مه‌هدی غبرایی (1945) یه‌كێكه له وه‌رگێڕه به تواناكانی ئێران، چل ساڵ زیاتره له زمانی ئینگلیزییه‌وه ته‌رجه‌مه ده‌كات، یه‌كێك له‌و بوارانه‌ی ئیشی تێدا كردووه ئه‌ده‌بی ئه‌فریقایه و جگه له‌و رۆمانانه‌ی پێشان ته‌رجه‌مه‌ی كردوون ئێستا له به‌رنامه‌یدایه (10) رۆمانی تری ئه‌ده‌بی ئه‌فریقا ته‌رجه‌مه بكات. لێره‌دا دیدارێك ده‌خوێنینه‌وه سه‌باره‌ت به ئه‌ده‌بی ئه‌فریقا.
(مه‌هدی غبرایی) به راگه‌یاندنی هه‌واڵی بڵاوبوونه‌وه‌ی رۆمانی چاوه‌ڕوانی (Waiting) ی گۆریتی كیۆموهیندۆ
(Gorette Kyomuhendo نووسه‌ری ئه‌فریقایی وتی: "كاتێك ده‌ستم به وه‌رگێڕانی ئه‌ده‌بی ئه‌فریقا كرد، پاش كه‌مێك گه‌ڕان رووبه‌ڕووی ده‌ریایه‌كی كه‌نار نادیار بوومه‌وه، بڕیارم دا هه‌تا له توانامدایه ته‌رجه‌مه‌یان بكه‌م بۆ فارسی."
*جه‌نابی غبرایی كه‌مێك له‌باره‌ی رۆمانی (چاوه‌ڕوانی)یه‌وه روونكردنه‌وه‌مان بده‌رێ كه تازه بڵاوكراوه‌ته‌وه، هۆكار چی بوو بڕیارت دا دووباره سۆراغی ئه‌ده‌بی ئه‌فریقا بكه‌یت؟
-ئه‌م رۆمانه له‌ناو كۆمه‌ڵه‌یه‌كدا به‌ناوی "ئه‌فریقای ره‌ش"ه‌وه بڵاوكراوه‌ته‌وه حه‌وته‌مین كتێبی ئه‌و كۆمه‌ڵه‌یه‌یه كه هه‌ڵبه‌ته بڕیار بوو وه‌كو ده‌ستپێك 25 به‌رهه‌م له‌خۆبگرێت. من له‌گه‌ڵ چه‌ندان ناشردا قسه‌م كرد بۆ ئه‌وه‌ی رۆمان و نۆڤڵێته‌كانی ئه‌ده‌بی ئه‌فریقا له كۆمه‌ڵه‌یه‌كدا به‌سه‌رپه‌رشتی من و هاوكاری چه‌ندان وه‌رگێڕ ته‌رجه‌مه بكه‌ین بۆ فارسی و بڵاوی بكه‌ینه‌وه، به‌ڵام پێك نه‌هاتین. چونكه ناشره‌كان ده‌یانه‌ویست من خۆم هه‌موو كتێبه‌كان ته‌رجه‌مه بكه‌م كه ته‌رجه‌مه‌كردنی ئه‌و هه‌موو به‌رهه‌مه له توانای مندا نه‌بوو، بۆیه نه‌خشه‌كه سه‌ری نه‌گرت. ئه‌وه‌بوو من ژماره‌ی كتێبه‌كانم كرد به (10) كتێب بۆ ئه‌وه‌ی خۆم بتوانم ته‌رجه‌مه‌یان بكه‌م بۆ فارسی، به‌ڵام دوای كه‌مێك گه‌ڕان رووبه‌ڕووی ده‌ریایه‌كی كه‌نار نادیار بوومه‌وه. له ئه‌نجامدا بڕیارم دا ده‌ست به وه‌رگێڕانی ئه‌م به‌هه‌مه ئه‌ده‌بییه به‌هادارانه بكه‌م و هه‌تا ئه‌و شوێنه‌ی له توانامدایه ئه‌م كتێبانه بخه‌مه به‌ر دیده‌ی خوێنه‌رانی فارسی زمان.
*گۆریتی كیۆموهیندۆ، نووسه‌ری ئه‌م رۆمانه به‌لای زۆربه‌ی خوێنه‌رانی فارسی زمانه‌وه ناوێكی ئاشنا نییه، چی بووه هۆكار كه چوویت به‌لای وه‌رگێڕانی رۆمانی "چاوه‌ڕوانی" ئه‌م نووسه‌ره‌وه؟
-چاوه‌ڕوانی رۆمانێكی كورته، نزیكه‌ی 135 لاپه‌ڕه‌یه، نووسه‌ره‌كه‌ی گۆریتی كیۆموهیندۆ خه‌ڵكی ئۆگه‌ندایه. ئۆگه‌ندا له زه‌مانی عیدی ئه‌مین-دا یه‌كێكه له دیكتاتۆره‌كانی ئه‌فریقا- له‌ژێر چاودێری قه‌زافیدا بوو-رووبه‌ڕووی نائارامی و گۆڕانكاری زۆر بۆته‌وه.
رووداوه‌كانی رۆمانه‌كه تایبه‌ته به‌و زه‌مه‌نه‌ی هێزه نیشتمانییه‌كان به پشتیوانی یه‌كێك له وڵاتانی دراوسێ هێرشیان كردۆته سه‌ر ئۆگه‌ندا و هێزه‌كانی عیدی ئه‌مین له پاشه‌كشه‌دا بوون. چیرۆكی رۆمانه‌كه له گوندێكدا ده‌گوزه‌رێت له‌سه‌ر رێگه‌ی ئه‌و هێزه‌یه كه له پاشه‌كشه‌دایە، نه‌هامه‌تی شه‌ڕه‌كان له رۆمانه‌كه‌دا له زمانی كچێكی دوانزه سیانزه ساڵانه‌وه ده‌گێڕدرێنه‌وه كه له سه‌ره‌تای باڵغبووندایه. كاتێك ئه‌م كتێبه‌م خوێنده‌وه زۆر ناسك و جوان هاته به‌رچاوم، هه‌روه‌كو له پێشه‌كی و له‌سه‌ر به‌رگی كتێبه‌كه باسم كردووه به خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م رۆمانه فیلمه‌كانی عه‌باسی كیاڕۆسته‌میم هاته‌وه یاد به‌تایبه‌تی فیلمی "له ژێر دار زه‌یتوونه‌كاندا". ... دیاره وه‌رگێڕانه‌كانی من له ئه‌ده‌بی ئه‌فریقادا هه‌ر ئه‌م چه‌ند كتێبه نییه. ساڵانێك پێشتریش چه‌ند به‌رهه‌مێكی ئه‌ده‌بی ئه‌فریقام وه‌رگێڕاوه كه ئه‌وانه زیاتر هی وڵاته ئه‌فریقییه عه‌ره‌بی زمانه‌كان بوون وه‌كو رۆمانی "وه‌رزی كۆچ به‌ره‌و باكوور"، "له وڵاتی پیاواندا".
*سه‌باره‌ت به رۆمانی كورتی چاوه‌ڕوانی وتت كچێكی نه‌وجه‌وان رۆمانه‌كه ده‌گێڕێته‌وه. تێڕوانینی كچێكی دوانزه سیانزه ساڵان بۆ وڵاتێكی قوربانی شه‌ڕ و ئه‌نجامه‌كانی شه‌ڕ چۆنچۆنییه؟
-گۆشه‌نیگای كچێكی مناڵ له‌و ته‌مه‌نه‌دا و تێڕوانینی بۆ خێزانه‌كه‌ی له‌م رۆمانه‌دا بێگومان شتێكی جیاوازه، به‌ڵام گێڕه‌ره‌وه‌ی هه‌مووشتزانی سنووردار، به‌سه‌ر بابه‌ته‌كه‌دا زاڵه و رووداوه‌كانی ئه‌و وڵاته به‌شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ ده‌گێڕێته‌وه. ئه‌گه‌رچی شه‌ڕ و هێرشی سه‌ربازان له ناخی رۆمانه‌كه‌دا رووده‌دات، ته‌نانه‌ت هه‌ندێك كه‌سیش ده‌كوژرێن و برینداریش هه‌یه، به‌ڵام هه‌موو ئه‌مانه له په‌راوێزی رۆمانه‌كه‌دان. سه‌ربازه سه‌ركه‌وتووه‌كان ماوه‌یه‌ك له به‌شێكی ئه‌م گونده‌دا جێگیر ده‌بن و خه‌ڵكه‌كه خزمه‌تیان ده‌كه‌ن. له‌لایه‌كیشه‌وه لێیان بێزارن، چونكه سه‌رچاوه‌ی خواردنیان روو له ته‌واوبوونه. هه‌موو ئه‌مانه له گۆشه‌نیگای گێڕه‌ره‌وه‌ی هه‌مووشتزانی سنوورداره‌وه ده‌گێڕدرێته‌وه.
نووسه‌ری ئه‌م رۆمانه كه له دایكبووی (1962)ه، له‌و ژنانه‌یه له ئۆگه‌ندا وه‌كو چالاكی بواری ژنان ئیشی كردووه و به یه‌كێك له بنیاتنه‌رانی بزووتنه‌وه‌ی ژنان له قه‌ڵه‌م ده‌درێت. چه‌ندین ساڵ له له‌نده‌ن ژیاوه، چه‌مكه‌كانی په‌یوه‌ست به مه‌سه‌له‌ی ژنانی به‌گشتی و به شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ له رۆمانه‌كه‌یدا باسكردووه، گێڕه‌ره‌وه‌ی سته‌مه له مرۆڤ به چاوپۆشی له‌وه‌ی ره‌گه‌زه‌كه‌ی چییه.
له‌م رۆمانه‌دا زیاتر پشتی به‌خێزان به‌ستووه. به‌بێ ئه‌وه‌ی راسته‌وخۆ باسی شه‌ڕ و شۆڕ بكات، زیاتر باسی ئه‌نجامه‌كانی شه‌ڕ و ماڵوێرانییه‌كانی دوای شه‌ڕ ده‌كات له گوندێكدا كه به‌ڕێكه‌وت كه‌وتۆته سه‌ر رێگه‌ی هێزه شه‌ڕكه‌ره‌كان. له كۆتایی رۆمانه‌كه‌شدا تروسكه‌ی هیوایه‌ك هه‌یه و به‌و شێوه‌یه نییه كه خوێنه‌ر دوای خوێندنه‌وه‌ی، تاڵیی شه‌ڕ له یادیدا بمێنێته‌وه. به‌ڕای من ئه‌وه جوانی و ناسكی چیرۆك و رۆمانه كه سه‌رنجی خوێنه‌ر راده‌كێشێت.
* ده‌توانین خاسیه‌تی هاوبه‌شی ئه‌م كۆمه‌ڵه رۆمانه دیاری بكه‌ین؟ ئایا هه‌موو رۆمانه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی (ئه‌فریقای ره‌ش) هه‌ر باسی شه‌ڕ ده‌كه‌ن؟
-سه‌ره‌تا زیاتر به‌دوای رۆمانه‌كانی ریالیزمی جادووییدا وێڵ بووم، بۆیه چووم به‌لای ئه‌و دوو نووسه‌ره‌وه كه له‌سه‌ر ئاستی جیهان كۆمه‌ڵێك خه‌ڵاتیان وه‌رگرتووه. رۆمانی (زه‌وییه‌ك به‌ده‌م خه‌وه ده‌ڕوات-Sleepwalking land)ی میا كۆتۆ-ی مۆزه‌مبیقیم وه‌رگێڕا كه له یه‌كێك له فێستیڤاڵه ئه‌ده‌بییه‌كانی ئه‌فریقادا بوو به یه‌كێك له دوانزه رۆمانه باشه‌كانی سه‌ده‌ی بیستی ئه‌فریقا. هه‌روه‌ها رۆمانی "خۆرپه‌رستان" ی "خوسێ ئیدوارد ئاگو ئالوسا"ی ئه‌نگۆلاییشم وه‌رگێڕا. ئه‌م دوو نووسه‌ره كه له بواری ریالیزمی جادووییدا ده‌نووسن یه‌كه‌م هه‌ڵبژارده‌ی من بوون، به‌ڵام له ناوه‌ڕاستی رێگاكه‌دا بینیم ئه‌گه‌ر خۆم له ریالیزمی جادووییدا له قاڵب بده‌م بۆ وه‌رگێڕانی تر ده‌ستم ده‌به‌سترێت.
له‌لایه‌كی تره‌وه له‌به‌رئه‌وه‌ی خۆم ده‌رچووی بواری سیاسه‌تم و له گه‌نجییه‌وه به جووڵانه‌وه‌كانی ئه‌فریقا ئاشنا بووم، چووم به‌لای ئه‌و رۆمانانه‌دا كه باسی جووڵانه‌وه و شه‌ڕ و شۆڕه سیاسییه‌كانی ئه‌و وڵاتانه ده‌كه‌ن. یه‌كێك له‌و كتێبانه‌ی تر كه وه‌رمگێڕاوه رۆمانی (كوشتنی هاوڕێ سه‌رۆك كۆمار)ی (ئاله‌ن مابانكۆ)یه كه خه‌ڵكی پایته‌ختی كۆنگۆیه. گێڕه‌ره‌وه‌ی ئه‌م رۆمانه‌ش كوڕێكی بچووكه و رۆمانه‌كه به زمانی ته‌نز نووسراوه. له‌ڕاستیدا ده‌توانم بڵێم سه‌ره‌تا ده‌مه‌ویست بواری ریالیزمی جادوویی هه‌ڵبژێرم، به‌ڵام پاش ماوه‌یه‌ك بڕیارم دا بواره‌كه فراوانتر بكه‌م. جگه‌له رۆمانی (زه‌وییه‌ك به‌ده‌م خه‌وه‌وه ده‌ڕوات)ی میا كوت‌و رۆمانێكی دیكه‌شیم ته‌رجه‌مه كردووه به‌ناوی (له‌بن دره‌ختی یاسه‌میندا). هه‌روه‌ها رۆمانێكی تریشم وه‌رگێڕاوه به ناوی (مه‌گری بچكۆل گیان) كه نووسه‌رێكه به ناوی (ئه‌نگوكی ڤاتیڤنگۆ).
*وه‌كو دوا پرسیار ده‌مه‌وێت پێم بڵێی ئه‌م رۆمانانه به ئینگلیزی نووسراون یان تۆ له ده‌قی وه‌رگێڕدراوه‌وه ته‌رجه‌مه‌ت كردوون؟
-زۆربه‌ی رۆمانه‌كان له زمانی دووه‌مه‌وه وه‌رگێڕدراون. بۆ نموونه ئه‌نگۆلا و مۆزه‌مبیق كۆڵۆنیالی پرتوگال بوون و نووسه‌رانی ئه‌م وڵاتانه‌م هه‌ڵبژارد، به‌زمانی پرتوگالی نووسراون و كراون به ئینگلیزی. (كوشتنی هاوڕێ سه‌رۆك كۆمار) به فه‌ره‌نسی نووسراوه، له ئه‌نجامدا هه‌موو ئه‌م به‌رهه‌مانه به زمانێكی تر نووسراون و كراون به ئینگلیزی. رۆمانی چاوه‌ڕوانی-ش به زمانی ئۆگه‌ندایی نووسراوه و كراوه به ئینگلیزی.
سه‌رنج: له هه‌ندێ شوێندا باسی ئه‌وه ده‌كات ئه‌و رۆمانانه له فڵان ده‌زگای چاپ چاپكراون ئه‌وانه‌م لابردووه، چونكه به پێویستم نه‌زانیوه بۆ خوێنه‌ری كورد.
له فارسییه‌وه: محه‌مه‌د كه‌ریم
سه‌رچاوه: ketabnews.com
گۆریتی كیۆموهیندۆ