سەنا عەتەوی
و: تارا شێخ عوسمان
تاکەکەس هەر هێندەی تێکەڵی جەماوەرێکی دیاریکراو بوو، هەندێک رەفتاری تایبەت لەوان وەردەگرێت کە ئەگەر بە تەنها بمێنێتەوە هەرگیز ئەوەی تێدا دروست نابێت، چونکە بەو تێکەڵبوونە ئازاتر دەبێت و بە تواناتر دەبێت لە گوزارشتکردن لەوەی لە مێشکیدا دەگوزەرێت
تیۆرەکانی زانای فەرەنسی گۆستاڤ لۆبۆن پەیوەست بە هەڵسوکەوتی جەماوەر و سایکۆلۆجیای ئەقڵی بە کۆمەڵ سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنا لە بواری دەروونناسی کۆمەڵایەتی و تا ئەمڕۆش سەرچاوەیەکی سەرەکیی و گرنگە بۆ دەروونناسان و بڕیار دروستکەران و هەموو ئەوانەی بۆ رێگەیەک دەگەڕێن بۆ کاریگەریی خستنەسەر کۆمەڵێک و ئاڕاستەکردنی هۆشیارییەکەیان یان بە بەهرەیەکەوە قسە بۆ ئەو کۆمەڵە دەکەن، زۆرجار لۆژیکی ئەقڵی تاکەکەس تێدەپەڕێنێ.
سایکۆلۆجیای جەماوەر سەلماندویەتی کە سایکۆلۆجیای تاک پێچەوانەی سایکۆلۆجیای بەکۆمەڵ و ئاپۆرایە، کۆمەڵ یەک کەسایەتی گشتگیری هەیە کە جیاوازە لە کەسایەتی تاک، هەروەها ئەوەشی سەلماندووە کە تاکەکەس هەر هێندەی تێکەڵی جەماوەرێکی دیاریکراو بوو، هەندێک رەفتاری تایبەت لەوان وەردەگرێت کە ئەگەر بە تەنها بمێنێتەوە هەرگیز ئەوەی تێدا دروست نابێت، چونکە بەو تێکەڵبوونە بوێرتر و ئازاتر دەبێت و بە تواناتر دەبێت لە گوزارشتکردن لەوەی لە مێشکیدا دەگوزەرێت.
ئەم زانستە قوڵتر راڤەی ئەو میکانیزمەی کردووە کە جەماوەر دەبزوێنێت و بژاردەکانی دەستنیشان دەکات و سەلماندویەتی کە چۆن ئەو بڕیارانەی کۆمەڵێک تاکی ژیر دەیدەن زۆر جیاواز نییە لەو بڕیارانەی کۆمەڵیک کەسی گێل دەیدەن، چونکە لە دۆخی حەشاماتدا هیچ شوێنێک بۆ بیرکردنەوەی سەربەخۆ و لێکدانەوەی تاکە کەسیی نامێنێتەوە، ئەوە تەنها رۆحێکی زاڵ و کۆنترۆڵکارە (ئەوە رۆحی جەماوەر)ە.
بەم شێوەیە جەماوەر هۆشیاریی تاکە کەس تێدەپەڕێنێت و دەبێتە پێکهاتەیەکی گشتی و جیاواز و بڕوای بە دادگاییکردنی عاقڵانە نییە، بەڵکو بڕوای بەو شتە هەیە کە گشتیی و چوارچێوەدارە، بۆیە گوتاری وڕێناوی و ئامانجی رەها و بیروڕای سڕکەری دوور لە واقیع سەرکەوتوو دەبێت لە جوڵاندنیدا، بە بڕوای دەروونناسان و شیکردنەوەکانیان، هەموو شتە تاکەکەسییەکان یان عەقڵانییەکان دەبێتە خۆراکی مێگەل و بە ساتێک دەبێتە قوربانیی هاتوهاواری حەشامات، تێگەیشتن لەمەش بەلای مرۆڤەوە هەروەکو یەکەم تێگەیشتنێتی لە هەورە بروسکە و باران و لافاو، ئەوە شیکردنەوەی میکانیزمی ئەو دیاردانەیە کە رەنگە مەرگهێن بن یان بەسوود بن کە دەبێت کۆنترۆڵ بکرێن.
سەرەڕای ئەوەی لەم سەردەمەدا جەماوەر وەک هێزێکی نادیاری شیاوی هەڵپژان و کۆنتترۆڵ نەکراو پاشەکشەی کردووە، بەڵام هێشتا ئەو هێزە مەزنەیە کە دەتوانێت کاریگەر بێت تەنانەت ئەگەر لە شوێنیکیشدا کۆنەبنەوە، بەڵام شۆڕشی پەیوەندییەکان مەرجەکانی جەماوەر و پێناسەکەی گۆڕیوە، شوێنێکی زۆر بەهێزتر و کاریگەرتری دابینکردووە و چوارچێوەی جیهانێکی مەرکەزی بۆ دروستکردوون کە تێیدا کۆمەڵی جیاواز کۆبوونەتەوە کە ئەویش تەکنەلۆژیایە، رۆڵی تەکنەلۆژیا لە کۆکردنەوە و گردبوونەوەی جەماوەردا بە جۆرێکە کە ئەو جەماوەرە دەتوانێ هەندێک بیروڕای هاوشێوە بهێننەدی و بێزاری خۆیان لە رووداوێک یان دیاردەیەک دەربڕن، کەواتە ئەوە جەماوەرە کە دەتوانن لە یەک ساتدا لەسەر شوێنێک بۆ گردبوونەوە کۆک بن، تەنانەت ئەگەر لە رووی جوگرافیاشەوە لەیەک دوور بن.
هەرچەندە پرسی ناسنامەی تاکەکەسی لە کۆمەڵێکدا و پەیوەندییەکانی نێوانیان مادەیەک بووە بۆ شیککردنەوە و تاقیکردنەوە، بە تایبەت کاتێک دەچێتە چوارچێوەی جەماوەر یان حەشاماتەوە کە پاڵ بە تاکەکانەوە دەنێت لەیەک ساتدا هەمان شت بکەن و ملکەچیی رەهایان هەبێت، ئەمەش جۆرێک لە پەیوەندی تایبەت لە نێو ئەو گروپانەدا دروست دەکات.
ترسی مێژوویی لە رۆحی جەماوەر
مێژووی سەدەی نۆزدە هەمووی مێژووی ململانێ بوو لە نێوان شۆڕش و هەڵگەڕانەوە لەو شۆرشانە، ترسیش لە چینە میللییەکان باڵی کێشابوو بە سەریدا، لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەدا زانست سەرکەوت و قەیرانی سیستمە دیموکراسییە پەرلەمانییەکان زیاتر بوو، جیهان شاهیدی دەرکەوتنی سۆسیالیزم و هەڵکشانەکانی و دەرکەوتنی هێزە میللییەکانی هاوڕێی بوو، دوای ئەوەی فەرەنسا لە شەڕی 1870 لەگەڵ ئەڵمانیا دۆڕا، دۆخێکی یاخیبوونی جەماوەری بەخۆوە بینی و لە سایەی لاوازی حکومەتەکان و پارتە سیاسییەکان و بێتوانایی لە رووبەڕووبونەوەی یاخیبووەکاندا، فەرەنسا هەستی بە دوو مەترسی دەکرد، یەکەمیان مەترسی دەرەکی بوو کە ئەڵمانیا بوو. دووەمیشیان ناوخۆیی بوو کە خۆی لە شۆڕشی فەرەنسادا دەبینییەوە کە زیاتر لە سەدەیەک بوو بەردەوام بوو.
لۆبۆن کە یەکەمین بیرمەندی ئەو قۆناغە بوو لە کاتی توێژینەوەکانی لەبارەی پرسەکانی دەرونناسییەوە بەر دیاردەی (جەماوەر) کەوت، بەتایبەت بزووتنەوە میللییەکان و تیرۆر، ئەمەش وایلێکرد تیۆرەکەی سەبارەت بە دۆخی گەلان لەلا فۆرمۆڵە ببێت و زۆر شتیشی وەک ئیلهام بۆ بونیادی توێژینەوەکەی لە مێژوونووسی کۆمەڵناس (هیبۆلت تین) و (گۆبینۆ)ی بیرمەندی رەگەزپەرست لە سەر ئاستی هەموو ئەوروپا وەرگرت.
لۆبۆن لەبەرامبەر جەماوەردا هەستی بە گاڵتەجاریی دەکرد، چونکە لە بنەڕەتدا سەر بە کلتوری لیبراڵی بۆرژوازی بوو، دژی شۆڕش و بیرۆکەی سۆسیالیستی بوو، کە ئەوکاتە لە هەڵکشاندا بوو، لەبەرئەوە لەو کاتەدا لەلایەن ناوەندە رۆشنبیری و ئەکادیمییەکانەوە بە هۆی ئەوەی سەر بەو چینە بوو رەتدەکرایەوە، لەلایەکی تریشەوە بە هۆی ئەوەی بزوتنەوە فاشییەکانی ئەوروپا بیروڕاو شیکردنەوەکانیان پێ پەسەند بوو بە فاشیی دەدرایە قەڵەم، لە هەموو ئەوانەش زیاتر خودی هیتلەر و مۆسۆلینی خوێنەری تێزەکانی بوون، ئەمەش هۆکارێکی گرنگ بوو تا لە ناو حەشاماتدا ببوغزێنرێت. لەبەرئەوەی جەماوەریش بووبووە دیفاکتۆ و شتێکی راستەقینە، لۆبۆنیش وەک زانا و توێژەر نەیدەتوانی گاڵتە بەو راستییە مادییە بکات، بۆیە کەوتە لێکۆڵینەوە و تێگەیشتن، بەو شێوەیە دەستیکرد بە توێژینەوەی زانستی لەبارەی دیاردەی جەماوەرەوە و جەختی لەوەکردەوە کە رۆحی جەماوەر لە هەڵچوونە سەرەتاییەکان دروست بووە و بە هۆی بیروڕای ئیمانی بەهێزەوە ئاراستە دەکرێت و زۆر دوورە لە بیرکردنەوەی ئەقڵمەندانە و لۆژیک. هەروەک چۆن رۆحی تاک ملکەچی دنەدانی خەولێخەری موگناتیسییە، رۆحی جەماوەریش ملکەچی دنەدانی یەکێک لە بزوێنەرەکان یان ئەو سەرکردانەیە کە دەزانن چۆن ویستی خۆیان بسەپێنن.
