عادڵ قادری
ئه‌گه‌ر شیعر به ره‌سه‌نترین شێوه‌ی بوونی مرۆڤ وێنا بكه‌ین، بێگومان به‌زایه‌ڵه و ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كی كه‌ونینه و منداڵئاسایانه هاوار ده‌كات و ده‌چریكێنێت، واته ده‌ركه‌وتنی شێوه‌یه‌كی دژه‌باو و دانسقه‌ی هه‌یه، شیعر له‌م حاڵه‌ته‌دا یاخیبوون و راسانێكه له هه‌مبه‌ر هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی ئینسانبوون و ره‌سه‌نایه‌تی ئینسان ده‌خاته مه‌ترسیی كاڵكردنه‌وه‌وه. كه‌ونینه‌بوون و به واتایه‌ك به‌ده‌ویبوون لێره‌دا ده‌لاله‌ت له رووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ به‌ناو ده‌سكه‌وته دێز و نه‌گریسه‌كانی مۆدێرنیته‌ی رۆژئاوایی و مامه‌ڵه و سه‌وادگه‌رێتییه ره‌شه‌كانێتی! مۆدێرنیته‌یه‌ك نه به تۆپزی توانی هێوری و ئارامی له رۆژهه‌ڵاتی زه‌وی مسۆگه‌ر بكات و نه ئاسایشێكی رێژه‌یی و دیاریكراوی به‌شێوه‌یه‌كی یه‌كسان و عادیلانه خسته خزمه‌تی مرۆڤی ئه‌م گۆشه‌یه‌ی گۆی زه‌وییه‌وه، لێره‌دا به‌ده‌ویبوون و منداڵانه روانین بۆ دنیا، لێدان له ده‌ركه‌وته مۆدێرنه‌كان و لێشاوی سوپا و فه‌رمانبه‌ر و سیاسییه‌كان و جه‌نگاوه‌رانی، هه‌مان به‌رخۆدان و یاخیبوونێكه بیرمه‌ندانێكی وه‌ك فۆكۆ و كامۆ پێشه‌نگی و نوێنه‌رایه‌تییان ده‌كرد، زێده‌ڕۆیی نییه ئه‌گه‌ر بڵێین ئه‌ده‌بی كوردی و به‌پله‌ی یه‌كه‌م شیعری كوردی له سه‌د ساڵی رابردوودا به‌شێوه‌ی وشیارانه یان ناوشیارانه، زایه‌ڵه و هاوارێكی گه‌وره دژی ئه‌م دۆخه سه‌پێنراو و لایه‌نه ره‌شه‌ی مۆدێرنیته‌ی زۆره‌ملێ و ئامێرته‌وه‌ربوون، ئه‌م ره‌وته نامێژوویی و ناسروشتییه، به‌ده‌ر له‌و دابڕان و قه‌ڵشته گه‌وره‌یه‌ی له نێوان دانیشتووانی رۆژهه‌ڵاتی ناوین دروستیكرد، پڕۆسه و ره‌وتی گه‌شه‌ی پێكهاتمه‌ندانه و گۆڕانه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی به‌شێوه‌ی سروشتی و بنه‌مایی، په‌كخست و موسته‌شار و نوێنه‌ره ناڕه‌سه‌نه‌كانی خۆی به سه‌ریاندا زاڵ و جێگیر كرد و بانگه‌شه‌كانی خۆی له چوارچێوه‌ی گوتار و دیسكۆرسی جۆراوجۆر، بازاڕی مه‌سره‌ف و خه‌ریته‌ی سیاسیی و كه‌لتوری جۆراوجۆر خسته هه‌ناوی كۆمه‌ڵگاوه، ئه‌وه‌ی له‌م دۆخه پڕ تراژیك و ره‌شه‌دا وه‌ك ئه‌ركی شاعیران و ئه‌دیبانی كورد ده‌ركه‌وتووه، هاوار دژی ئه‌م ناعه‌داله‌تییه بووه جا ئه‌م ناعه‌داله‌تییه چ به‌هۆی زاڵبوونی ئامێره مۆدێرنه‌كانه‌وه بووبێت یان پێكهاتی كه‌لتوری جیهانی نامۆدێڕنی رۆژهه‌ڵات. به‌ده‌ربڕینێكی دیكه ئه‌م هاواره دژی ئه‌و رۆحه پووكاو و ده‌عه‌جانی و لار و له‌وێره‌ی رۆژهه‌ڵاتیشن فۆرم و رۆحی مۆدێرنێته‌كه‌ی له‌ناو كایه‌ی پاش كۆلۆنیالیزمدا بیچمی گرتووه و له‌دایك بووه. ئه‌گه‌رچی ئه‌مه تاقانه تێڕوانین و دیدگا نییه بۆ مۆدێرنێته و به‌دواداهات و چییه‌تی به‌دیاركه‌وتنی له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا به‌ڵام جه‌نگ و خوێن و ناعه‌داله‌تی و گه‌نده‌ڵی و نه‌وت و...ده‌رهاوێشته‌ی بوونی هه‌مان ئه‌و ئامێرانه‌ن وه‌ك پشتیوانی ئه‌م خواسته ناته‌ندروسته هاتوون و مۆدێرنێته و مۆدێڕنیزاسیۆنی رۆژئاوا به‌رهه‌می هێناون به‌ڵام له‌م گۆشه‌یه‌ی گۆی زه‌وی به روانین و خواستێكی چڵێسانه و خۆپه‌رستانه! فاشیزمی به‌رهه‌م هێناوه! له گۆشه‌یه‌كی زه‌ویدا هه‌موو شتێك له ژێر ده‌ستی كه‌مینه‌یه‌كی دیاریكراو كه خۆیان وه‌ك ئیلیت و پیتۆڵی كۆمه‌ڵگا و مێژووه خوێناوییه‌كه‌ی وڵات ناوزه‌د ده‌كه‌ن و هه‌موو ده‌سكه‌وت و ده‌رهاویشته‌كان و نه‌وت و خوێن و پیرۆزی به‌هی خۆیان ده‌زانن! ئه‌گه‌رچی هه‌ر چه‌ند زیاتر له نه‌زمی نوێ و هه‌یمه‌نه و زاڵێتی میدیدا گشتییه‌كان تێده‌گه‌ین، به‌م راستییه ده‌گه‌ین زمان و نووسین و ئه‌كتی ئاوه‌زمه‌ندانه و بیرمه‌ندانه‌ی زمان، كه‌وتۆته داوی لایه‌نێكی دیكه‌ی مۆدێرنێته‌ی ئامرازیانه و ته‌كنه‌لۆژیی پاش مۆدێرنه‌وه، به تایبه‌تی له جیهانی رۆژهه‌ڵات و به‌تایبه‌تیتر له رۆژهه‌ڵاتی ناوین زمان و وشه‌كان كه‌وتوونه‌ته داوی دۆخێكی بۆش و به‌تاڵ و ئابزۆرده‌وه(Absurd)، بۆیه له ئه‌كتی ناڕازییانه و چۆنایه‌تی و كوالێتی ئاوه‌زمه‌ندانه و ره‌هه‌ندی بوونناسانه و خه‌رمانه‌ی پیرۆزی خۆی ورده ورده داماڵرا هه‌ر بۆیه ئه‌مه زیاتر له‌هه‌ر كه‌سێك ئه‌ركی شاعیران بوو حورمه‌تی ناكۆتابوون بگه‌ڕێننه‌وه بۆ جیهانی وشه و زمان و یانه‌ی بوون، ئه‌وه‌ش له رێگه‌ی ناڕه‌زایه‌تی و دژایه‌تی له‌هه‌مبه‌ر دۆخی ئاماده و سه‌پێنراو، هه‌روه‌ها به دژ وه‌ستان و ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕین له هه‌مبه‌ر ناعه‌داله‌تیییه‌ك فاشیزمی رۆژهه‌ڵاتی به‌یارمه‌تی عه‌قڵانییه‌تی ماتریالیستی و ئامرازیانه‌ی رۆژئاوا خه‌ریكی پراكتیزه‌كردنێتی، مه‌كینه‌ی فاشیزمی رۆژهه‌ڵاتی به سووتماكی به‌رهه‌مهێنراوی رۆژئاوایی خوێن ده‌ڕێژێت و برینه‌كانی نه‌ته‌وه‌كانی رۆژهه‌ڵات به‌سوێ و به‌ئازارتر ده‌كاته‌وه، بیره‌وه‌ریی ئینسانبوونی كه‌ونینه‌یان ده‌سڕێته‌وه، رقوقین له‌جێگه‌ی خۆشه‌ویستی و هاوڕێیه‌تی و پێكه‌وه‌ژیان داده‌نێت و له‌بیركردن، ره‌سه‌نایه‌تیی راسته‌قینه‌ی مرۆڤ ده‌كاته ئامانج، شاعیران و ئه‌دیبه كورده‌كان به‌هۆی دۆخی ئه‌نتۆلۆژیك و بوونناسانه و هه‌روه‌ها هه‌لومه‌رجی جیۆپۆله‌تیكی شه‌ڕی نیشتمان، له‌به‌ره‌ی پێشه‌وه‌ی رووبه‌ڕووبوونه‌وه و ده‌سته‌ویه‌خه‌بوون له‌گه‌ڵ ئه‌م لایه‌نه‌ی مۆدێرنیزم و ئه‌و شێوه‌ڕوانینه ئامرازیانه‌یه‌ن. ئه‌گه‌ر و هه‌لی چالاكبوون و ده‌سه‌ڵاتگرتنی فاشیزمیان له‌خۆیاندا هه‌ڵگرتبوو، ئه‌ده‌بی كوردی له‌یه‌ك سه‌ده‌ی رابردوودا ده‌نگی بڵند و دلێری ناڕه‌زایه‌تی دژی فاشیزمی رۆژهه‌ڵاتی و كۆلۆنیالیزمی رۆژئاوایی بووه، كوردستان تاقیگه‌ی پراكتیزه‌كردنی ئه‌م دوو تێڕوانینه