«پەلەكردن لە دۆسێی هەڵدانەوەی گۆڕەبەكۆمەڵەكان و گەڕانەوەیان بۆ زێدی خۆیان»

سەرۆك كۆمار: دەستەبەركردنی تەواوی مافەكانی كەسوكاری شەهیدانی ئەنفال و هەڵەبجە

09:43 - 2023-09-11
عیراق
197 جار خوێندراوەتەوە

د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆمار و خانمی یەكەم شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، دوێنێ لە بەغدا، پێشوازییان كرد لە عەبدولئیلا ئەلنائیلی سەرۆكی دەزگای شەهیدان و ژمارەیەك لە بەرپرسانی دەزگای شەهیدان و وەزارەتی تەندروستی.
لە دیدارێكدا، سەرۆك كۆمار، ئاماژەی بە پێویستیی هەوڵدانی زیاتر بۆ چارەسەركردنی دۆسێی قوربانییان و هاوكاریكردنی كەسوكاری قوربانییان لە بەخاكسپاردنی روفاتی شەهیدان كرد، بەتایبەتی قوربانییانی گەلی كورد، لەوبارەیەشەوە، جەختی لە هاوكاری و هەماهەنگی نێوان لایەنە پەیوەندیدارەكان لە حكومەتی فیدراڵ و وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان لە هەرێمی كوردستان كردەوە بەمەبەستی رێزلێگرتن و دەستەبەركردنی تەواوی مافەكانی كەسوكاری شەهیدانی ئەنفال و هەڵەبجە.
سەرۆك كۆمار، راشیگەیاند: بەخاكسپاردنی رووفاتی شەهیدان و رێزلێگرتن و پێدانی هەموو مافێكی یاسایی و مرۆیی بە كەسوكاریان و دابینكردنی هەموو پێداویستییەكانیان، ئەركێكی نیشتمانی و مرۆڤدۆستانەیە. «هەڵدانەوەی گۆڕەبەكۆمەڵەكان و گەڕانەوەی تەرمی شەهیدان و گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست، ئاسانكاری بۆ كەسوكاری شەهیدان بۆ بەدەستهێنانی هەموو ئەو مافانەی كە لە یاسادا دیاریكراون».
هەر لە دیدارەكەدا، باس لە دواكەوتنی پڕۆسەكە كرا و بڕیاردرا خانمی یەكەم؛ ئەركی بەدواداچوون و سەرپەرشتیكردنی ئەو دۆسیە گرنگە لەئەستۆبگرێت. هەروەها خێراكردنی لێكتێگەیشتنەكان دووپاتكرایەوە سەبارەت بە ئاڵوگۆڕ و تۆماركردنی بەڵگەنامەكان، كە مێژووی گرنگی خەباتی گەلان و سیاسەتە ستەمكارەكانی رژێمە دیكتاتۆرییەكان، دەگێڕنەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان