لەمێژووی کۆندا لە وڵاتی نیپاڵ پادشایەک هەبووە ناوی «جایا براکاش مایا» بووە، لەخەونیدا هەموو درەنگانی شەوێ کچێکی شۆخ و شەنگ بەنهێنی میوانی بووە و عەشقبازی لەگەڵداکردووە، ئەو کچە وەک خواوەند ناوزەندکراوە، چونکە گوایە شێوەی ئەفسوناوی و فریشتەئاسای هەبووە، لەو رۆژەوە پادشا فەرمان دەردەکات خواوەندێکی راستەقینەی لەمجۆرە دیاری بکات، هەموو کچانی تەمەن چوار پێنج ساڵ کۆدەکاتەوە و یەکێک لەناویان دیاری دەکات و ناوی دەنێن خواوەندی «کۆماری».
مەرجەکانی کۆماری چین؟
ئەو نەریتە هەزاران ساڵە لە هەندێ شوێنی نیپاڵ لەلایەن هیندۆس و بۆزییەکان پیادە دەکرێ و رۆژێک دادەنرێت لە کڵێسا هەموو کچەکانی ئەو ناوە کۆدەکەنەوە، گرنگترین مەرجی کۆماری بوون ئەوەیە دەبێت کچەکە هەردوو قاچەکانی باریک و بەهێز و لەشێوەی ئاسک بێت، برۆ و برژانگی گەورە و درێژ وەک هی مانگا بێت، دەنگی تیژ و بەهێز وەک هی مراوی وابێت، سنگی پان وەک شێر وابێت، قژی رەشی قەترانی بێ، پێشتر بەهۆی برینداری یان رووشانەوە هیچ دڵۆپە خوێنێک لەجەستەی نەچۆڕابێت، دەبێ چاونەترس و وریا و گورجوگۆڵ بێت، لەو مەسەلەیە دەیانخەنە بەر ئەزموون و پیاوێک بە دەمامکی ناشیرینی ترسناک دێننە بەردەمی کاندیدەکان و یاری بەخوێن دەکات، ئەگەر کچێک ترس لەسەر روخساری بنیشێت، ئەوا دەرناچێ و دەکرێتە دەرەوە، دەبێ لە هەموو لایەنێکەوە کچێکی کامڵ و بەتوانا بێت ئینجا دەکرێتە خواوەند تا تەمەنی ١٥ - ١٦ ساڵی، بۆیە کچیش هەڵدەبژێرن پێیان وایە کە منداڵدانی ژنان سەرچاوەی لەدایکبوون و ژیان و بەردەوامییە.
نانی دەکەوێتە رۆنەوە
کاتێک کچێک دیاری دەکرێت وەک خواوەندی کۆماری ئەوا دەکەوێتە ناو خۆشی ژیان و هەموو لایەک دەیپەرستن، لە رێوڕەسمی دامەزراندنیدا سەرۆکی وڵات و سەرەک وەزیران ئامادە دەبن، تیمێکی تایبەت لەسەر دەستی خۆیان دایدەنێن نابێت قاچەکانی بەر زەوی بکەوێت، کچە دەبێتە خواوەندی کۆشک و ئەگەر کەسوکاری بیانەوێت بیبینن، دەبێت هەندێ رێوشوێنی تایبەتی هەیە بیکەن، خواوەند دەبێ جلی سوور بپۆشێ و هەمیشە پۆشتە و نازدار بێت، بە بەردەوامی ماکیاژ بکات و خۆی بڕازێنێتەوە.
سەردانی خواوەند
هەموو تاکێکی کۆمەڵگەی نیپاڵی بۆی هەیە سەردانی خواوەندی کۆماری بکات، بەڵام دەبێت سەرەتا ئەرزوحاڵ بنووسێ و رۆژی تایبەتی بۆ دادەنرێت، هەموو کەسێک بەختی ئەوەی نادرێتێ ئەو سەردانە بکات، زیاتر خواپێداو و کاربەدەستەکان ئەو دەرفەتەیان دەدرێتێ کاتێک داواکار دەچێتە خزمەت خواوەند دەبێت لە پەنجەرەی ژووری کۆشکەوە تێی بنواڕێ و لە خودا بپاڕێتەوە سەری بخات، ئەوەی بیبینێت ئەوا خۆشبەختە و بەر هەموو کەس ناکەوێت، زۆربەی ئەوانەی نەخۆشی درێژخایەن یان نەزۆکن ئەو سەردانە دەکەن تا باش بن و تەندروستیان چاک بێتەوە.
کە گەورەبوو دەردەکرێت
لەدوای ئەوەی خواوەند تەمەنی دەگاتە هەرزەکاری دەبێت پۆستەکەی جێبێڵێ شوێنگرەوەی بۆ دادەنرێت، دەچێتەوە ماڵی باوکی و دەست بە ژیانی ئاسایی خۆی دەکاتەوە، بەلام کێشەی زۆریان بۆ دروست دەبێت لە رۆیشتن، چونکە بەدریژایی ئەو دە دوانزە ساڵە بەپێ نەڕۆیشتون وزۆر کەم قسەیان کردووە، بۆیە بەزەحمەت دەچنەوە ناو کۆمەڵگە و خێزانەکانیان.
سەرچاوە: Der Standerd