆمەڵایەتی جیاواز هەن کە خێزانە جیاوازەکان دروستی دەکەن، هەربۆیە ئەگەر پێویستی کرد دەبێت دایک و باوک خۆیان لەگەڵ ئەو منداڵە بمێننەوە، هەروەها فێری بکەن نابێت لە هیچ شوێنێک پێداگریی بکات بۆمانەوە ئەگەر خاوەن ماڵەکەش پێداگری کرد.