مێسی یاساكانی خولی ئەمریكای گۆڕیوە

01:03 - 2023-09-13
وەرزش
275 جار خوێندراوەتەوە

رەوەز ئیسماعیل

مێسی یەكێكە لەو یاریزانانەی كەمترین هاتن و چوونی لەنێوان یانەكاندا كردووە، ئەو زۆربەی هەرە زۆری ژیانی لە بارسیلۆنا و یانەی بلوگرانا بووە، لەم یانەیە هەموو سەروەرییەكانی ژیانی وەرزشیی خۆی تۆمار كردووە، تەنیا دوو وەرز نەبێت چووە پاریس سانجێرمان و ئەمساڵیش چۆتە یانەی ئینتەر مەیامی ئەمریكا.
ئەم ئەستێریە لەهەرشوێنێك بووبێت ئەوا چاو و زومی كامێراكان و مانشێتی رۆژنامەكان باس باسی ئەو بووە، كاتێكیش پاریس جێدەهێڵێت و خولێكی وەك ئەمریكا هەڵدەبژێرێت و ناگەڕێتەوە بارسیلۆنا و بۆندە خەیاڵییەكەی یانەی هیلالی سعودیش رەتدەكاتەوە، ئەوا ئەمریكاو راگەیاندنەكانی ئەمریكا بە نوسراو و بینراو و بسیتراوەوە چاویان لەسەر ئەم ئەستێرەیە دەبێت، ئەمەش وا دەكات مێسی و خێزان و منداڵەكانی و تەنانەت یانەكەی و خولی ئەمریكا و ئەستێرە ناودارەكانی ئەو وڵاتەش روداو و بەسەرهاتی سەیر و سەمەرەیان بەسەردا بێت و تەنانەت خولی ئەمریكاش رووبەڕووی گۆڕانکاری لە یاساکانیدا دەبێتەوە.
دیارە رووداو و بەسەر هات و  شتی سەیر و سەمەرە زۆرن، بەڵام  وا لێرەدا ئاماژە بە چەند روداو و بەسەرهاتێکی نامۆ دەكەین كە پاش هاتنی مێسی بۆ ئەمریكا و یانەی ئینتەر مەیامی رویانداوە.
ئەستێرەكانی هۆڵیود
لە یاریی یانەكەی بەرامبەر یانەی لۆس ئەنجلس، چەندین ئەستێرەی ناوداری سینەمای جیهانی و هۆلیود بۆ بینینی یارییەكە ئامادە بوون، لە سەروی هەموویانەوە لیۆناردۆ دی كاپریۆ و سیلینا گۆمێز و ویێڵ فێرڵ و ئۆین ویڵسۆن و چەندان ئەستێرەی تر ئامادەی بینینی یارییەكە بوون، ئەم روداوە رەنگە لە پاریس و بارسیلۆناش رویاندابێت، بەڵام بەمشێوەیەی ئەو یارییە و چەند یارییەکی تری ئەو خولە هەرگیز رووینەداوە.
لە مۆڵەكاندا
یەكێكی تر لەو دیاردە سەیرانەی مێسی بەسەریهاتووە ئەوەیە لە و شارەی لێی دەژی لەئەمریكا، هەركاتێك چوبێتە سەنتەرێكی بازرگانی یان مۆڵێكی گەورە، زۆر بە ئازادی و بێ هیچ بێزار كردنێك لە لایەن خەڵكەوە بازاڕیی خۆی كردووە.
بەڵام لە بارسیلۆنا و پاریس و تەنانەت كاتێك دەشگەڕێتەوە بۆ ئەرجەنتین، هیچ كاتێك وەك ئەوەی لە ئەمریكا بە ئازادی بازاڕیی خۆی كردووە، لەو شوێنانە بەو شێوە ئازادە بازاڕیی  نەكردووە، چونكە لە ئەمریكا خەڵك ئەوەندەی پاریس و بارسا و ئەرجەنتین عاشقی تۆپی پێ و ئەستێرەكانی نین.
هەڵەكەی ئەنتۆنێلا
پاش یارییەكەی مەیامی و سینسیناتی لە جامی ئەمریكادا كاتێك بە پەنالتی یارییەكەیان لە سینسیناتی بردەوە، ئەنتۆنێللای هاوسەری مێسی بەڕاكردن چووە ناو یاریگا و چو بۆ جۆردی ئەلبا وای زانی مێسیییە و خەرك بوو ماچیشی بكات، بەڵام دواتر زانی ئەلبایەو مێسی نییە، بۆیە داوای لێبوردنی لە ئەلبا كردو دواتر چوو بۆ لای مێسی، هەرگیز ئەنتۆنێللا نە لەبارسا و نەلە پاریسیش روداوی وای بەسەر نەهاتووە.
هەر لەو كاتەوەی مێسی چۆتە ئەو یانە ئەمریكییە، لە خولی ئەو ڵاتەشدا چەند گۆڕانگارییەكی نوێ كراون، بۆ نموونە پاش تەواو بوونی یاریی 15 دەقیقە هەیە وەك وداە بۆ چاوپێكەوتنی راگەیاندنەكان لەگەڵ یاریزانان، لە یارییەكدا مێسی لەو وادەیەدا ئامادە نەبووە، چونكە یاساكەی نەزانیوە، بەڵام دواتر لێی خۆشبوون و بڕیاریشە ئەم وادەیە زیاد بكرێت.
وەستانی خولی ئەمریکا لە هەفتەی فیفا دا لە ئەمریكا كاری پێناكرێت، لە هەفتەی فیفادا خولی ئەو وڵاتە راناگیرێت، بەڵام لەبەر مێسی بڕیارێك لە ئارادایە ئەمانیش لە هەفتەی فیفادا یارییەكانی خولی ئەمریكا رابگرن.
یاسایەكی تریش لە خولی ئەمریكادا لەبەر مێسی رەنگە گۆڕاناكاریی تیادا بكرێت، ئەویش ئەوەیە یاسای خولی ئەو وڵاتە بەشێوەیەكە نابێت لە سێ یاریزان زیاتر موچەکانیان لەسەروی زۆرترین بڕە موچەوە بێت، بەڵام لەبەر ئەوەی لە مەیامی مێسی و بۆسكێتس و ئەلباش  بەو یاسایە دەچنە سنوری سەرپێچییەوە، ئێستا یەكێتیی تۆپی پێی ئەمركیا خەریكی ئەوەن یاساكە بگۆڕن و رێگە بدەن زۆرترین یاریزان بە مووچەی زۆر تۆمار بكرێن تا خولی ئەمریكا زۆرترین ئەستێرەی وەك مێسی روی تێبكات.

بابەتە پەیوەندیدارەکان