هەرگیز لەیادت ناكەین

11:56 - 2023-09-18
وەرزش
230 جار خوێندراوەتەوە

ئیسماعیل مەحمود

ژیانێكی وەرزشیی دەوڵەمەندی هەبوو، كەسایەتییەكی دیاری شاری سلێمانی بوو، وەرزش هەموو ژیانی داگیر كردبوو، مێژووی یاریی بالەی شاری سلێمانی شانازی بە تواناو لێهاتووییەكانی ئەم وەرزشكارەوە دەكات، نەك تەنیا لە وەرزشدا لە بواری ئیدارەی وەرزشیشدا تا توانی خزمەتی گەورەی كرد، ئەو وەرزشكارەش كۆچكردوو فیكرەت خەسرەوە.
من ساڵی 2002 لە گۆڤاری سلێمانی و لە ژمارە 20 ی ئەو گۆڤارەدا و لەچوارچێوەی بەسەر كردنەوەی وەرزشكارە دێرینەكاندا، دیدارێكم لەگەڵیدا كردووەو لەو دیدارەدا بەمشێوەیە باسی ژیانی وەرزشیی خۆی بۆكردم:
*ناوی تەواوم فیكرەت خەسرەوە رەشیدە، ساڵی 1954 لەگەڕەكی كانێسكان و نزیك سەرچاوە و رێك لە حەوشەی گەورە لەدایكبووم، لەتەمەنی شەش ساڵیدا خرامە بەر خوێندن و لە قوتابخانەی كانێسكان دەستم كرد بەخوێندن، ئەو سەردەمە خوالێخۆشبوو ئەبو بەكر هەوری بەڕێوەبەرمان بوو، دوو ساڵ لەو قوتابخانەیە دەوامم كرد، لەبەر ئەوەی باوكم ئەفسەری پۆلیس بوو گواسترایەوە رانیە، منیش بۆ خوێندن پۆلی سێیەمم لەرانیە تەواو كرد.
هەروەها ووتی؛ لەبەر ئەوەی باوكم و هەرچی ئەفسەرانی پۆلیسی كوردبوو بۆ باشووری عیراق دوورخرانەوە، ئێمەش بە خێزانەوە بۆ ناحیەی موشەرەح دوورخراینەوە، تا پۆلی شەشەم لەوێ بەردەوام بووم، لەو شارۆچكەیە حەز و خولیای یاریی بالەم لا دروستبوو، پاش ئەوەی ساڵانی 1967-1968 گەڕاینەوە سلێمانی، لەگەڵ گەڕانەوەمان چومە ناوەندی وەتەن، ئەو كاتە مامۆستا شەوكەت سدیق مامۆستای وەرزشمان بوو، لێرەش درێژەم بە وەرزشكردن داو بەتایبەتی یاریی بالەم دەكرد، هەرلێرەوە بۆ هەڵبژاردەی بالەی پەروەردەی سلێمانی هەڵبژێردرام، ئیتر وەرزش و یاریی بالە بوو بە بەشێكی سەرەكی لە ژیانم، هەروەها باسی ئەوەشی بۆ كردم لەبەر ئەوەی یانەی سلێمانی ئەوسا تیپی بالەیان نەبوو، بۆیە بۆ یانەی سلێمانی هەڵنەبژێردراوە.
سەبارەت بەیاریی تۆپی پێش ووتی: من یاریی تۆپی پێشم كردووە، لەتیپی لاوانی چوارباخ و تیپی مامۆستا یاسین-یش یارییم كردووە كە مامۆستا سەڵاح حامید راهێنەرمان بوو.
دواتر باسی ئەوەی بۆ كردم كاتێك ساڵی 1970 یانەی سیروان دامەزرا، ئەم یانەیە نوێگەرییەكی باشی لە وەرزشی كوردستاندا كردو بۆ یەكەم جار تیپی بالەیان دامەزراند، منیش پەیوەندیم بەو تیپەوە کرد، ئیتر ئەم تیپە وەك یەكەم تیپی بالەی شاری سلێمانی لەسەر ئاستی یانە بەشداریی خولەكانی عیراقی دەكرد.
سەبارەت بە داخستنی یانەكەیان و چوونیان بۆ یانەی سلێمانی ووتی، لە دوای هەرەسی شۆڕش و ساڵی 1975، یانەی سیروان داخرا، بۆیە زۆربەی یاریزانەكانمان وازیان لە یارییكردن هێنا، بەڵام من و یاریزانێك كە ناوی بەهزاد بوو بەهەوڵی خوالێخۆشبوو مامۆستا هەڵگورد عارف چوینە یانەی سلێمانی و یاریمان بۆ تیپی ئەو یانەیە كرد، ئەوكاتە چەند یاریزانێكی لاوی ئەو یانەیە پێگەیشتبوون و من و بەهزادیش هێشتا لاو بووین لەگەڵ ئەو یاریزانانەی ئەوكاتەی یانەی سلێمانی لەوانە(هوشیار ساڵح رەفعەت و رزگار كەمال و نزار مستەفا و سۆران كەریم و عەلی و فاروق و خەبات ساڵح و رێبوار و زاهیر) تیپێكی باشمان پێكەوەناو ساڵ لەدای ساڵ هەتا دەهات بەهێزتر دەبووین، تا دواجار بوین بە پلە یەكی عیراق و لەخولی پلەیەكدا یارییمان دەكرد.
هەر لەو دیدارەدا باسی ئەمەشی بۆ كردم؛ لەگەڵ یاریی بالەدا یاریی باسكەشم بۆ یانەی سلێمانی دەكرد، تا ساڵی 1982 یاریی بالەم كردووەو بۆ تیپی باسكەش تا ساڵی 1985 بەردەوام بووم، لەگەڵ ئەوانەشدا یاریی گۆڕەپان و مەیدانیشم كردووە.
هەرلە دیارەكەدا باسی ئەوەشی بۆ كردووم كە:
*پاش وازهێنان لە یاریی كردن، بواری ناوبژیوانیم هەڵبژارد و بووم بە ناوبژیوانی پلەی یەكی عیراق.
*ساڵی 1978 لەسەردەستی پسپۆڕێكی ژاپۆنی بە ناوی (شندۆ) بڕوانامەی نێودەوڵەتیی راهێنانی یاریی بالەشی وەرگرتووە.
*لەگەڵ دامەزراندنی لیژنەی ئۆڵۆمپی كوردستان وەك كاراكتەرێكی دیار قۆڵی خزمەتی لێ هەڵماڵیوەو سەرەتا وەك ئەندامی یەكێتیی ناوەندی بالەو دواتر جێگری سەرۆك و پاشان بووە بەسەرۆكی یەكێتییەكە.
لەكاری وەزیفیشدا لە بەڕێوەبەرێتییەكانی وەرزش و لاوان و دواتر  هۆشیاری منداڵان پلە و پۆستی زۆری هەبووە و هەرلەوێ لە پلەی بەڕێوەبەریدا خانە نشینكراوە. 
*لە یانەی سلێمانیشدا چەند جارێك بە ئەندامی دەسەتی بەڕێوەبەری یانەكە  دەستنیشانكراوە.
*زۆر بەداخەوە رۆژی شەممە 16/9/2023 كۆچی دوایی دەكات، بۆ كۆچی دوایی كاكە فیكرەت هەرئەوەندەمان لەدەست دێت بڵێین؛ كاكە فیكرەت ماڵئاواو رۆحت شاد و هەرگیز لە یادت ناكەین.

بابەتە پەیوەندیدارەکان