شكستێكی تری دۆسێی ئەمنییە

ناكۆكییە خێڵەكییەكان هەڕەشە لە ئاشتیی كۆمەڵایەتی دەكەن

09:01 - 2022-05-17
دووتوێ
336 جار خوێندراوەتەوە

ئاوێنەی عیراق

چاودێرانی كاروباری ئەمنی، هۆكاریی سەرهەڵدانی ناكۆكییە خێڵەكییەكان لە وڵات، بۆ لاوازیی یاسا و پاشەكشەكردنی ئەدای حكومی، و نەبوونی ئامرازی بەرپەرچدانەوە دەگێڕنەوە و پێیانوایە، دسەتباڵایی لە وڵاتدا بۆ ئەوانەیە كە هێز و چەكییان لەدەستدایە. 
هۆزەكان هەڵسوكەوتییان بە دابونەریتی چەسپاوی زۆربەی عیراقییەكانەوە كردووە، پەناگەیەكی ئارامیش بوون بۆ لاواز و ستەملێكراوان، بەڵام لەئێستادا هۆزەكان بەهۆی پشتگیریی و پشتیوانی لایەنە سیاسییەكان، بونەتە گەورەترین كێشە كە ڕووبەڕووی دەوڵەت و هاووڵاتیان دەبنەوە. دیاردەی ناكۆكییە خێڵەكییەكانیش لەم ماوەیەی دواییدا بەشێوەیەكی گەورە و بەرچاو بڵاوبوونەتەوە. 
شارەزایانی ئەو بوارە لەڕێی زۆربەی لێدوانەكانیان، باس لە دەركەوتووترین ئەو هۆكارانە دەكەن كە بونەتە مایەی تەشەنەكردن و بڵاوبوونەوەی ناكۆكییە خێڵەكییەكان، ئەو هۆكارانەش بە بۆچوونی ئەوان، خۆیان لە چەكی بێ‌ مۆڵەت و لاوازیی ئەدای حكومیدا دەبیننەوە، وێڕای پشێوی و ئاڵۆزی كە باڵیان بەسەر رەوشی وڵاتدا كێشاوە و بونەتە مایەی ئەوەی خێڵەكان بە ئاسانی بتوانن ببنە خاوەنی چەكی سوك و چەكی قورسیش. 
بەپێی ئەو سەرچاوانە، ناكۆكییەكان یان شەڕی عەشایەری، خەریكە زەنگی مەترسی لێدەدەن، چونكە زۆر جار قوربانییەكانیان خەڵكانی مەدەنین و بونەتە مایەی ئاوارەبوونی دەیان خێزان لە ناوچەكانیان، پاش ئەوەی چەك وەك تاكە زمانی كارپێكراو لەنێوان لایەنە ناكۆكەكان بەكاردەهێنرێت. 
عیراق ساڵانە ژمارەیەكی زۆری ناكۆكییە خێڵەكییەكان و قوربانیانی ئەو ناكۆكیانە تۆماردەكات، بە تایبەت لە باشووری وڵات لە پارێزگاكانی بەسرە و زیقار و میسان و واست، وێڕای خۆرهەڵاتی بەغدا، لەگەڵ ئەمەشدا ئاستی بڵابوونەوەی ئەو ناكۆكیانە زیادی كردووە، لەگەڵ سەرقاڵبوونی دەوڵەت بەتەنگژەی شكستخواردن لە پێكهێنانی حكومەتی نوێ‌. 

لاوازیی جێبەجێكردنی یاسا و كەمترەخەمی دامەزراوە ئەمنییەكان 
حەمید نەعیم غزی، ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی وەزیران دەڵێت، كەموكوڕی لە خزمەتگوزارییەكان و لاوازیی لە جێبەجێكردنی یاسا، و مانەوەی ئەو فەرماندانەی دامەزراوە ئەمنییەكانیان لاوازكردووە، لەگەڵ ورە شكاندن، هۆكاریی كێشەكەن. 
غزی پێیوایە:»دەكرێت كەلێنەكە لەڕێی گۆڕینی پلانە ئەمنییەكان، یان گۆڕینی هەندێك لە فەرماندە ئەمنییەكانەوە پڕبكرێتەوە». 
هێزە تایبەتەكانی سەر بە سوپا بەردەوامن لە جێبەجێكردنی ئۆپەراسیۆنی ئەمنی فراوان لەو پارێزگایانەی زۆرجار ململانێ‌ و ناكۆكی خێڵەكی بەخۆوەدەبینن، لەوانە پارێزگای زیقار ئەمەش دوای رووبەڕووبوونەوەی چەكداریی كە مووشەك و هاوەن و بۆمبیان تێدا بەكارهێنرا، و چەندان ناوچەیان لە پارێزگاكە گرتەوە. 
رووبەڕووبوونەوەكانی زیقار لەدوای سێ‌ هەفتە بوون لە رووبەڕووبوونەوەی هاوشێوە لە بەسرە و میسانی باشووری وڵات، هێزەكانی سوپا لە یەكێك لەو رووبەڕووبوونەوانەدا هێزی زریپۆشیان بەكارهێنا، تا بتوانن بچنە ئەو ناوچەیەی شەڕ و پێكدادانەكانی تێدایە، بۆ مەبەستی راگرتنی شەڕ و پێكدادانەكە كە ژمارەیەك قوربانی لە هەردوولا لێكەوتەوە. 

كێشە كۆمەڵایەتییەكان و كینە و دوورەكی كۆن
زۆربەی هۆكارەكانی ئەو رووبەڕووبوونەوانە بۆ ئەو كێشە كۆمەڵایەتیانە دەگەڕێنەوە كە وابەستەی كێشەی زەوی كشتوكاڵی و پشكی ئاوی تایبەت بە ئاودان، یان كێشەی ماددی یان تۆڵەی كۆنن. ئەمانەش لە دوایین ناكۆكی خێڵەكیدا بەڕوونی دەردەكەوتن كە هۆكارەكانی پەیوەندیان بە كینە و دووبەرەكی كۆنی دەیان ساڵ لەمەوبەرەوە هەبوو. 

هەوڵەكان بۆ داماڵینی چەكی بێ‌ مۆڵەت
  لیوا خالید ئەلمحنا  وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند:»وەزارەتی ناوخۆ هەوڵی زۆری خستۆتەگەڕ لە بواری داماڵینی چەكی بێ‌ مۆڵەت، هەروەها لیژنەیەكی باڵا هەیە بەسەرۆكایەتی وەزیری ناوخۆ كە ئەركی ئامادەكردنی پلان و ستراتیژی پەیوەست بە داماڵینی ئەو چەكانە لەئەستۆدەگرێت».  
ئەلمحنا لەدرێژەی قسەكانیدا وتی:»پلانی لیژنەكە خۆی لە ئەنجامدانی هەڵمەتی بەردەوامدا دەبینێتەوە، بەتایبەت لەو ناوچانەی ناكۆكی بەخۆوەدەبینن و ئەو چەكانە دەستییان بەسەردا دەگیرێت كە بێ‌ مۆڵەتن، لەماوەی رابردووشدا دەست بەسەر زیاتر لە 7 هەزار پارچە چەكدا گیرا كە لەنێوان چەكی سوك و مامناوەنددا بوون».
وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ  ئاماژەی بە هەوڵەكانی تر كرد كە خۆیان لە «هۆشكاریی و روشنبیركردندا دەبیننەوە لەلایەن دەزگا تایبەتەكانی وەك پۆلیسی كۆمەڵایەتی و بەڕێوەبەرایەتی كاروباری هۆزەكان، سەبارەت بە زۆرێك لە دیاردە ناباوەكانی نێو كۆمەڵگە، لەوانەش (شەڕی عەشایەری)، و ململانێكان و هەڵگرتنی چەكی مەترسیدار، وێڕای هەوڵی دانەبڕاوەی تر لە بواری بەرگرتن لە فراوانبوونی دیاردەی چەكهەڵگرتن، بەجۆرێك كە پرۆسەكانی پێدانی مۆڵەت بەو لایەنانەش كەمكراونەوە كە دەكرێت لەڕێی یاساوە چەكی سوك هەڵبگرن». 

هەڕەشە لەسەر ئاشتی كۆمەڵایەتی دروستدەكەن 
شارەزایانی بواری ئەمنی پێیانوایە»لایەنە پەیوەندیدارەكان بەنیازن كۆمەڵێك رێكار بگرنەبەر كە دەبنە مایەی بەرپەرچدانەوە و بەرگرتن لەو ناكۆكییە خێڵەكییانەی خەریكە دەبنە مایەی هەڕەشە لەسەر ئاسایش و ئاشتی كۆمەڵایەتی، ویڕای هەڕەشەكردن لە شكۆی دەوڵەت، بەو پێیەی ئەوەی روودەدات لە ناكۆكییەكان، بە بەرچاوی میدیا بێ‌ سنورەكانەوەیە، ئەمەش لەكەداركردنی عیراقە لە ژینگە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەكەی، بەو هۆیەی ناكۆكییە خێڵەكییەكان كە رەهەندی كۆمەڵاتیان هەیە، زیان بە سەلامەتی هەڵوێستی كۆمەڵگەی عیراقی دەگەیەنن بەرامبەر بە هاوسەنگییە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەكان و دەبنە مایەی هەژاندنی دەوڵەت». 
ئەو شارەزایانە، هێز و شكۆی دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەكان، وابەستەی هێز و شكۆ و سەربەخۆیی بڕیاریی سیاسی دەكەن. 

#ئاوێنەی عیراق

بابەتە پەیوەندیدارەکان