ئەنفال؛ بەری خۆر بە بێژنگ ناگیرێت

09:03 - 2022-05-17
دووتوێ
483 جار خوێندراوەتەوە

ئاوێنەی عیراق

بۆچی بەدیاریكراوی لەم كاتەدا و لەدوای تێپەڕینی 34 ساڵ بەسەر كوشتارگەی ئەنفال و هەڵەبجە، یەكێك لە كەسێتییە دیارەكانی بەعسی گۆڕبەگۆڕ سەرهەڵدەدات، تا بەرگری لێبكات؟ 
ئایا ئەمە هەوڵێكە بۆ سپیكردنەوەی رووی رەشی بەعس، یان رادێری و تاقیكردنەوەی رای گشتییە بۆ سەرلەنوێ‌ گەڕانەوەی حزبی بەعس بۆ نێو كایەی سیاسی عیراق؟  بۆچی تاوانبارێكی وەك خەزرەجی كە لە دادپەروەریی هەڵاتووە، لەمڕۆدا دێت و بەرگری لە تاوانەكانی حزبی بەعس دەكات، لەكاتێكدا لە لێدوانەكانی پێشوویدا حزبی بەعسی  تۆمەتبار دەكرد و بەشێوەیەكی راستەوخۆش بەرپرسیارێتی ئەو كوشتارگانەی دەدایە پاڵ سەدام حسێن؟

بەرپرسیارێتی راستەوخۆ 
لەو بارەیەوە محەمەد ساڵح تۆفیق، نوسەر و شارەزا لە كاروباری كۆمەڵكوژی رایگەیاندد»نزار خەزرەجی سوپاسالاری پێشووتری سوپای عیراق یەكێكە لە بەرپرسان بەرامبەر بە شاڵاوەكانی كۆمەڵكوژی منداڵ و ژنان، بگرە بەرپرسی راستەوخۆش بووە لە شاڵاوەكانی ئەنفالدا، لەمڕۆشدا دێت و دەڵێت ئێمە (حزبی بەعس) رووبەڕووی یاخیبوونی كورد وەستاینەوە، حزبە گۆڕبەگۆڕەكەی بێتاوان دەردەكات لەو تاوانەدا وەك ئەوەی هیچ رووینەدابێت، خەزرەجی لەڕێی حزبەكان و لەكاتی ململانێی نێوخۆ لە كوردستان، خۆی قوتار كرد، لەكاتێكدا دەبوو دەستگیربكرێت و راپێچی بەردەم دادوەریی بكرێت (دادگای باڵای تاوانەكان لە عیراق)، و سزای دادپەروەرانەی خۆی وەربگرێت، وەك سەرگەورەكانی، لەبەرامبەر ئەو تاوانانەی بەرامبەر بە هاوڵاتیانی بێتاوانی كورد ئەنجامیدان». 

 بەهەدردانی خوێنی بێتاوانان
بە وتەی تۆفیق» خەزرەجی هەڵاتوو كە لە دانیمارك دەژی، كاتێك دەڵێت لەدژی یاخیبوون و تێكدەریی كورد شەڕی كردووە، بە هۆی هاریكاریكردنیان (كورد) لەگەڵ ئێران، بۆخۆی دەستی بە خوێنی مناڵان و ژنانی كورد سوربووە و لە بیابانەكانی عیراق زیندە بەچاڵی كردوون  و پێشمەرگەی نەكوشتووە، ئایا ئەو منداڵ و ژنانە هاریكاریی ئێران بوون؟ قسەكانی كە گاڵتەجاڕی و بێبایەخكردنی ژمارە راگەیەندراوەكان بوون، سەبارەت بە تاوانەكانی ئەنفال و كوژرانی 182 هەزار كەس، هەڵاتنە لە تاوانەكە، لەكاتێكدا تاوانبار عەلی حەسەن مەجیدی سەرگەورەی لە دادگادا لەبارەی قوربانیانی ئەنفال دانی بەوەدانا كە 100 هەزار مرۆڤی بێتاوان تێدەپەڕێنێت، وەك بڵێیت ئەو ژمارەیە شتێكی ئاساییە و جێگەی بایەخ نییە». 

شەیتان 
محەمەد ساڵح تۆفیق دەڵێت»خەزرەجی تاوانبار حزبی بەعس بە بێتاوان وەسف دەكات، و پێیوایە ئێران و ئەمریكا ئەو كاروبارانە بۆ مەبەست دەوروژێنن و دەیانەوێت دەوڵەتی ئەو دەمەی عیراق بكەن بە شەیتان، بەڵام لەڕاستیدا رژێمی بەعس شەیتان بوو، كەس لە جەور و ستەمی دەرباز نەبوو، خەزرەجیش یەكێك بوو لە شەیتانە دەركەوتوو و دەستڕۆیشتووەكان و شارەزای بواری كوشتنی رۆڵەكانی گەلی عیراق بوو». 

دەستەڕاستی رژێم 
دكتۆر سالم جاسم حاجی، بەڕێوەبەری سەنتەری توێژینەوەكانی كۆمەڵكوژی لە زانكۆی دهۆك لای خۆیەوە رایگەیاند»نزار خەزرەجی لە پێشینەی كەسێتییەكانی نێو بازنە دەستڕۆیشتووەكانی شاڵاوەكانی كۆمەڵكوژی (ئەنفال) بوو، لەدژی گەلی كورد لە ساڵی 1988، چونكە سوپاسالاری پێشووتری سوپای عیراق بوو، بەو واتایەی لە دوای عەلی حەسەن مەجید، دەستەڕاستی سەدام حسێن بووە و فەرمانەكانی رژێمی جێبەجێ‌ كردووە، دەبوو خەزرەجی وەك تاوانبارە هاوشێوەكانی لە دادگای باڵای تاوانەكان لە عیراق دادگایی بكرێت، چونكە لەگەڵ ئەوەی جێبەجێكاری زۆرێك لە تاوانەكان بووە لەدژی گەلی عیراق، یەكێك بووە لە پیلانداڕێژەری سیاسەتە سەربازییەكانی تاوانەكانی (شاڵاوی كۆمەڵكوژی لەدژی گەلی كورد)».   

حاشاكردن لە راستی 
بە وتەی حاجی»ئاساییە لەمڕ‌ودا كەسێكی تاوانباری وەك خەزرەجی بێت و حاشا لەو كوشتارگانە بكات، چونكە پێشتر بینیمان تاوانبارانی رژێمی بەعس، سەدام و بەرزان تكریتی و عەلی حەسەن مەجید و ئەوانی تر لەكاتی دادگایی كردنیان لەسەر كەیسی ئەنفال، چۆن حاشایان لە تاوانەكە و گەورەیی كارەساتەكە كرد، بۆیە سەیر نییە یەكێك لە كەسێتییەكانی ئەو حزبە فاشیستە (خەزرەجی) هەمان قسە دووبارە بكاتەوە و حاشا لە تاوانی ئەنفال بكات». 
حاجی بەپێویستی دەزانێت»لەمڕۆدا دادگایەك لە كوردستان یان لە عیراق پێكبهێنرێت و داوای گەڕاندنەوەی خەزرەجی و هاوشێوەكانی بكات، تا دادگایی بكرێن لەبەرامبەر ئەو تاوانانەی بەرامبەر بە گەلی عیراق كردیان، شیاو نییە لەدوای هەموو بەڵگەنامەكان كە دەیسەلمێنن حزبی بەعسی گۆڕبەگۆڕ لە تاوانی ئەنفال و بۆردومانی هەڵەبجە بە چەكی كیمیایی و تاوانەكانی تر تێوەگلاوە، یەكێك لە كاربەدەستانی پێشووی رژێمەكە بێت و حەشا بكات لەوەی كە ئەوان دەستیان لەو كوشتارگانەدا نەبووە». 

زانیارییە ناڕاستەكان 
بەكر حەمە سدیق، پارێزەر و ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەران و یەكێك لەوانەی ئاگاداریی دادگایی سەرانی رژێم بوو لە كەیسی ئەنفال، لای خۆیەوە دەڵێت»ئەو قسانەی نزار خەزرەجی لە یەكێك لە دیمانە تەلەفیزیۆنییەكان لەم ماوەیەی دواییدا لەبارەی شاڵاوەكانی ئەنفال كە گوایە ئەو شاڵاوانە بۆ مەبەستی كۆتایی هێنان بووە بە یاخیبوونی كورد و لەناوبردنی پێشمەرگە، درۆن و زانیاریی چەوتن، چونكە خەزرەجی كاتێك لە كوردستان بوو بەر لەوەی بەرەو دەرەوە هەڵبێت، حزبی بەعسی تۆمەتبار دەكرد بە ئەنجامدانی ئەو تاوانانە و بە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی ناوی دەبردن، بەڵام ئەم گۆڕانكارییە لە لێدوان و بیروبۆچوون لە پای چی، ئەمەش بۆ خەزرەجی جێدەهێڵین؟ سەبارەت بەو زانیاریانەی لە دیمانەكەشدا باسی كرد لەبارەی شاڵاوی یەكەم و دووەم و سێیەمی ئەنفال كە شەرفمەندە بە سەركردایەتیكردنیان، بەڵگەیە لەسەر سەركردایەتیكردنی راستەوخۆی بۆ ئەو شاڵاوانە لە قوڵاییەكی فراوان و راستەوخۆ بۆ گوند و شارەدێكانی كوردستان، بەڵام ئەوانەی لەو شاڵاوانەدا كوژران دانیشتوان و خەڵكی ئەو گوند و شارەدێیانە بوون و لە ژن و منداڵ پێكهاتبوون و پێشمەرگە نەبوون، هەموو ئەوانەی بە چەكی كیمیایی كوژران ژن و منداڵ و بەساڵاچوو و مەدەنی بوون و پەیوەندییان بە بزوتنەوەكانی كوردەوە نەبوو». 

كوشتن و خاپوركردن 
حەمە سدیق رایگەیاند»ئاكامی ئەو شاڵاوانە كە ئەو باسی دەكات، كوشتنی دانیشتوانی گوند و شارەدێكانی كوردستان و شاڵاوی روخاندن و تەختكردنی ماڵی هاووڵاتیان بوو، پاشماوەی دانیشتوانی ئەو ناوچانە بە ئۆتۆمبێلی سەربازی بۆ بیابانەكانی نوگرە سەلمان لە پارێزگای موسەننا گوازرانەوە و لەوێ‌ بەشێوەیەكی دڕندانە هەزارانیان گوللـەباران كران و زیندەبەچاڵكران، خەزرەجی و حزبەكەی دڕندەن و دوو شەیتانن لە یەك بەرگدا، بەزەیی و ویژدان لە دڵیاندا نەبوو، شاڵاوەكانی ئەنفال كە نزار خەزرەجی لە دیمانە تەلەفیزیۆنییەكەدا بەرگریان لێدەكات، تەنیا مەدەنییەكانی گرتەوە و هیچ كام لە سەركردە كوردەكان نەكوژران و دەستگیرنەكران و هیچ چەكدارێكیش كە سەر بە بزوتنەوە چەكدارییەكان بوون پێوەنەبوون، چونكە كارەكە لە بنەڕەتدا بۆ لەناوبردنی كورد و ریشەكێشكردنی كورد بوو لەو ناوچانە و بۆ راگواستییان بوو، ئەوەی لە پرۆسەی دادگایی سەرانی رژێمی لەناوچووشدا لەبارەی كەیسی ئەنفالەوە سەلمێنرا و گومان هەڵناگرێت، تێوەگلانی راستەوخۆی حزبی بەعس بوو لەو كوشتارگەیەی دەرهەق بە گەلی كورد كرا». 

جینۆساید 
سالار مەحمود سەرۆكی یەكێتی نوسەرانی جینۆساید دەڵێت»تاوانی ئەنفال (جینۆساید) لەلایەن سەدام حسێن و دارودەستەكەیەوە لە ساڵی 1988 كە دەرهەق بە گەلی كورد كرا، لەدوای روخانی رژێمی دیكتاتۆریش لە ساڵی 2003 و پێكهێنانی دادگای باڵای چاوخشاندنەوە بەو تاوانانەی بەعسی گۆڕبەگۆڕ دەرهەق بە گەلی عیراق كردنی لەژێر ناوی دادگای باڵای تاوانی كۆمەڵكوژی، دۆسێی ئەنفالی لەبەردەم دادگاكەدا كردەوە، هەندێك لە تۆمەتبارە راستوخۆكان و ئەوانەی پیلانییان بۆ ئەو كوشتارگەیە لەنێو حزبی بەعسدا داڕشتبوو، راپێچی بەردەم دادگا كران، لەسەرو هەموویانەوە سەدام حسێن و عەلی حەسەن مەجید و سوڵتان هاشم و ئەوانی تر، لە میانی لێكۆڵینەوەكان و شایەتحاڵەكان و پەڕاوەكانی كەیسەكە و هەزاران بەڵگە لەبارەی تاوانەكەوە، هەموان كۆكبوون كە شاڵاوەكانی ئەنفال دژ بە مەدەنییەكان و گوندەكانیان بوون كە كوژرانی زیاتر لە 182 هەزار هاووڵاتی لە ژن و منداڵ و بەساڵاچووی لێكەوتەوە، تائێستاش هەزاران ئەنفالكراو لە گۆڕە بەكۆمەڵەكاندان و گۆڕەكانیان لە بیابانەكانی باشووری عیراقدان». 

پسپۆڕە نێودەوڵەتییەكان 
بە وتەی سالار مەحمود»پسپۆڕە نێودەوڵەتییەكان شوێنی ئەو گۆڕە بەكۆمەڵانەیان ئاشكراكرد، ئەوان لەو دەمەدا دادگایان وەك شایەتحاڵ هێنایە سەر گۆڕە بەكۆمەڵەكان، تا كۆمەڵكوژی دژ بە مەدەنییەكان لە گۆڕەكانی نوگرە سەلمان بسەلمێت، قسەكانی نزار خەزرەجیش كە بەرگری لە تاوانەكانی حزبی بەعسی گۆڕبەگۆڕ دەكات، جگە لە گاڵتەپێكردن بە قوربانیان و كەسوكاریان چی دی نییە، دەبێت دادوەریی عیراقی و پۆلیسی نێودەوڵەتی (ئینتەرپوڵ) ئەو پیاوە دەستگیربكەن و بیگێڕنەوە بۆ عیراق، تا بەشێوەیەكی دادپەروەرانە دادگای بكرێت و سزای خۆی وەربگرێت، دەبێت كۆمەڵی نێودەوڵەتیش بەپێی رێكەوتننامەی نێودەوڵەتی دژ بە كۆمەڵكوژی ساڵی 1948 كە لەلایەن كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە دەرچوو، بە هاوكاریی حكومەتی عیراق ئەو تاوانبارە ئامادەی بەردەم دادگا بكەن». 

دژ بە مرۆڤایەتی 
لای خۆیەوە مەها سەكبان، ئەندامی مافە مرۆڤایەتییەكانی ژن، رایگەیاند»تاوانی ئەنفال بەبێ‌ رەچاوكردنی ئەوەی كێ‌ كردوویەتی، تاوانی دژ بە مرۆڤایەتییە و زیاتر لە 100 هەزار كەسی بێتاوان تێیدا بوونە قوربانی، بۆیە بە كارەساتێكی خوێناوی دەرهەق بە مرۆڤایەتی دادەنرێت، مێژوو رەحم بە كەس ناكات، تەنانەت گەر تائەمڕۆش حاشای لێبكرێت، لە ئایندەدا دەردەكەوێت و دەسەلمێت كە دەستی كێ‌ بووە». 

بێ‌ پاساو بوو 
حەسەن ئەسەدی، سەرۆكی رێكخراوی مەردوخ بۆ گەشەپێدان دەڵێت»تاوانی ئەنفال، تاوانی كۆمەڵكوژی بوو دژ بە مرۆڤایەتی، ئیتر بە هەر شێوەیەك و بە هەر پاساوێك بێت، بۆیە حكومەتەكان بەرپرسی راستەوخۆن لەو تاوانەدا، كارەساتەكە لە سەردەمی رژێمی لەناوچوودا بوو، ئەنجامدەرانیشی سەرانی حزبی بەعسی گۆڕبەگۆڕ بووون و قوربانییەكانیش هەزاران بێتاوانی پێكهاتەی كورد بوون». 

لێدوانە دژ بەیەكەكان
لێدوانەكانی ئەم دواییەی نزار حەزرەجی دژ بە لێدوانەكانی پێشووی بوون كە دەیوت، ئەنفال تاوانێكی گەورەیە و لێخۆشبوونی نییە، حزبی بەعس و سەدام حسێن بەرپرسی راستەوخۆن، بەڵام لەمڕۆدا قسەیەكی جیاواز دەكات  كە خۆی لەخۆیدا حاشاكردن و هەڵاتنە لەو تاوانە و خۆڵكردنە چاوی خەڵكە،  كە مەبەستی سیاسی یان بەرژەوەندی تایبەتی لە پشتەوەیە».

#ئاوێنەی عیراق

بابەتە پەیوەندیدارەکان