د.حومه‌یرا قادری (1980) نووسه‌رێكی ئه‌فغانی و چالاكی بواری ژنانه، له ئه‌مریكا ده‌ژی، مامۆستای زمانی فارسییه له زانكۆی هارڤارد، تازه‌ترین رۆمانی به‌ناوی (سه‌ما له مزگه‌وت) به زمانی ئینگلیزی بڵاوبۆته‌وه. ئه‌م گفتوگۆیه‌ی تایبه‌ته به ئه‌ده‌ب و شه‌ڕ.
له فارسییه‌وه: محه‌مه‌د كه‌ریم
*با گفتوگۆی ئه‌مڕۆمان به‌م پرسیاره ده‌ستپێبكه‌ین، ئایا په‌یوه‌ندییه‌ك له نێوان شه‌ڕ و ئاشتی و ئه‌ده‌بدا هه‌یه؟
-له ئه‌ده‌بی دنیادا ژانرێك له به‌شی چیرۆك و رۆمان‌دا هه‌یه. هه‌ڵبه‌ته من كاتێك باسی ئه‌ده‌ب ده‌كه‌م مه‌به‌ستم چیرۆك و رۆمانه. به‌شێكی زۆری ئه‌ده‌بی دنیا له‌سه‌ر بابه‌تی شه‌ڕه. هه‌ڵبه‌ته مه‌به‌ست له‌وه نییه كه له رێگه‌ی نووسینه‌وه له‌سه‌ر شه‌ڕ، نه‌فره‌ت له شه‌ڕ بهێنینه ئاراوه. له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌موو نووسه‌ران باوه‌ڕیان وایه شه‌ڕ، نه‌فره‌ت له‌گه‌ڵ خۆی دێنێ. كاتێك ئێمه له ئه‌ده‌بدا باسی شه‌ڕ ده‌كه‌ین، ئامانجمان گه‌یشتنه به ئاشتی. بێگومان له نێوان هه‌ر زاراوه‌ه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی سیاسی و باسی هونه‌ریدا په‌یوه‌ندی هه‌یه. شه‌ڕ و ئاشتیش زاراوه‌ی سیاسین كه به‌جۆرێك له دنیای ئه‌ده‌بدا زۆر رووبه‌ڕوویان ده‌بینه‌وه و چیرۆك و رۆمانی زۆریش له‌م باره‌یه‌وه نووسراون. دوا رۆمان كه له‌م رۆژانه‌دا دووباره خوێندمه‌وه، رۆمانی "جه‌نگ هیچ روخسارێكی ژنانه‌ی نییه" بوو.
*ئه‌ده‌ب چۆن ده‌توانێت به‌كه‌مكردنه‌وه‌ی توندوتیژی و گه‌یشتن به ئاشتی یارمه‌تی كۆمه‌ڵگا بدات؟
-خه‌ریكبووم بیرم له هه‌مه‌نگوای ده‌كرده‌وه. ئه‌و نووسه‌ره‌ی ناڕاسته‌وخۆ له به‌ره‌كانی شه‌ڕدا ئاماده‌گی هه‌بوو. شۆفێری ئه‌مبوڵانس بوو. نزیكه‌ی 200 پارچه‌ی به‌ركه‌وت و پارچه له به‌ده‌نیدا مایه‌وه، پاشان له نه‌خۆشخانه كه‌وت هه‌تا چاكبۆوه. پاش ئه‌وه‌ی هاته‌ده‌ره‌وه رۆمانی "ماڵئاوا له چه‌ك"ی نووسی. هه‌ر له‌و ئه‌زموونه‌ش رۆمانی "زه‌نگه‌كان بۆ كێ لێده‌درێن"ی نووسی. ده‌یان و سه‌دان كتێبی تر له‌سه‌ر شه‌ڕ نووسراون. بێگومان سه‌باره‌ت به نووسین له‌سه‌ر شه‌ڕ په‌یامنێران زۆر له پێش نووسه‌رانه‌وه‌ن. ئه‌وه‌ی فه‌زای رۆمان و چیرۆك له فه‌زای راپۆرتنووسین و مێژوو جیا ده‌كاته‌وه، ئه‌وه‌یه ئێمه‌ی نووسه‌ران له چیرۆك و رۆمان‌دا هه‌وڵده‌ده‌ین مرۆڤی سه‌رهه‌ڵداو له شه‌ڕه‌وه روون بكه‌ینه‌وه. له‌وانه‌یه له‌م به‌رهه‌مه ئه‌ده‌بی و هونه‌رییه‌كانی خۆماندا، ناوی جه‌نه‌ڕاڵێك وه‌رگرین چونكه پێویستمان به كاره‌كته‌رسازی هه‌یه و كاره‌كته‌ر ده‌بێت ناوی هه‌بێت. له‌وانه‌یه ناوی كۆڵانێك له رۆمانێكدا باس بكرێت. ئه‌ویش له‌به‌ر دروستكردنی دیمه‌نه. به‌ڵام بنه‌ما له ئه‌ده‌بدا ئه‌وه‌یه كه بتوانین باسی هه‌ستی مرۆڤه به‌شداره‌كانی شه‌ڕ بكه‌ین و ئه‌و هه‌سته بكه‌ین به هه‌ستێكی نه‌مر. بۆیه كاتێك رۆمانێك دێته به‌رده‌ستت كه بابه‌ته‌كه‌ی شه‌ڕه، ئاسایی زیاتر له‌وه‌ی ناوه‌كانی كاریگه‌ر بن، فه‌زای رۆمانه‌كه كاریگه‌ره. بۆ نموونه ئه‌و رۆمانه‌ی ئێستا هاته‌وه خه‌یاڵم "دۆنی ئارام" ئه‌و عه‌شقه‌ی له‌م رۆمانه‌دا هه‌یه و ئه‌و مرۆڤانه‌ی تیا ده‌چن. له‌م رۆمانه‌دا كاره‌كته‌ری زۆری تیایه كه له‌گه‌ڵ خوێندنه‌وه‌یدا له‌ناو ده‌چن. ته‌نانه‌ت ئه‌و عه‌شقه‌ی له ده‌ست ده‌چێت. هه‌موو ئه‌مانه به‌هۆی شه‌ڕه‌وه‌یه و ئه‌و رۆمانانه‌ی تریش كه سه‌باره‌ت به شه‌ڕ خوێندووماننه‌ته‌وه. هه‌موو ئه‌مانه ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی روانیمان بۆ شه‌ڕ پڕ بێت له بێزاری.
*به‌ڕای تۆ باسكردنی ئه‌زموونه‌كانی شه‌ڕ له ئه‌ده‌بدا تا چه‌ند ده‌توانێت ببێتە هۆی بێزاری خوێنه‌ر له شه‌ڕ؟
-باشه، دوو روخساری گه‌وره‌ی مرۆڤه‌كانی سه‌ر زه‌وی به جۆرێك له چیرۆك و رۆمان‌دا باس ده‌كرێن و ده‌بنه هۆی كێشمه‌كێشی ناو ده‌ق، ئه‌وانیش شه‌ڕ و عه‌شقن. له‌و كاته‌وه‌ی مرۆڤ هه‌یه ئه‌م دوو بابه‌ته به‌رده‌وام فه‌زای تازه‌یان له چیرۆك و رۆمان‌دا خوڵقاندووه. به‌م مانایه راسته عه‌شق دووباره‌یه، به‌ڵام نووسه‌ره گه‌وره‌كان چه‌ندین جار په‌نجه‌ره‌ی تازه‌یان له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته كردۆته‌وه و چیرۆكی تازه‌یان لێ خوڵقاندووه. رێك شه‌ڕ ئه‌وه‌یه. بابه‌ته‌كه یه‌كێكه، به‌ڵام له په‌نجه‌ره‌ی جیاوازه‌وه لێی ده‌ڕوانرێت. یانی به‌پێی په‌نجه‌ره‌كان چیرۆك هه‌یه و ئه‌م بابه‌ته ئه‌وه‌نده گه‌وره‌یه هه‌تا نووسه‌ر بیه‌وێت ده‌توانێت بنووسێت و په‌نجه‌ره بۆ خۆی دروست بكات.
جاریوایه فه‌زاكه وای لێهاتووه شه‌ڕ و عه‌شق له رۆمانێكدا پێكه‌وه‌ن و بۆ ئه‌وه‌ی نووسه‌ر بتوانێت یه‌كێكیان زیاتر گه‌شه پێبدات، ئێمه ئاسایی عه‌شق له‌ده‌ست ده‌ده‌ین. ئه‌و رۆمانانه زۆر كه‌من كه له كۆتاییدا فه‌زاكه‌یان كه‌مێك باشتر ده‌بێت. بیرم له رۆمانی "له‌گه‌ڵ بادا رۆیشت" ده‌كرده‌وه كه چۆن شه‌ڕ دێت و هه‌موو شتێك ده‌دزێت. كاتێك من له‌باره‌ی عه‌شقه‌وه قسه ده‌كه‌م، ئه‌وه عه‌شقه كه ده‌توانێت له نێوان دوو خوشكدا، له نێوان دایك و مناڵ‌دا بێت. شه‌ڕ چه‌نده مناڵی له دایكان وه‌رگرتووه و ئه‌م عه‌شقه چه‌نده ناكامه. له رۆمانێكدا دیمه‌نی گه‌یاندنی هه‌واڵی كوژرانی سه‌ربازێكم به دایكی ده‌خوێنده‌وه. ته‌نیا كڵاوه‌كه‌ی مابۆوه، خودا ده‌زانێت ئه‌و كڵاوه‌ش هی كوڕه‌كه‌ی بووه یان نا. دایكه‌كه رایده‌كرد بۆ گۆشه‌یه‌كی ژووره‌كه بۆ ئه‌وه‌ی كڵاوه‌كه نه‌بینێت. چونكه ئه‌گه‌ر كڵاوه‌كه‌ی بدیایه یانی ئیتر كوڕه‌كه‌ی نه‌ماوه. كاتێك باسی عه‌شق ده‌كرێت، ئێمه جۆره‌ها عه‌شق له ده‌ست ده‌ده‌ین. ئامانجی ئه‌ده‌ب ئه‌وه‌یه به نیشاندانی ئه‌م دیمه‌نانه دنیا بكات به جێگایه‌كی باشتر بۆ ژیان.
*ئایا كاریگه‌ری ئه‌ده‌ب به حسابكردن بۆ كۆمه‌ڵگا جیاوازه‌كان جیاوازه؟
-ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ سه‌باره‌ت به ئه‌فغانستان ده‌پرسیت، ده‌بێت بڵێم خوێنه‌ر داوای نوسخه‌ی (PDF) له نووسه‌ر ده‌كات و ئاماده نییه هه‌تا كتێبفرۆشی بچێت، كۆمه‌ڵگایه‌ك كه تیایدا ئاستی خوێندنه‌وه ئه‌وه‌نده نزمه و گه‌نجه‌كانی له جیاتی ئه‌وه‌ی پاره بده‌ن به كتێب ده‌یده‌ن به خواردنه‌وه‌ی وزه‌به‌خش، نه‌ك ته‌نیا كاریگه‌ری ئه‌ده‌ب له‌و وڵاته‌دا كه‌مه، به‌ڵكو ئه‌ده‌بی پله یه‌كی دنیاش ناتوانێت كار له‌و كۆمه‌ڵگایه بكات. كه‌واته كاریگه‌ری ئه‌ده‌ب په‌یوه‌ندی به ئاستی خوێنده‌واری و كاردانه‌وه‌ی كه‌لتوری كۆمه‌ڵگاوه هه‌یه. له‌وانه‌یه هه‌تا ئاستی خوێنده‌واری لای ئێمه به‌رزده‌بێته‌وه بتوانین سوود له فه‌زای وێنه ببینین. له ئه‌فغانستان خه‌ڵك زۆر توند به ئایدیۆلۆجیای خۆیانه‌وه لكاون و له روانگه‌ی خۆیان زیاتر هیچ قبووڵ ناكه‌ن. زۆر وشكن و كاردانه‌وه‌یان تونده. بۆیه توندڕه‌وی له‌وێ زوو ده‌كه‌وێته سه‌رپێ و گه‌شه ده‌كات. زۆر كه‌م خه‌ڵك لایه‌نگری فه‌زای جیاوازن...
*جگه‌له خوێندنه‌وه چ رێگایه‌كی ئه‌ڵته‌رناتیڤ هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین كاریگه‌ری ئه‌ده‌ب دروست بكه‌ین؟
-گه‌لێ رێگای جیاواز هه‌یه. وه‌كو شانۆگه‌ری و مۆسیقا و فیلم. قسه‌كردن سه‌باره‌ت به‌م رێگایانه، پسپۆڕیی زیاتری ده‌وێت، به‌ڵام له وڵاتانی نه‌ریتی وه‌كو ئه‌فغانستان، ئه‌گه‌ر چه‌ند گروپێكمان هه‌بێت به زاره‌كی ئیش بكه‌ن، ئه‌ده‌ب كاریگه‌ری زیاتر ده‌بێت. وه‌كو مه‌لاكان كه چیرۆكی قورئانی به مامه‌ڵه‌ی خۆیان له پشت مایكره‌فۆنه‌كانه‌وه ده‌گێڕنه‌وه و زۆربه‌ی خه‌ڵك له زمانی مه‌لاكانه‌وه فێری چیرۆكه‌كان بوون. مه‌لای چیرۆكبێژ هه‌بوون كه به زاره‌كی ئیشیان ده‌كرد. له ئه‌فغانستانیش له‌وانه‌یه له رێگه‌ی چیرۆكی زاره‌كییه‌وه ئه‌ده‌ب كاریگه‌ری خۆی له كۆمه‌ڵگادا هه‌بێت. هونه‌رمه‌ند یان نووسه‌ر نابێت له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگادا بڕوات، به‌ڵكو ده‌بێت خه‌ڵك له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند یان نووسه‌ردا بڕوات. ده‌بێت له‌سه‌ر خوێنده‌واریی خه‌ڵك ئیش بكرێت، ئه‌وه‌ی له‌م دوو ده‌یه‌ی رابردوودا ئیشی له‌سه‌ر نه‌كراوه.
*ئایا ئه‌ده‌ب له ئه‌فغانستان له دوو ده‌یه‌ی رابردوودا په‌یامی خۆی وه‌كو پێویست گه‌یاندووه له دروستكردنی گوتارێكی باش‌دا سه‌باره‌ت به هه‌ڵوێست له شه‌ڕ و ئاشتی له وڵات؟
-گه‌یاندنی په‌یام به تاكه‌كه‌س ناكرێت، به‌ڵكو له رێگه‌ی ره‌وتی كاریگه‌ره‌وه ده‌بێت، له ئه‌فغانستان ئه‌ده‌ب زۆر په‌راگه‌نده‌یه. ئێمه له ئه‌فغانستان رۆشنبیرانێكی زۆر سیاسیمان هه‌یه كه له‌و سیاسه‌ته نان ده‌خۆن و قه‌ت گوێ به‌و په‌یامه كۆمه‌ڵایه‌تییه ناده‌ن كه له ئه‌ستۆیانه. شاعیرێكی باش رۆژێك وه‌سفی ئوستاد عه‌تا ده‌كات، رۆژێكی تر وه‌سفی ره‌بانی ده‌كات و زیاتر ماستاو بۆ سیاسه‌تمه‌داران ده‌كات. ئه‌م ناكۆكییه ده‌روونیانه‌ی سیاسه‌ت دامێنی ئه‌ده‌بیشی گرتووه. هه‌ر بۆیه كاتێك هیچ ره‌وتێك نییه و گروپه‌كان پێكه‌وه گونجاو نین نابێت چاوه‌ڕێی دروستبوونی گوتار بكه‌ین.
*كه‌واته ده‌بێت چی بكرێت؟
-ده‌بێت ئه‌ده‌ب ئیشی یه‌كه‌می نووسه‌ر و شاعیر بێت. یانی حكومه‌ت پشتیوانی نووسه‌ر و شاعیر بكات، به‌ڵام ئازاد بن. له هه‌موو دنیادا ئه‌مه روویداوه و له‌و شوێنانه‌ی رووینه‌داوه، ئه‌ده‌ب و هونه‌ر له سه‌ره‌تادا وه‌ستاوه. حكومه‌ت ده‌بێت پشتیوانی ئه‌ده‌ب و هونه‌ر بكات. ئه‌مه‌ش ئه‌و شته‌یه كه له ئه‌فغانستان نه‌ك له دوو ده‌یه‌ی پێشوودا به‌ڵكو له سه‌د ساڵی رابردووش‌دا رووینه‌داوه. ئه‌گه‌ر حكومه‌ت بیتوانیایه بودجه‌یه‌ك بۆ نووسه‌رانی راسته‌قینه دابین بكات، ده‌بووه هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌ده‌ب ببێته ئیشی یه‌كه‌می نووسه‌ر و ئیتر خه‌می نانی نه‌بوایه.
*ئه‌گه‌ر بابه‌تێكت ماوه و قسه‌مان له‌سه‌ر نه‌كردووه ده‌توانیت باسی بكه‌یت؟
-له دنیای تردا، ئه‌ده‌ب خوێنه‌ری هه‌یه. كتێبه‌كه‌ت ده‌فرۆشرێت. له ئه‌فغانستان حكومه‌ت پشتوانی نووسه‌ر و كتێب ناكات، خوێنه‌رانیش پشتیوانی نووسه‌ره‌كه‌ی خۆیان ناكه‌ن. بیرمه رۆمانی (سه‌ما له مزگه‌وت) هێشتا عه‌رز نه‌كرابوو، رۆژانه سه‌دان نامه‌م بۆ ده‌هات داوایان لێده‌كردم نوسخه‌ی (PDF)یان بۆ بنێرم، به‌بێ ئه‌وه‌ی له‌وه تێبگه‌ن ئه‌و (PDF)ه ماڵی من نییه، به‌ڵكو فرۆشراوه. له‌ناو خه‌ڵكیشدا پشتیوانی له نووسه‌ر نه‌بووه به‌كه‌لتور، به‌ڵام جار به‌جارێ تروسكه‌ی هیوا هه‌ر هه‌یه.
سه‌رچاوه: www.heratps.org