ماسی ناو حەوزی هەڵواسراو خواستێکی زۆری لەسەرە

09:45 - 2023-09-14
ڕاپۆرت
600 جار خوێندراوەتەوە
#ماسییەکی بەخێوکراو لە حەوزی هەڵواسراودا

راپۆرتی/ جێگر خدر

هەموو جۆرەکانی ماسی، بەهۆی خواستی زۆری هاووڵاتیان لەسەری لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان ساغ دەکرێنەوە، بەڵام ماسی نێو حەوزی هەڵواسراو کە رێگەیەکی نوێی بەخێوکردنی ماسییە لەنێو دەریاچەی دوکان بەهۆی جیاوازی تامەکەیی و شێوازە تەندروستەکەی بووەتە ماسی دڵخوازی ئەوانەی بەدوای ماسی خۆش و سەلامەتدا دەگەڕێن.
ئاراس رەسوڵ چەند ساڵێک لەمەوبەر بە چەند کەلوپەلێکی سادە، بیرۆکەی حەوزی ماسی هەڵواسراو لەنێو ئاودا دەکاتە کردار و بەو رێگە جیاوازە ماسی بەرهەم دەهێنێت، بیرۆکەکەی لە وڵاتانی دەرەوە وەرگرتووە، بەڵام سادەتر دەست پێدەکات، دوای وەرگرتنی ئەزموون و ئەنجامی باشی پڕۆژە بچووکەکەی، وردە وردە پەرە بەکارەکەی دەدات و ئێستا ناو و ناوبانگی ماسییەکەی لە ئیدارەی راپەڕین و سەرتاپای هەرێمی کوردستان بڵاوبۆتەوە، پڕۆژەکەی گەورە کردووە و ژمارەی حەوزەکانی زیاتر کردووە، رێکارەکانی بەخێوکردن و پاراستن و بەرگەگرتنی گۆڕانکاری کەش و هەوای باشتر گرتۆتە بەر. ماسییەکان بەبینینی سەرەتایی دەزانرێت جیاوازن لە ماسی دیکە، گەشتر و پاکتر دەردەکەون.
شێوازی بەخێوکردنیان
ئاراس رەسوڵ دەڵێت، ئەوەی بەرهەمەکانی ئەو لە جۆرەکانی دیکە جیا دەکاتەوە شێوازی بەخێوکردنیەتی، رێگەیەکی تەندروست و شێوەیەکی زانستی لە بەخێوکردنی ماسییەکاندا پەیڕەو دەکات خۆراکی تایبەتیان پێدەدات، لەگەڵ ئەو تیمە شارەزایەی هاوکاری دەکەن لە سەرکەوتنی پڕۆژەکەدا.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ماسی نێو حەوزی هەڵواسراو، بە پێچەوانەی حەوزی دیکە کە خۆراکی هەمەجۆر و قوڕ دەخۆن، تەنها ئەو خۆراکانە دەخۆن کە تیمەکەی رۆژانە پێیان دەدەن، شێوازی هەڵواسینەکەش گرنگی لەوەدایە ماسییەکان ناگەنە قوڕ و هیچ خۆراکێکی دیکە ناخۆن، ئەمەش وادەکات ئەو ماسییانە تەنها تامی سروشتی خۆی بدات، لایەنی نەرێنی ماسی دیکە ئەوەیە زۆرینەی تامی قوڕی لێدێت و لەکاتی خواردن بەباشی هەستی پێدەکرێت.
هەر چوار وەرزی ساڵ ماسی بەرهەم دەهێنرێت
ئەو ماسییەی ئاراس بەرهەمی دەهێنێت لە جۆری کارب-ە و ئەو جۆرەیە زۆرترین رێژەی بەکارهێنانی هەیە لە پڕۆژەکانی دیکەی بەخێوکردنی ماسی، لە هەر چوار وەرزەکەی ساڵ بەرهەمیان هەیە، نرخی بە بەراورد بە کاربی حەوزی دیکە گرانترە، بەڵام وەک خۆی دەڵێت، تێچووی بەخێوکردنی ماسی لەو حەوزانەدا زیاترە و دوو هێندەی حەوزی قوڕ کاتی دەوێت تا دەگاتە قۆناغی فرۆشتنی، دەشڵێت، خواستێکی زۆری لەسەرە.
محەمەد ئەرسەلان ماسی فرۆشە لە رانیە باس لەوە دەکات، کڕیارانی نێوخۆ و دەرەوەی ئیدارەی راپەڕین بە تایبەت داوای ماسی حەوزی هەڵواسراو دەکەن، ماسی بەهۆی سوودە زۆرەکەی وایکردووە، خەڵک گوێ بەو بڕە پارەیە نەدەن کە ماسییەکی خۆش و باشیان دەست بکەوێت لە بەرامبەریدا.
حکومەت هاوکار بێت
ئەو ماسی فرۆشە وتیشی،  بە گشتی خواردنی ماسی رووی لە زیادبوونە، بەتایبەت لەو چەند ساڵەی دواییدا، لەو ناوچەیەش سەدان حەوزی ماسی هەن لەپاڵ ماسی نێو دەریاچەکان، بوونی ماسی لە جۆری حەوزی هەڵواسراویش یەکێکە لەو شێوازە سەرکەوتوانەی خواستێکی زۆری لەسەرە. داواش دەکات حکومەت هاوکار بێت بۆ پەرەپێدانی زیاتر و بەرهەمهێنانی ماسی زیاتر، چونکە بە وتەی ئەو رۆژبەڕۆژ گۆشتی ماسی خواستی لەسەر زیاد دەبێت.
ئیدارەی راپەڕینیش بەهۆی هەڵکەوتە جوگرافییەکەی و بوونی زێی بچووک و پڕۆژەیەکی زۆری بەخێوکردنی ماسی و هەڵکەوتە گەشتیارییەکەی، میوان و گەشتیارێکی زۆر رووی تێدەکەن و بەهۆی ناوبانگەکەی ماسییەکی زۆر بە کاڵی و بەبرژاوی و مەزگوفی تایبەت دەفرۆشرێت.
کارب و سەلەموون خواستی زۆریان لەسەرە
لە هەرێمی کوردستان، ماسی کارب و سەلەموون بە تایبەتی کارب خواستی زۆری لەسەرە، ئەو دوو جۆرە، بەڕێگەی جیاواز بەرهەم دەهێندرێن، هەروەها رێژەیەکی زۆریشی بۆ هاوردە دەکرێت، جیا لەوەش بە بەستوویی و بە قووتوو نراوی رێژەیەکی زۆری لێ ساغ دەکرێتەوە، ئەو فرۆشیارەی ماسی دەڵێت، حکومەت هاوکار و پاڵپشت بێت، لە جیاتی ئەوەی ماسیمان بۆ بێت، ماسی رەوانەی دەرەوەش دەکەین، ماسی ئێرە تام و چێژێکی تایبەتی هەیە و بەتایبەت ماسی نێو حەوزی هەڵواسراو پاک و باش و خۆشە، ئەو بەرهەمە دەکرێت ببێتە سەرچاوەیەکی باشی داهات بۆ دانیشتوان.

#راپۆرت

بابەتە پەیوەندیدارەکان