خەڵاتی کوردستانی نوێ پێشکەش بە رۆژنامەیەکی فەرەنسی دەکرێت

11:01 - 2023-09-19
کەلتور
333 جار خوێندراوەتەوە
ئەردەڵان عەبدوڵڵا - سێپاستیان كڕێپێل - د.محەمەد هەوارمی

ئا: ئەردەڵان عەبدوڵڵا


رۆژنامەی لومانیتێی فەرەنسا یەكێكە لەو رۆژنامە و دەزگا میدیاییانەی فەرەنسا، كە هەمیشە داكۆكی لە خەبات و تێكۆشانی گەلی كورد دەكەن. ئێمە لە رۆژنامەی كوردستانی نوێ، ئاگاداری كار و چالاكییەكانی ئەم رۆژنامەیەیەن، هەربۆیە پێش ئەوەی سەردانی فەرەنسا بكەم، بە رەزامەندی سەرنووسەر، قەڵغانێكمان وەكو رێزلێنان بۆ ئەم رۆژنامەیە ئامادە كرد،  ئەمەش لە پای كار و ماندووبوون و  داكۆكیكردنیان لە كێشەی كورد. دیارە من دوودڵیش بووم لەوەی  كە بتوانم سەردانیان بكەم، بەڵام زۆر سوپاس بۆ د.محەمەد هەوارمی و ناوەندی فەرەنسای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، كە كاری رێكخستن و وەرگێڕانیان بۆ كردم. 
خۆشبەختانە توانیمان كاتێكی تایبەت وەربگرین و سەردانیان بكەین، هەرچەندە زۆر سەرقاڵبوون، چونكە سەرقاڵی خۆ ئامادەكردن بوون بۆ جەژنی لومانیتێی كە ساڵانە رێک دەخرێت و هەموو پارت و لایەنە چەپەكانی فەرەنسا و ئەوروپا ئامادەی دەبن. لەو دیدارەدا چاومان كەوت بە سێپاستیان كڕێپێل بەڕێوەبەری نووسینی رۆژنامەكە. پاشان  بانگهێشتیان كردین بۆ بەشداربوون لە كۆبوونەوەی تایبەتی رۆژانەی رۆژنامەكە،  ئەمەش  گوزارشتی لە خۆشحاڵیی  ئەوان دەكرد بە سەردانەكەمان، چونكە كۆبوونەوەی رۆژانە، تەنها دەستەی نووسەرانی رۆژنامەكە بۆیان هەیە بەشداربن. 
پاش ئەوەی بەشدارییمان لە كۆبوونەوەكە كرد، دواتر لەلایەن بەڕێزیانەوە سەردانی تەواوی بەشەكانی رۆژنامەكەمان كرد، لە نزیكەوە بەرپرس و كارمەندانی بەشە جیاوازەكانمان ناسی.
دواتر باسی كاری هاوبەش و چۆنێتی بەهێزكردنی پەیوەندی لە نێوان رۆژنامەی كوردستانی نوێ و لومانیتێمان كرد، هەر لەو دیدارەدا بانگهێشتیان كردین بۆ بەشداربوون لە ئاهەنگی ساڵانەی رۆژنامەكە و چەپەكانی فەرەنسا، كە هەموو ساڵێك لە 15 بۆ 17 ی مانگی ئەیلوول دەبەسترێت، ئاهەنگێكی ساڵانەیە و بەشێكی زۆری پارت و لایەن و كەسایەتییە چەپەكانی فەرەنسا تێیدا بەشدار دەبن. بەڵام بەداخەوە من نەمتوانی بەشدار بم، چونكە دەبوایە بگەڕامایەتەوە بۆ كوردستان.  لە كۆتاییشدا خەڵاتەكەم پێشكەش كردن،  ئەمەش  بووە خۆشحاڵی هەموویان و دەستخۆشییان لێكردین. 
ئەم دیدارەم یەكێك بوو لە وێستگە گرنگەكانی ئەم سەردانەم بۆ فەرەنسا، زۆر دەمێك بوو دەمویست سەردانی ئەم رۆژنامەیە بكەم و لە نزیكەوە بیانناسم.

بابەتە پەیوەندیدارەکان