كێ باری گلاوی مانشافت راستدەكاتەوە؟

11:58 - 2023-09-18
وەرزش
75 جار خوێندراوەتەوە

رەوەز ئیسماعیل

رۆژی 10 ی ئەم مانگە ئەڵمانییەكان رۆژێكی تایبەتیان بەڕێكرد ئەویش ئەوەبوو هەڵبژاردەی باسكەی ئەو وڵاتە بۆ یەكەمین جار لە مێژووی خۆیدا جامی مۆندیالی باسكەی بەرز كردەوە، بەڵام هەر لەگەڵ  ئەم هەواڵە خۆشەدا، هەواڵی دوورخستنەوەی هانس فلیكیش لەگەڵ هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئەو وڵاتە راگەیەنرا و ئەم راگەیاندنەش لە مێژووی تۆپی پێی ئەڵمانیادا وێنەی نەبووە.
بێ وێنەیی روداوەكە ئەوەبووە كە لە دوای ساڵانی بیستەكانی سەدەی رابردووەوە ئەمە یەكەم جارە راهێنەرێكی هەڵبژاردەکە بەرەسمی دووردەخرێتەوە، چونكە هەمیشە راهێنەركانی مانشافت خۆیان دەستیان لەكار كێشاوەتەوە، دوورخستنەوەی فلیكسیش پاش ئەوە دێت كە مانشافت لە یارییەكی دۆستانەی نێو دەوڵەتیدا 1-4 بە ژاپۆن دۆڕا، ئەم دۆڕاندنە وەك گەردەلولێك فلیكسی راماڵی و لەكارەكەی  دووریان خستەوە، ئەوەش یەكەم دۆڕاندنی مانشافت نەبوو، لە دوا پێنج یاریی مانشافتدا چوار یاریی دۆڕاندووە و یەك یاریی لەگەڵ ئۆكرانیا یەكسان بووە و سێ یارییەكەی تریشی بەكێ دۆڕاندووە بە كۆڵۆمبیا و پۆڵەندا و بەلجیكا.
لەوەتەی مانشافت هەیە هەرگیز كەوتنی لەمشێوەیەی بەخۆیەوە نەبینیوە، چوار دۆڕاندن و یەك یەكسان بوون لە پێنج یاریی یەك لەسەر یەكدا، بەڵام لە نەوەی 2014 ەوە كاتێك مۆندیالی ئەوساڵەیان بەدەستهێنا تا ئەمڕۆ وا كارەساتی وا روودەدات و بینیمان.
ئێستا ئەڵمانەكان راهێنەریان بەرەسمی بۆ هەڵبژاردەكەیان دانەناوە، بەڵام بەشێوەكی كاتی رۆدی فۆلەریان وەك سەرپەرشتیاری تیپەكە دەستنیشان كردووە، ئەمیش لە یەكەم ئەركیدا سەركەوتنێكی مێژوویی تۆمار كرد كاتێك لە یارییەكی دۆستانەدا 2-1 لە فەرەنسای بردەوە.
ئەم بردنەوەیەی ئەڵمان وەك پاراسیتۆڵێك هێندێك لە سەرئێشەی ئەڵمانی کەم كردووە، جگەلەوەش ئەو یارییە بۆ ئەڵمانەكان سەركەوتنێكی مێژوویی بوو بەوەی:
*لەساڵی 2014 ەوە ئەمە یەكەمین بردنەوەی ئەڵمان بووە لە فەرەنسییەكان.
*لە مانگی مارسی رابردووشەوە ئەمە یەكەم بردنەوەیە ئەڵمان تامی دەكات.
*یەكەم دۆڕاندنی فەرەنسییەكانیش بوو لە ساڵی 2023 دا و بەدەستی ئەڵمانیا.
*لە دوای یاریی كۆتایی مۆندیالەوە یەكەم جارە تۆڕی گۆڵی فەرەنسییەكان دەلەرێتەوە و لەرینەوەكەش بە تۆپی ئەڵمانەكان بووە.
رۆدی فۆلەر ئەمە یەكەم جاری نییە دەبێتە  راهێنەری ئەڵمانیا، ئەگەرچی تائێستا بەشێوەیەكی كاتییە، بەڵام ساڵی 2002 بەرەسمی راهێنەری ئەڵمانیا بووە، ئەو ساڵە توانی مانشافت بگەینێتە یاریی كۆتایی مۆندیالیش، بەڵام یاریی كۆتایی 0-2 بە بەرازیل دۆڕاند، لەو ساڵەوە تا ئەمساڵ فۆلەر هیچ ئەركێكی راهێنەرایەتی تری نەگرتۆتە ئەستۆ واتە 18 ساڵە لەم ئەركەوە دوورە.
ئێستا یەكێتیی تۆپی پێی ئەڵمانیا لە گێژاوی ئەوەدایە كێ بەرەسمی بكاتە راهێنەری هەڵبژاردەكە کە ئێستا رۆدی فۆلەرە، دەنگی ناگلسمانیش لەئارادایە، لەوەش گرنگتر ئەوەیە ئەڵمانیا و مانشافتیش لەگێژاوی وونبوونی نەوەیەكی وەك نەوەی ساڵی 1998 دا گێژەخۆن كە كلینزمان و ماتیۆس و بیرهۆف و چەند ئەستێرەیكی تربوون و ناتوانێت ئەو نەوە زێڕینە دووبارە بكاتەوە. 
زۆرێك لە شارەزایان پێیان وایە ئەوە گوناهی یاریزانانی ئێستایە، زۆرێكی تریش لەوان پێیان وایە نەتوانراوە راهێنەرێكی بەتواناو لێهاتوو بۆ هەڵبژاردەكە دیاری بكەن، بۆیە ئەگەر هەردوو بۆچوونەكەش لێكبدرێن ئەوە رەنگە راستترین بۆ چوون بێت بەوەی نە یاریزانانی ئێستا توانیویانە جێی كلینزمان و ماتیۆس و بیرهۆف بگرنەوە، نە توانراویشە راهێنەرێكی بەتواناش بۆ هەڵبژاردەكە بدۆزرێتەوە.
ئێستا تۆپەكە لە گۆڕەپانی یەكێتیی تۆپی پێی ئەڵمانیادایە بۆ راستكردنەوەی باری گلاوی ئەڵمانەكان، بەتاییبەتی ئێستا یۆرۆی 2024 هیچی وای نەماوە، پاشتریش پاڵاوتنەكانی مۆندیالی 2026 یش دەستپێدەكات، ئەم دوو بۆنەیەش بۆ ئەڵمانەکان یەك لەوی تر گرنگترە، بەتایبەتی كە یۆرۆی 2024 لە وڵاتی ئەوان دەكرێت و مانشافت نایەوێت وەك مۆندیالی قەرتەر - 2022 بە دەستبەتاڵی و بە هەمان بارو دۆخی قەتەر لەم یۆرۆیەش بێتە دەرەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان