قوباد تاڵەبانی: ئامادەكارییەكان بە جۆرێك بن خوێندكار بە بێ گرفت تاقیكردنە‌وە بكات

09:06 - 2022-05-18
کوردستان
476 جار خوێندراوەتەوە

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران سە‌رپە‌رشتی كۆبوونەوەیەكی باڵای كرد بۆ رێكخستنەوەی پرۆسە‌ی تاقیكردنەوەكانی وەزاریی پۆلی 12 و ئامادەكارییە‌كان بۆ بەڕێوەبردنی تاقیكردنەوەكان لە كەشێكی ئارام و بێ كێشەدا.
لە كۆبوونەوەكەدا، كە دوێنێ بەئامادەبوونی وەزیری پەروەردە، خوێندنی باڵا، ناوخۆ، كارەبا، پێشمەرگە، گواستنەوە و گەیاندن و سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وە‌زیران بەڕێوەچوو، تاوتوێی چۆنێتی چارەسەركردنی هەموو كێشە و گرفتەكانی بەردەم بەڕێوەچوونی تاقیكردنەوەكان كرا و بڕیاری پێویستیان لەبارەوە درا.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا، وەزارەتی كارەبا راسپێردرا ئامادەكاریی تەواو بكات بۆ ئەوەی كارەبای بەردەوام بۆ هۆڵی تاقیكردنەوەكان دابین بكرێت، وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنیش راسپێردرا لەگەڵ كۆمپانیاكانی ئینتەرنێت هەماهەنگی تەواو بكات بۆ ئە‌وە‌ی بڕیار لە‌سە‌ر چۆنێتی مامە‌ڵەكردن لە‌بارە‌ی ئە‌و پرسە‌وە بدرێت‌. بڕیاریشدرا لە هەموو شارەكان ژووری ئۆپەراسیۆنی تایبەت پێكبهێنرێت بۆ هەماهەنگی لە نێوان هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكاندا. تاوتوێی چۆنێتی رێكخستنی بەشداریكردنی ئەو خوێندكارانە‌ش كرا كە لە ریزی هێزە ئەمنی و سەربازییەكاندان.
لە كۆبوونەوەكەدا قوباد تاڵەبانی، جەختیكردەوە «دەبێت ئامادەكارییەكان بە جۆرێك بكرێت، كە خوێندكاران بێ گرفت تاقیكردنە‌وە‌كان بكە‌ن و شكۆ و رێزی مامۆستایانی بە‌ڕێزیش پارێزراو بێت».
لە‌كۆتایی كۆبوونەوە‌كە‌شدا، باس لە‌ پرۆسە‌ی وە‌رگرتنی خوێندكاران كرا لە‌ زانكۆ و پە‌یمانگاكاندا و بڕیاردرا ئامادە‌كاری بۆ ئە‌و پرسە‌ش بكرێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان