راپۆرتی/ ئەسرین محەمەد
دوو رۆژ جووتیارانی پێنجوێن بۆ ماوەی چەند سەعاتێک رێگەی سەرەکی پێنجوێن- سلێمانییان داخست و داوای داخستنی سنوورەکانیان دەکرد بەڕووی تەماتەی وڵاتاندا، بۆ ئەوەی بەرهەمەکانیان لە بازاڕدا ساغ ببێتەوە و چیتر زەرەر نەکەن.
عەباس عەبدوڵای جووتیار وتی، پێشتر کە حکومەتی عیراق سنوورەکانی نەکردبووەوە کیلۆی تەماتەمان دەدا بە 400 دینار و رۆژانە سێ هەزار تەن تەماتە لە پێنجوێنەوە بار دەکرا بۆ تەواوی عیراق، بەڵام ئێستا کە خاڵە سنوورییەکان کراونەتەوە کیلۆی تەماتە بە 150 دینار دەفرۆشین و زەرەرێکی زۆر دەکەین.
وتیشی، ئەگەر حکومەت هاوکاریمان بکات دەتوانین بەرهەمەکەمان بنێرین بۆ وڵاتانی دراوسێش، بەڵام حکومەت لەگەڵ ئەوەی هیچ هاوکارییەکمان ناکات دژایەتیشمان دەکات بە کردنەوەی سنوورەکان بەڕووی تەماتەی هاوردەی وڵاتاندا.
جووتیاران چوونە بەغدا
لە ماوەی رابردوودا وەزارەتی کشتوکاڵ بڕیاری قەدەغەکردنی هێنانی تەماتەیدا لە دەرەوەی وڵات بە مەبەستی ساغ بوونەوەی بەرهەمی جووتیارانی ناوخۆ، بەڵام چەند رۆژێکە رێگە بەهێنانی تەماتەی وڵاتانی دراوسێ دەدرێت لە خاڵە سنوورییەکانی حکومەتی عیراقەوە ئەوەش وایکردووە بەرهەمی جووتیارانی ناوخۆ پارە نەکات و زەرەر بکەن.
جووتیاران تەنها لە پێنجوێن رێگەیان نەگرتبوو، بەڵکو بۆ گەیاندنی داواکارییەکانیان بەشێک لە جووتیاران بە نوێنەرایەتی 20 هەزار جووتیاری پێنجوێن و گوندەکانی دەوروبەری چوونە بەردەم وەزارەتی کشتوکاڵی عیراق لە بەغدا.
زۆربەی جووتیاران زەرەریان کردووە
جووتیارێک لە بەغدا لەبەردەم وەزارەتی کشتوکاڵ وتی، هیچ جووتیارێکمان نییە ساڵی رابردوو لە 20 تا 100 ملیۆن دینار زەرەری نەکردبێت و نامانەوێت ئەمساڵیش بەرهەمەکانمان بە دەردی ساڵی رابردوو بچێت و زەرەر بکەین، بۆیە داوای داخستنی خاڵە سنورییەکان دەکەین بەڕووی تەماتەی هاوردەدا.
ئیبراهیم عوسمان خاوەنی دوکانی کشتوکاڵییە لە پێنجوێن وتی، نزیکی 50 دوکانی کشتوکاڵی لەناو پێنجوێن هەیە و ساڵی رابردوو هەموومان زەرەرمان کردووە خۆم نزیکی 98 ملیۆن دینار زەرەرم کردووە.
وتیشی، هەموو جووتیاران ترسیان هەیە لە لەناوچوونی بەرهەمەکانیان، لەگەڵ ئەوەی ئێستا بەهۆی تەماتەی هاوردەوە بەرهەمی تەماتەی جووتیاران پارە ناکات، هاوکات نزیکی 15 بۆ 20 رۆژی ماوە کەشوهەوای پێنجوێن دەگۆڕێت و سەرما دەستپێ دەکات ئەوکاتە بەرهەمی جووتیاران لەناودەچێت، بۆیە هەرچیمان کردووە دەبێت لەو ماوەیەدا بەرهەمەکانمان بفرۆشین ئەگەرنا زەرەرێکی زۆر دەکەین.
بەغدا دڵنیایی لە هەرێم دەوێت
جووتیارێکی تر باسی لەوەکرد، کیلۆی تەماتە لەلای جووتیار بە 100 دینار دەفرۆشرێت لەکاتێکدا بەرهەم هێنانەکەی زیاتری تێچووە و هەر دوێنێ لە بارێک تەماتە 78 هەزار دینار زەرەرم کردووە، ئەمە هەموو رۆژێک دووبارە دەبێتەوە سەرەڕای ماندوبوون.
لەبەرامبەر داواکارییەکانی جووتیاران عەباس جەبر وەزیری کشتوکاڵی عیراق داوایکرد وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم بە نووسراوێک دڵنیایان بکاتەوە لەوەی بەرهەمی تەماتەی هەرێم بەشی پێداویستییەکانی ناوخۆ دەکات، ئەوکات ئەوانیش لای خۆیانەوە داوا دەکەن سنوورەکان بەڕووی ئەو بەرهەمەدا دابخرێت تا جووتیارانی کوردستان زەرەرمەند نەبن و بەرهەمەکەیان ساغ بکەنەوە.
هاوکات زانا عەبدولڕەحانی قائیمقامی پێنجوێن پشتیوانی داواکارییەکانی جووتیارانە و لەگەڵ ژمارەیەک لە جووتیار بۆ گەیاندنی داواکارییەکانیان سەردانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمیان کرد.
رێگە لەهێنانی تەماتەی هاوردە دەگیرێت
بێگەرد تاڵەبانی وەزیری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو رایگەیاند، بە نووسراوی رەسمی داوا لە وەزیری كشتوكاڵی عیراق دەكەم سنورەكان بەڕووی بەرهەمی كشتوكاڵی هاوردەدا دابخات.
وتیشی، لە ئەمڕۆوە بازگەكانی هەرێم رێگە بە هاوردەكردنی تەماتە نادەن، بڕیارەكە بۆ ساغبوونەوەی بەروبوومی جوتیارانی ناوخۆیە.
ئەوە چەندەمینجارە جووتیارانی هەرێم بەهۆی ساغنەبوونەوەی بەرهەمەكانیان و هاوردەكردنی بەرهەم لەسنوورەكانەوە خۆپیشاندان دەکەن و داوای داخستنی سنوورە دەکەن بەڕووی بەرهەمی هاوردە لەکاتی پێگەیشتنی بەرهەمی ناوخۆدا.
زەرەرکردنی جووتیارانی ناوخۆ بەهۆی ساغ نەبوونەوەی بەرهەمەکانیان هەموو ساڵێک دووبارە دەبێتەوە وایکردووە بەشێک لە جووتیاران بەرهەمەکانیان لەناوبەرن و بەشێکی دیکەیان بەرهەمەکانیان کۆنەکەنەوە.