دژه‌مرۆیی و دژه شارستانییه بووه و له هه‌مانكاتیشدا مه‌ته‌رێز و سه‌نگه‌ری به‌رخۆدان و خۆڕاگری دژ به‌فاشیزمی رۆژهه‌ڵاتی له سه‌ره‌وه‌یان توركیای ئه‌ردۆغانی و دیكتاتۆرییه‌تی سه‌دام حوسێنه، هه‌ر دووك جێبه‌جێكاری تاقیكردنه‌وه‌ی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی ئامرازه‌كانی مۆدێرنێته‌ی رۆژئاوایی له كوردستاندابوون. ئه‌ده‌بێك كه "ده‌ربه‌ندی په‌پووله" و "گۆڕستانی چراكان"ی شێركۆ بێكه‌س له رووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ گه‌وره‌ترین جینۆساید و پاكتاوكردنی نیوه‌ی دووه‌می سه‌ده‌ی بیسته‌م واته ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه به‌رهه‌م ده‌هێنێت، ئه‌ده‌بێك له رووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ رۆحی داگیركراو و به‌كلۆنیالكراوی نیشتمان"شاری مۆسیقاره سپییه‌كان" و " عه‌زه‌لنووس و باخه‌كانی خه‌یاڵ"ی به‌ختیار عه‌لی به‌رهه‌م هێنا، پێویستی به باسكردن و سه‌لماندنی رۆحییه‌تی ئازادیخوازانه و ناڕه‌زایه‌تییانه‌ی نییه.
ئه‌م كۆمه‌ڵه شیعره‌ی به‌رده‌ست له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م چوارچێوه مانایی و ناوه‌ڕۆكه گشتییه‌ی ئه‌ده‌ب نییه، مانا و ناوه‌ڕۆكێك له‌جیهانی راسته‌قینه و رۆژانه‌وه هه‌ڵخێزراون و سه‌رچاوه‌یان گرتووه، ئازار و ئێشوگرێ و په‌ژاره‌ی سه‌ركوتكراوی مێژوویی نه‌ته‌وه‌كه‌ی ده‌گێڕێته‌وه كه ره‌خنه‌ی توند و ئاگراوی دژی سیاسییانێك نه‌یانتوانیوه ئێش و زامه‌كانی نه‌ته‌وه ساڕ‌ێژ بكه‌ن، كاكڵه سه‌ره‌كییه‌كه‌یه‌تی! شیعری یوسف مه‌نتك لێوانلێوه له ئاماژه‌ی مێژوویی به به‌یت و ئه‌فسانه عاشقانه و حه‌ماسه كوردییه‌كان، كه‌سایه‌تییه نه‌ته‌وه‌ییه كورده‌كان و ده‌ركه‌وته‌كانی زوڵم و نادادی و سته‌م، له هه‌مانكاتدا به‌خوو و خواستێكی ره‌خنه‌گرانه و ناڕازیانه‌وه دێته‌گۆ، به‌رگریكار و ستایشكاری جیهانێكی ئارام و هێمن و سیخناخ له خۆشه‌ویستی و نه‌رمونیانییه، كوردبوون له نێوان ئازار و ناڕه‌زایه‌تی و خۆشه‌ویستی و میهره‌بانی له سنووره‌كانی كوردستان تا ئه‌ڵمانیا جاڕ ده‌دات و ده‌یچریكێنێت. هه‌ر بۆیه ئه‌م شه‌پۆله له پرسیار و گومان و ناڕه‌زایه‌تی و مافخوازی له رووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌و ره‌وته ئایدۆلۆژیكانه‌ی راسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌خۆ كۆیله و فه‌رمانبه‌ری كۆلۆنیالیزمی رۆژئاوا یان فاشیزمی رۆژهه‌ڵاتن و خوێندنه‌وه و هه‌ڵگۆزینی پێچه‌وانه و به‌رژه‌وه‌ندیخوازانه‌ی ئه‌وان له چه‌مكه پیرۆزه‌كان به‌م شێوه‌یه دێنێته گۆ:
((تۆ له كوێی ئه‌ی خودا؟
سه‌دان ساڵه
كورد هاوارت بۆ ده‌كا
ده‌نگی نابیستی؟
زینده‌به‌چاڵ ده‌كرێ
ئه‌نفال ده‌كرێ
ته‌عریب و ته‌هجیر ده‌كرێ
منداڵ و ژنانی
به كه‌نیزه‌ك ده‌برێ
تۆ له كوێی ئه‌ی خودا؟ ...))
ئه‌م خودایه‌ی شاعیر باسی ده‌كات ده‌شێت وه‌ك خودایه‌كی سیاسی گریمانه‌ی بكه‌ین گوتار و وێژمانه هه‌یمه‌نه‌خواز و پاوانخوازه‌كان له‌سۆنگه‌ی خواستی دژه مرۆڤانه‌یان و تونداژۆخوازییان له خوێن تێراو و پاراوی ده‌كه‌ن.
تێڕوانینی ره‌خنه‌گرانه‌ی شاعیر رادیكاڵ و بێڕه‌حمانه‌یه و له‌ده‌ربڕینیدا هیچ هاوزمان و هاوخوێنێك نابوێرێت، چونكه ئازادی شتێك نییه بۆ هه‌ر پاساوێك قوربانی بكرێت و له‌به‌رگریكردن لێی شلوشۆڵ ده‌ركه‌وین یان پاشگه‌ز ببینه‌وه، چون مرۆڤایه‌تی ئامێر و شمه‌ك نییه تاكو سه‌ودا و معامه‌له‌ی پێبكه‌ین و له شوێنێك به‌رگری لێبكه‌ین و له شوێنێكی دیكه پشتی تێكه‌ین یان كه‌متر به‌رگری لێكه‌ین و هه‌ر بۆ ئه‌مه‌شه له شیعری "دیوه‌ی دووه‌می مرۆڤ"دا ده‌ڵێت:
((ئاگری بن كا
رووباری مه‌ند
كه‌م دوو و بێده‌نگ
درۆزن
ترسناكن
به‌ڵام سیاسییه بازرگانه‌كان
دیوێكی دیكه‌ی هه‌موو ئه‌وانه‌ن ))
سیاسه‌تی نه‌وت و سیاسه‌تی سه‌رمایه‌دارانه‌بوو به‌نه‌زمێكی نوێ تاكو مرۆڤ و مرۆڤایه‌تی و رۆحی به‌رزه‌جێ و ترانسێندێنتاڵی سه‌ركوت بكرێت، یه‌خسیر بكرێت و بخه‌سێنرێت، به‌ڵام ئه‌مه هه‌موو رووداوه‌كه نییه، له رۆژئاوا و مۆدێرنێته‌كه‌ی، له‌باوه‌ش و هه‌ناوی كۆلۆنیالیزمیشدا"كلۆدیا رۆت"ه‌كانیش هه‌ن كه ئامێزیان بۆ مرۆڤانی بێ نیشتمان و په‌نابه‌رانی دنیا به‌میهر و خۆشه‌ویستییه‌وه كراوه‌یه و جێگه‌ی بڕوا و متمانه‌ی دووباره‌ن بۆ ئه‌م په‌نابه‌ر و بێ نیشتمانانه:
((پیترای شاژنی ته‌دمر
ئازابوو
كه رۆم به‌دیلیان گرت
چه‌نده ئازابوو
هێنده‌ش به‌هێزبوو
تا زه‌لیل نه‌بێ له‌ده‌ستی دوژمن
كۆتایی به ژیانی هێنا))
ئه‌م ئازاره‌ی "ئێوارانی راین" به هه‌بوونی كلۆدیا رۆت ئه‌خژنی بۆ دێت و ئۆقره ده‌گرێت:
((ئێوارانی راین
ئێواره‌ی په‌نابه‌رانه
پیاوه‌كان، عه‌ره‌بانه‌ی منداڵ پاڵ ده‌نێین
ژنه‌كان سه‌ریان له‌ناو مۆبایله‌كانیانه
بۆ شتێكی بزربوو ده‌گه‌ڕێن
راینیش ئارام
جارناجارێك نه‌بێت
كه‌شتییه‌ك خۆی راده‌وه‌شێنێ))
دیسان ئه‌مه هه‌موو رووداوه‌كه نییه، شاعیر له ئاوه‌ها جیهانێكی ته‌نگ و تاریك و سامناكدا خۆشه‌ویستی له‌بیرناكات، "شێته‌كانی هه‌ولێر" و فۆرمی تایبه‌تی ده‌ربڕین، شیعرییه‌ت و پته‌وبوونی پێكهاتی شیعره‌كه‌ی چه‌ند قات كردۆته‌وه:
((مه‌مه‌نده شێت:
بێده‌نگی
كۆنی جل و عه‌ره‌بانه كۆنه‌كه‌ی
كۆن
به قه‌ده‌ر
قه‌ڵای هه‌ولێر
لیكاوه‌كه‌ی
درێژ
به قه‌ده‌ر
دیجله و فورات))
ئه‌و له‌هه‌مانكاتدا ناڕه‌زایه‌تی و تووڕه‌یی و بێ ئۆقره‌بوون ده‌رده‌بڕێت و بۆ خۆشه‌ویستی ده‌هۆنێته‌وه، بۆ عه‌شق هاوار ده‌كات، هاوكات له نادادپه‌ره‌وه‌ری و بێ عه‌داله‌تی ده‌دات و ژێی میهر و خۆشه‌ویستی و ئه‌وین ده‌ژه‌نێت:
((له ڤاڵه‌نتایندا
شه‌پۆڵی ماچ و گوڵباران
رێگه‌ی دابران، دواتر
-----------
له گوند
هه‌موو ڕێیه‌ك ده‌چێته‌وه
سه‌ر كانی
----------
قوڕگی حه‌یرانێك و
لار‌و له‌نجه‌ی كیژانی
رێی كانی
ئاوازێكی دزراون
له دڵی كوڕانی گوند.
-----------))
لێكدانه‌وه و هه‌ڵسه‌نگاندنی هه‌موو ورده‌كارییه‌كانی ئه‌م ئه‌زموونه شیعرییه له وتارێكی كورتی ئاوه‌هادا له‌مه زیاتر هه‌ڵناگرێت و مه‌به‌ستی منیش لێره‌دا شیكاریی لا‌یه‌نه‌كانی فۆرم و ناوه‌ڕۆك و ده‌ربڕین نه‌بووه، ئه‌گه‌رچی له زۆربه‌ی شیعره‌كاندا كه‌ڵكه‌ڵه‌ی فۆرم ئاماده و زه‌ق نییه زمان و ده‌ربڕین تووشی ئاڵۆزكاویی بكات و له‌كایه زمانی و فۆرمییه‌كاندا ده‌ركه‌وێت به‌ڵام ده‌ربڕینی ساده و ساكار و فۆرمی نێزیكی له‌شێوه ئاخافتنی سه‌رشه‌قام و زاره‌كی و ژیانی رۆژانه‌ی خه‌ڵك، تاونوپۆی پێكهات و جومگه‌كانی ئه‌م شیعرانه‌ی ته‌نیوه، جگه له‌چه‌ند شیعر له‌وانه"شێته‌كانی هه‌ولێر"ده‌ربڕینی شیعری و فۆرمی ده‌ربڕین به‌شێوه‌ی هێڵیانه و باو و راسته‌وخۆیه و شوێنپێی لۆژیكی ده‌ربڕینی ساده‌وساكار و زۆرجار كورتبێژانه ده‌گرێت، له رووی ناوه‌ڕۆكیشه ئه‌م شیعرانه ده‌رخه‌ر و ده‌ربڕی كوردبوون له‌سه‌ر سنووره‌كانی جیهان و زه‌میندان له دنیای بێ سنووری هه‌نووكه و له نیشتمانی خوێنئاڵینی خۆیه‌وه تاكو نیشتمانی په‌نابه‌ران و غوربه‌ت و ئاوه‌ره‌یی هاوار ده‌كات و ده‌هۆنێته‌وه!.
یوسف مەنتک