پایتەختی قارچك لە جیهاندا

11:47 - 2023-09-17
دووتوێ
49 جار خوێندراوەتەوە

ئا: فەرید دڵشاد
كێنێت سكوێر Kennett Square شارۆچكەیەكی بچووكە لە ویلایەتی پەنسلڤانیای ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، بە پایتەختی قارچك لە جیهاندا دادەنرێت. 50% قارچكی جیهان لەم شارۆچكە بچووكە بەرهەمدەهێنرێت، قەبارەی بەرهەمهێنانی ساڵانەی دەگاتە زیاتر لە 500 ملیۆن پاوەند و قازانجەكەی تەنها بۆ دەسەڵاتی لۆكاڵی ناوچەكە ساڵانە 4 ملیار دۆلارە.
ماوەی زیاتر لە 150 ساڵە قارچك بووەتە بەرهەمی سەرەكی ئەم شارۆچكەیە و چەندین جۆری جیاوازی لێ بەرهەمدەهێنن، كە بۆ خواردن و پێداویستی پزیشكی بەكاردێن.
خەڵكی كێنێت سكوێر بەشێوەیەك عاشقی ئەم بەرھەمەن لە یەكێك لە ئاهەنگەكانی سەری ساڵدا لە جیاتی میزەڵدان 800 پاوەند قارچكیان بۆ ئاسمان هەڵداوە.
لە ساڵی 1985 ەوە ساڵانە فێستیڤاڵی قارچك لەم شارە رێكدەخرێت و بە هەزاران كەس لە ناوچە جیاوازەكانی ئەمریكاوە رووی تێدەكەن.
لە فێستیڤاڵەكەدا جگە لە فرۆشتنی راستەوخۆی قارچك، چەندین خواردنی جۆراوجۆر لەم بەرهەمە رووەكییە دروسدەكرێت و پێشكەش بە بەشداربوان دەكرێت.
 هەر لەم فێستیڤاڵەدا هەزاران تابلۆ و مەدالیا و پۆشاك و پێداویستی ناوماڵ دەخرێنەڕوو كە سەرجەمیان وێنەی قارچكیان تێدا نەخشێنراوە و  ئەمساڵ لە پایتەختی قارچك هاوشێوەی ساڵانی پێشوو فێستیڤاڵ بەڕێوەچوو.

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان