بۆچی دەبێت گفتوگۆ لەگەڵ منداڵدا بکەین؟

11:45 - 2023-09-17
دووتوێ
409 جار خوێندراوەتەوە

چرۆ رەشید قادر

 ئەمە ئەو پرسیارەیە کە پێویستە دایبابان رووبەڕووی خۆیانی بکەنەوە بۆچی پێویستە گفتوگۆ لەگەڵ منداڵدا بکەین؟  بە گفتوگۆ و ئاخافتنی نەرمونیانانە چ توانایەک دەبەخشین بە منداڵ؟ ئاشکرایە قسەکردن یەکێکە لە قۆناغەکانی گەشەکردنی منداڵ بە ئامرازێکی پەیوەندی کۆمەڵایەتی و گوزارشتکردن دادەنرێت  کاریگەری پۆزەتیڤی هەیە لەسەر گەشەکردنی هزر و بیر و هۆشی منداڵ، گفتوگۆ و قسەکردن لەگەڵ منداڵدا چێژی تایبەتی خۆی هەیە لە ژیانی منداڵدا پێویستە لە گفتوگۆکاندا بوار بدرێت بە منداڵ بۆ دەربڕینی بۆچوونەکانی تا لەڕووی هەڵبژاردنی وشەکانەوە فێری قسەکردن ببن و تواناکانی زمان تێیاندا گەشە بکات، گفتوگۆکردن و ئاخافتن دەبێتە هۆی گەشەکردنی مێشکی منداڵ مەبەست لە توانای قسەکردن واتا چۆنێتی فێرکردن و راهێنانی منداڵ لەسەر قسەکردنی راست و دەوڵەمەندکردنی سامانی زمانە بە زیادکردنی ژمارەی وشەکان و بە زانینی مانای ئەو وشانەی بەکاریدەهێنێ بەدەستهێنانی زانیاری دەربارەی چۆنێتی رێکخستنی وشە و کردارەکان.
بنەماکانی قسەکردنی منداڵ
بنەما و بنچینەکانی قسەکردنی منداڵ لە قۆناغی باخچەی ساوایانەوە دەچەسپێت  باشترین و هەستیارترین قۆناغیشە، چونکە ئەگەر منداڵ هەلومەرجی لەباری بۆ نەڕەخسێت چ لە ماڵ و چ لە باخچەش ئەوە زیانێکی زۆر بەکەسایەتی و توانای قسەکردن و ئاخافتنی دەگەیەنرێت، قسە نەکردن لەگەڵ منداڵ و گرنگینەدان پێی بە تایبەتی لە سەرەتاکانی تەمەنی منداڵدا کە دەیەوێت فێری دەربڕینی وشەکان  بێت زۆر بەکارهێنانی مۆبایل و ئایپاد و تەلەفزیۆن لە زۆربەی خێزانەکاندا هۆکارن بۆ درەنگ فێربوونی قسەکردن و دەربڕینی منداڵ، چونکە کەمتر گرنگی پێ دەدرێت و گفتوگۆی لەگەڵ دەکرێت  بەمەش پەیوەندی کۆمەڵایەتی لاواز دەبێت کاریگەری نێگەتیڤی لەسەر توانای قسەکردن و گفتوگۆی منداڵ دەبێت، هەربۆیە پێویستە بە گفتوگۆکردن لەگەڵ منداڵدا پەرە بە تواناکانیان بدەین لەبەرئەوە دەتوانین حەز و ئارەزووەکانیان بۆ گەشەکردنی قسەکردنیان بقۆزینەوە، یەکێک لە ئارەزووەکانی منداڵ گوێگرتنە لە گێڕانەوەی چیرۆک، بۆیە دایبابان و پەروەردەکاران دەتوانن دوای گێڕانەوەی چیرۆکەکە پرسیار لە منداڵ بکەن لەسەر رووداوەکانی ناو چیرۆکەکە چی بوون؟ بەمە دەرگای گفتوگۆی لەگەڵ دەکرێتەوە.
وەڵامی پرسیارەکانیان بدرێتەوە
 لەلایەکی تریشەوە منداڵ زۆر حەز بە پرسیارکردن دەکات ئەمەش بوارێکی ترمان بۆ دەڕەخسێنێ تا بتوانین هانی بدەین بۆ قسەکردن و وەڵامی پرسیارەکانی بدرێتەوە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆش هەڵە و کەموکوڕییەکانی زمانەوانی بۆ راستبکرێتەوە، بۆیە پێویستە بایەخ بە پرسیارکردنی منداڵ بدەین و گوێیان بۆ بگرین هەمیشە  پرسیارەکانیان بە گرنگ وەربگرین، چونکە بەمە هەستی پێزانین و رێزگرتنی لا دروست دەکەین و هاوسەنگی دەروونی و ئارامی بۆ منداڵ دەگێڕینەوە وا لە منداڵ دەکەین بە ئاسانی گوزارشت لە ناخی خۆی بکات و راوبۆچوونەکانی دەرببڕێت  رۆژ لەدوای رۆژ توانای قسەکردن و ئاخافتنی بەرەو باشتر دەڕوات، بۆیە دایبابانی بەڕێز با کاتی زیاتر ببەخشین بە منداڵەکانمان گرنگی زیاتریان پێ بدەین لە پێناو بنیادنانی کەسایەتییەکی دروست بۆ منداڵەکانمان لە داهاتوودا.                                 

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان