مێسی دەچێتە یاریگا مەترسیدارەکەوە

02:24 - 2023-09-11
وەرزش
65 جار خوێندراوەتەوە

بڕیارە سبەی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین، لە میانی پاڵاوتنەکانی مۆندیالدا بەرامبەر هەڵبژاردەی پۆلیڤیا یاری بکات.
یارییەکە لە یاریگای هێرناندۆ سیلێس لە شاری لاپاز دەکرێت، ئەو یاریگایەش بەهۆی ئەوەی 3,637 مەتر لەسەر ئاستی دەریاوە بەرزە، بۆتە یاریگایەکی مەترسیدار بۆ یاریزانان، بەو پێیەی کێشەی کەمبوونەوەی ئۆکسجینیان بۆ دروست دەبێت.
لە ساڵی 2007 دا فیفا یاریکردنی نێودەوڵەتی لەو یاریگایانەدا قەدەغەکرد کە 2,500 مەتر بەرزترە لە ئاستی رووی دەریا، بەڵام سەرۆکی  پۆلیڤیا هەڵمەتێکی نێودەوڵەتی دژ بەو بڕیارە راگەیاند بەو پێیەی بەشێک لە وڵاتانی ئەمریکای لاتین وڵاتی شاخاوین و مارادۆناش لەو هەڵمەتەدا پشتگیری کردن، هەر بۆیە فیفا بڕیارەکەی گۆڕی بۆ 3000 و بڕیارێکی تایبەتیشیان بۆ یاریگای هێرناندۆ سیلێس دەرکرد کە ئەو رێنماییە نەیگرێتەوە.
لە ساڵی 2017 دا یارزانی بەرازیلی نیمار وێنەیەکی یاریزانانی بەرازیلی بە ئامێری  ئۆکسجینەوە لە یاریگاکە بڵاوکردەوە و لەسەری نووسیبوو "یاریکردن لە دۆخێکی وادا نا مرۆڤانەیە". ئەمەش لە کاتێکدایە کە یاریزانانی بۆلیڤیا بۆخۆیان بە دۆخی یاریگاکە و شارەکەیان راهاتوون.
بڕیارە سبەی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین لەو یاریگایەدا بەرامبەر هەڵبژاردەی بۆلیڤیا یاریبکات و مێسی بەشداری یارییەکە دەکات، بەڵام لەسەر کورسی یەدەگ دەبێت و رەنگە لە گێمی دووەمدا بێتە یاریگاوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان