ئەمڕۆ رۆژی سەلامەتی نەخۆشە

11:32 - 2023-09-17
دووتوێ
62 جار خوێندراوەتەوە

ئا: رۆزا دڵشاد مەریوانی

ساڵی 2019 لە خولی حەفتاو دوویدا رێکخراوی تەندروستی جیهانی رۆژی 17 ئەیلوولی هەموو ساڵێکی بە رۆژی سەلامەتیی نەخۆش چەسپاند و یەکێکە لە رۆژەکانی رێکخراوی تەندروستی جیهانی کە نەتەوە یەکگرتووەکان یادی دەکەنەوە، بۆ ئەمساڵیش ئەو رۆژە بە دروشمی «بەشداریپێکردنی نەخۆش لەپێناوی سەلامەتی خۆیدا» بەڕێوەدەچێت وەک پێزانینێک بۆ ئەو رۆڵە کاریگەرەی نەخۆش و خێزان و چاودێرانیان دەیگێڕن لە بواری پاراستنی سەلامەتی نەخۆش لە دەزگا تەندروستییەکاندا.

خۆی بەشدار بێت
دەرکەوتووە ئەگەر نەخۆش بەجۆرێ مامەڵەی لەگەڵ بکرێت وەک ئەوەی خۆی بەشداربێت لەو خزمەتە تەندروستیانەی پێشکەشی دەکرێت کاریگەری و ئەنجامی باشتری دەبێت لەڕووی سەلامەتی و رەزامەندی و دەستکەوتە تەندروستییەکانەوە، هاوکات کاتێک نەخۆش دەبێتە ئەندامی کارا لە تیمی خزمەتگوزاری تەندروستی ئەوە وادەکات زیاتر ئەو خزمەتانەی پێشکەشیان دەکرێت پێزانینیان بۆی هەبێ لەگەڵ پاراستنی سەلامەتی سیستەمی خزمەتگوزاری تەندروستی بەگشتی، بەو پێیەی ساڵانە رێژەیەکی زۆر لە ستافی خزمەتگوزاری تەندروستی رووبەڕووی مەترسی گیانیی و تەندروستی دەبنەوە وەک هێرشکردنە سەریان لەلایەن کەسوکار و خێزانی نەخۆشەوە یاخود رووبەڕووبوونەوەی مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییە گوازراوەکان وەک ئەوەی لە ساڵانی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنادا روویدا و رێژەیەکی زۆر لە ستافی تەندروستی بەو نەخۆشییە گیانیان لەدەستدا.

بەرزکردنەوەی دەنگی نەخۆش
هەروەها رێکخراوی تەندروستی جیهانی دروشمی «بەرزکردنەوەی دەنگی نەخۆش» لەمساڵدا رادەگەیەنێت، داوا لە هەموو ئەو لایەنانە دەکات کە خاوەنی بەرژەوەندین رێوشوێنی گونجاو بگرنە بەر بۆ بەشداریپێکردنی نەخۆش لە داڕشتنەوەی سیاسەتەکان و نوێنەرایەتیکردنیان لە پێکهاتەکانی حوکمڕانیدا و بەشداریپێکردنیان لە دانان و داڕشتنی ستراتیژەکانی سەلامەتیی لەگەڵ بوونیان وەک هاوبەشی کارا لەو خزمەتە تەندروستییانەی پێشکەشیان دەکرێت، بێگومان ئەوەش بەدی نایەت تەنیا لەڕێگەی پێشکەشکردنی مینبەر و هەلی گونجاو بۆ نەخۆش و خێزان و کۆمەڵگە جۆراجۆرەکان تا لە رێگەیەوە تەعبیر لە راوبۆچوون و ترس و چاوەڕوانیی و ئارەزووەکانیان بکەن لەبارەی بەهێزکردنی رێوشوێنی سەلامەت و سەرنج چڕکردنەوە لەسەر نەخۆش بەیەکسانی و دادپەروەرانە.

پلانی بەشداریپێکردنی نەخۆش
شایەنی باسە ئەم پلانە بۆ بەشداریپێکردنی نەخۆش و خێزانەکانیان لە خزمەتگوزاری تەندروستیدا لەساڵی 2021 ەوە جێگیرکرا بەوپێیەی یەکێکە لە ستراتیژە سەرەکییە گرنگەکان بۆ پێشکەوتن لە بواری بنەبڕکردنی ئەو زەرەر و زیانانەی دەکرێت رێگری لێبکرێت لە بواری خزمەتگوزاری تەندروستیدا، ئەمەش دوای ئەوەی رێکخراوی تەندروستی جیهانی ساڵی 2019  لە بەیاننامەیەکیدا رایگەیاند ساڵانە ملیۆنان نەخۆش لە ئەنجامی نەبوونی سەلامەتی خزمەتگوزاری تەندروستی زیانیان بەردەکەوێت و دەبێتە هۆی گیان لەدەستدانی 2.6 ملیۆن کەس ساڵانە لە وڵاتانی خاوەن داهاتی کەم یان مامناوەند و دەکرێت ئەو زیانانە کەمبکرێتەوە بە زیادکردنی سەلامەتی نەخۆش، بەپێی راپۆرتەکانی رێکخراوەکە بێت لە دە نەخۆشدا چواریان لەکاتی وەرگرتنی خزمەتگوزاری تەندروستی سەرەتایی و فریاکەوتنی خێرا زیانیان بەردەکەوێت، زۆرێک لەو زیانانەش پەیوەستن بە هەڵە دیاریکردنی نەخۆشیی و رەچەتەی دەرمان و بەکارهێنانیان.
هاوکات تەنیا ئەو هەڵانەی لەبواری دەرماندا دەکرێن ساڵانە 42 ملیار دۆلار زیان دەگەیەنن، هەروەها رێوشوێنەکانی خزمەتگوزاری نەشتەرگەرییە نادڵنیاکان و کارلێکەکانی دەگاتە 25 ٪ ی نەخۆشەکان بەو هۆیەشەوە ساڵانە 1 ملیۆن کەس لەکاتی نەشتەرگەری یان راستەوخۆ دوای نەشتەرگەری گیان لەدەستدەدەن.     

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان