هەڵەی مردنی باش

بۆچی پێویست ناكات نیگەرانی دواساتەكانی ژیانت بیت؟

09:41 - 2023-09-12
ئابووری
446 جار خوێندراوەتەوە

رۆڵف دۆبێڵێ
لە فارسییەوە: محەمەد كەریم


(23)

بێگومان ئەم رستەیەت زۆر بیستووە: «كاتێك لەسەر پێخەفی مردن بووم، سەیری رابردووم دەكرد». لەوانەیە خوێندنەوەی ئەم رستەیە وەكو چیرۆكێكی سەرنجڕاكێش بێتە بەرچاو، بەڵام بە كردەوە تەواو گەمژانە و ساویلكانە دێتە بەرچاو. لەبەرئەوەی ئاسایی مرۆڤ لە كاتی مردنیدا ئەوەندە هۆش و گۆشی نییە كە بیەوێ بە یادەوەریی رابردووی هەست بە ناڕەحەتی یان خۆشحاڵی بكات. ئاسایی سێ هۆكار كە زیاتر لە هەموو شتێك دەبنە هۆی مردنی مرۆڤ بریتین لە: جەڵتەی دڵ، جەڵتەی مێشك، شێرپەنجە.
بێگومان حاڵەتی یەكەم و دووەم تۆ ئەوەندە دەرفەتت نابێت كە بپەرژێیتە سەر بیركردنەوەی فەلسەفی و یادەوەریی رابردوو. لە زۆربەی حاڵەتەكانی تووشبوونی شێرپەنجەدا هەتا قوڕقوڕاگەت، دەرمانی ئارامبەخشت دەرخوارد دەدەن كە توانای بیركردنەوەی روون و راستەوخۆت لێ زەوت دەكات. وێڕای ئەمەش ئەوانەی تووشی نەمانی عەقڵ و ئەلزهایمەر بوون ناتوانن لەسەر پێخەفی مردن بە روونی بیربكەنەوە، لەبەرئەوەی هێزی بیركردنەوە و یادەوەرییان گۆڕانی بەسەردا هاتووە و ناتەواوە. تەنانەت ئەگەر كات و هۆشیاری تەواوت بۆ ئەو چالاكییە هەبێت یادەوەرییەكانت (هەروەكو لە بەشی پێشوودا ئاماژەی بۆ كرا) هێندە لەگەڵ واقیعدا نایەتەوە لەبەرئەوەی خودی بیرەوەریسازی تۆ لەو رووداو و بەسەرهاتانەی بەسەرت هاتووە دەخالەت دەكات و چیرۆكی بێسەر و بەریان لێ دروست دەكات.

یادەوەریمان پڕە لە كەموكووڕیی
لە بنچینەدا باشتر وایە سەبارەت بە ساتەكانی مردنت و سەعاتەكانی كۆتایی كە لە دنیادا بەسەری دەبەیت ئەوەندە نیگەران نەبیت، لەبەرئەوەی بێگومان لەگەڵ ئەوەدا كە ئێستا لە مێشكی خۆتدا تەسەورت كردووە زۆر جیاوازی دەبێت و ئاسایی ئەو هەستانەی لەو ساتانەدا دەتبێت تەواو جیاواز و جیایە لە هەموو هەستەكانت كە بە درێژایی ژیانت هەتبووە. بیركردنەوە لە ساتەكانی كۆتایی ژیانت زۆرجار بە جێگایەكت ناگەیەنێت و تەنیا توانای تەركیز و بیركردنەوەت بۆ گەیشتن بە ژیانێكی باش و نموونەیی تێكدەدات.
دانێل كانمان لە رێگەی ئەزموونی جیاوازەوە ئەوەی سەلماندووە كە بیرەوەریی و یادەوەریی ئێمە پڕە لە كەموكووڕیی و چیرۆكی ساختە. یەكێك لە هەڵە باوەكانی یادەوەریی ئێمە هەڵەی بایەخنەدانە بە ماوەی زەمەنی. لە راستیدا ئەو مەسەلەیەی كە هەر رووداو و هەلومەرجێكی جیاواز چەندە درێژەی كێشاوە و تا چ رادەیەك بەردەوام بووە و لەگەڵ ئەوەدا كە مێشكی ئێمە تۆماری كردووە وەكو یەك نین، بەهەمان شێوە كە پێشان لەم كتێبەدا باسكرا، مێشكی تۆ هیچ جیاوازییەك لە نێوان ئەو پشووانەدا ناكات و لە رووی باشتربوون و خراپتربوونەوە هەستی پێناكات ئەگەر پشووەكە سێ هەفتە یان یەك هەفتە درێژەی كێشا بێت. لە راستیدا بڕیاردانی تۆ سەبارەت بە هەلومەرج و چۆنییەتی پشووەكان تەنیا پەیوەندی بە خاڵی كۆتایی پشووەكەوە هەیە. بێگومان فیلمێك كە سەراپای پڕبووە لە دیمەنی هەژێنەر دێتەوە یادت، بەڵام ئەگەر حەزت لە كۆتایییەكەی یان بەشی كۆتایی نەبێت وەكو فیلمێكی خراپ و قسەی قۆڕ سەیری دەكەیت. هەروەها ئەم بابەتە سەبارەت بە ئاهەنگ و كۆنسێرت و كتێب و پەیوەندییەكانیش راستە.
لە نێوان دوو ژیاندا
لەوانەیە ئەو پرسیارەت لا دروست بێت ئایا ئەم مەسەلەیە سەبارەت بە بڕیاردان لە ژیانی خۆشمان راستە؟
باشتر وایە بۆ دەسكەوتنی وەڵامی ئەم پرسیارە، ژیانی (ئانا) لەبەرچاو بگرین:
ئانا شووی نەكرد و هیچ مناڵێكی نەبوو، لەگەڵ ئەوەشدا كچێكی خۆشحاڵ بوو، چێژی لە ئیشەكەی دەبینی. پشووەكانی بە باشترین شێوە بەسەر دەبرد و گەلێ هاوڕێی هەبوو كە چێژی لە هاوڕێیەتییان دەبینی، بەڵام لە تەمەنی سی ساڵیدا بە شێوەیەكی باوەڕپێنەكراو و پێشبینی نەكراو لە رووداوێكی ئوتومبیلدا مرد. ئێستا (1 تا 9) نمرە بدە بە ناخۆشی و خۆشی ژیانی ئانا و (5) خاڵیش وەكو ناوەڕاست. 
پاش ئەوەش ژیانی كەسێكی دیكە بە ناوی (بەرتا) لەبەرچاو بگرە. بەرتاش شووی نەكرد و هیچ مناڵێكی نەبوو. ئەویش وەكو ئانا چێژی لە ئیشەكەی دەبینی و گەلێ هاوڕێی هەبوو كە كاتەكانی دەستبەتاڵی بەوان پڕ دەكردەوە، هەڵبەت پێنج ساڵی كۆتایی ژیانی جیاوازییەكی بەرچاوی هەبوو لەگەڵ ژیانی رابردوویدا، بەڵام بەهەرحاڵ بەرتا هەوڵی دەدا ئەوپەڕی چێژ لە ژیانی خۆی ببینێت و هەست بە شادی بكات و لە كۆتاییدا لە تەمەنی سی و پێنج ساڵیدا بە رووداوی ئوتومبیل مرد.

كەم و زیاد جیاوازیی نییە

باشە (1 تا 9) نمرە بدە بە خۆشی و ناخۆشی ژیانی بەرتا. گروپێك لە توێژەران لە ئەمریكا ئەم دوو چیرۆكەیان خستە بەردەستی گروپێك لە خوێندكاران و زۆربەی خوێندكاران باوەڕیان وابوو كە ژیانی ئانا زۆر باشتر و چێژبەخشتر بووە لە ژیانی بەرتا، بەڵام لە راستیدا بڕیارەكەیان ناڕاستە، چونكە هەردوو ژنەكە تەواو لە ژیان رازی بوون و هەتا تەمەنی سی ساڵی هەردووكیان خۆشحاڵ و بەختەوەر بوون، هەڵبەتە بەرتا پێنج ساڵ زیاتر لە ئانا ژیا و هەرچەندە وەكو سی ساڵی رابردووی لە ژیانی رازی نەبوو، بەڵام بە گشتی خۆشحاڵ بوو، هەستی بە بەدبەختی نەدەكرد. كەواتە ئەگەر بمانەوێت بە شێوەیەكی لۆجیكی سەیری مەسەلەكە بكەین، ژیانی بەرتا زۆر لە ژیانی ئانا باشتر بووە، بەڵام بۆچی خوێندكارەكان ئەوەیان لەبەرچاو نەگرت كە بەرتا پێنج ساڵ زیاتر لە ئانا ژیاوە؟ زانایان وەڵامی ئەم پرسیارە بە روونكردنەوەی كاریگەری جەیمس دەین
(James Dean effect) دەدەنەوە. دەین لە كاتێكدا لە لووتكەدا بوو لە رووداوێكی ئوتومبیلدا تیاچوو، لەو كاتەدا تەمەنی تەنیا بیست و چوار ساڵ بوو. لەوانەیە ئەگەر تەمەنێكی زۆری هەبوایە و سەركەوتوو نەبوایە، ئەو كاتە ژیانی زۆر ناخۆش و بێتام بوایە، كەسەكان باوەڕیان وابوو.

هەڵسەنگاندنێكی گومڕاكەر

ئێستا جارێكیتر نمرە بدەن بە ئانا و بەرتا بەو جیاوازییەوە كە ئانا لە تەمەنی شەست ساڵیدا و بەرتا لە تەمەنی شەست و پێنج ساڵیدا بە رووداوی ئوتومبیل تیاچووە مەسەلەكانی تر وەكو خۆیان ماونەتەوە.
كەسە بەشدارەكان لە تاقیكردنەوەكەدا وەكو تاقیكردنەوەی یەكەم باوەڕیان وابوو ژیانی ئانا باشتر بووە، خاڵی سەرنجڕاكێش لەوێدا بوو كە ئەو سی ساڵەی خرابووە سەر تەمەنی هەر یەكێكیان هیچ كاریگەرییەكی لەسەر بەشدارانی تاقیكردنەوەكە نەبوو، ئەوان وەكو تاقیكردنەوەی یەكەم نمرەیان دا بە ژیانی ئانا و بەرتا. لە راستیدا دەتگوت هیچ بایەخێكی نەبووە كە ئانا و بەرتا سی ساڵ بژین یان شەست ساڵ. ئەم جۆرە هەڵسەنگاندنە زۆر هەڵە و گومڕاكەرە و نیشانەی هەڵەی گوێنەدانە بە ماوەی زەمەنی.
بەگشتی ئێمە لە هەڵسەنگاندنی رادەی سەرنجڕاكێشی و بەختەوەری كەسانیتردا زۆر لاواز ئیش دەكەین و لە بەڵگەكانماندا هەڵەی زەق و بنەڕەتی بەرچاو دەكەوێت. وێڕای ئەوە ئەم مەسەلەیەت لەبەرچاو بێت كە بەئەگەرێكی زۆرەوە تۆ وەكو جەیمس دەین بە لاوی نامریت و بە درێژایی ماوەیەكی زەمەنیی درێژ توانا بەدەنی و دەروونییەكانت بەرەبەرە كەم دەبێتەوە، دوای ئەوەش رازیبوونت لە ژیان و هەستی بەختەوەریت بەرەبەرە ئاوا دەبێت. لە هەلومەرجێكی ئاوادا بڕیارت لەسەر ژیانت چۆن دەبێت؟ ئایا ناڕەحەتی و ناخۆشییەكانت بیروڕات سەبارەت بە ژیانت بە گشتی ناگۆڕێت؟

تۆ كام لەم حاڵەتانەی خوارەوەت پێ باشترە؟

1- ژیانی باش و پڕ لە رووداوی خۆش كە چەند رۆژی كۆتایی بە ناڕەحەتی و ناخۆشی و مردن كۆتایی بێت؟
2- ژیانێكی پڕ لە دەردەسەری و كێشە كە دواجار بە مردنێكی خێرا و بێئازار كۆتایی بێت؟
هەمیشە ئەوەت لە یاد بێت كە پیری و مردن بەهایە كە ئێمە بۆ ژیان دەیدەین، وەكو پارەی وەسڵێكی دوورودرێژ دوای خواردنێكی خۆش. هەڵبەتە دەبێت دان بەوەدا بنێم من هیچ كاتێك ئامادە نیم پارەیەكی زۆر بۆ فاست فوود بدەم، بەڵام ئەگەر ریستۆرانێكی نمرە یەك هەبێت كە خواردنەكانی زۆر باش و تەندروست بن و لەگەڵ خەڵكانی باشدا بچم ئامادەم پارەیەكی زۆر بدەم.
سەرچاوە: كتێبی هنر خوب زیستن، ص130-134

 

پیری ئەو بەهایەیە، كە مرۆڤ بۆ ژیان دەیدات

بابەتە پەیوەندیدارەکان