لۆبۆن لە کتێبی (سایکۆلۆجیای جەماوەر)دا کە بە یەکێک لەو کتێبە هەرە گرنگانە پۆلێنکراوە کە لە سەدەی بیستەمدا بڵاوکراوەتەوە و بووەتە بنەمای چەند راستییەک کە پەیوەندی بە دەرونناسیی کۆمەڵەوە هەیە، لەسەر چەند راستییەکی حاشاهەڵنەگر وەستاوە کە بۆ ماوەی سەدەیەک درێژەیان هەبووە، ئەمەش نیشاندەری خۆراگریی توێژینەوەکانێتی لە بواری ئەو زانستەدا لەبەرامبەر ئەو هەموو دۆزینەوە و توێژینەوە نوێیانەدا وەک سەرچاوەیەکی جێگیر ماوەتەوە کە زۆر شتی پێش خۆیان لە ناوبرد، زۆربەی توێژەرەوەکانیش پشتیان بەو کتێبەی لۆبۆن بەستووە و تیۆرەکانی بۆ توێژینەوە لەو دیاردەیە، هەروەها دەوترێت تیۆرەکەی لۆبۆن زۆر روون و ئاسان بوو، چونکە لەسەر ئەو بیرۆکەیە دایڕشتبوو کە دەیوت: هەموو کارەساتەکانی رابردووی نزیک کە بەسەر فەرەنسادا هات و شکستەکانی ئەو وڵاتە، هۆکارەکەی هێرشی جەماوەر بووە بۆ شانۆی مێژوو و نەزانی بووە لە روبەڕووبوونەوەیدا، لۆبۆن خەونی بە پێگەیەکی ئەکادیمی بەرزەوە دەبینی و دەستیکەوت، ئەویش دوای ئەوەی تیۆرێکی زانستیی تێر و تەواو و یەکگرتووی خستەڕوو و بەهۆی ئەوەوە بۆ یەک قۆناغی تەواو وەک مامۆستای فیکر ناسرا و تا کۆتایی ژیانیشی ئەو پێگەیەی پاراست و لە بیستەکانی سەدەی رابردووودا تیۆرەکەی گەیشتە ترۆپک و هەر ئەو زانستەش دەستەبژێری دیموکراسیی بەرەو خۆی راکێشا، چونکە لەو تیۆرەدا راڤەی زانستی تەواویان بۆ ترسی قووڵی جەماوەر و ئەو رێسایانەی کە یارمەتیدەرن بۆ کۆنترۆڵکردنی توندوتیژی جەماوەر دەدۆزییەوە.
جەماوەر واتە توانەوەی تاک لەناو گروپدا و خەواندنی لەلایەن سەرکردەوە
پڕۆگرامی لۆبۆن
لۆبۆن لە پڕۆسەی دەست نیشانکردندا پەنای بۆ زانستی مێژوو و زانستی ئابووریی نەبردووە، بەڵکو سوودی لە سایکۆلۆجیا بینیوە کە سەلماندویەتی جەماوەر یەک رۆحی هەیە و ملکەچی یەک سەرکردە و بزوێنەرە کە بەڕێوەی دەبات و کۆنترۆڵی دەکات، ئەمەش عەقڵیەتێکی هاوبەشە کە هەموو حەشاماتێک لە کاتی یەکبوونیاندا هەیانە، هەرکە کەسێک تێکەڵ بە کۆمەڵ بوو دەگۆڕێت و دەتوێتەوە.
دەستنیشانکردنی پرۆگرامی شیکردنەوەی سایکۆلۆجیای تایبەت بە تاکەکان جیاوازە لەو پڕۆگرامانەی تایبەتن بە گروپەکان، بەڵام لە دواجاردا میللەتەکان هاوشێوەی کارەساتی سروشتی کتوپڕن، لە رێڕەوی ناهۆشیاریاندا شیاوی ئەوە نین گفتوگۆیان لەگەڵ بکرێت، شۆڕشەکان، ئاپۆرەکان و تەنانەت جەماوەری تۆپی پێ و جەماوەری ناو تۆرە کۆمەڵایەتییەکانیش، هەمویان ئەو دیاردانەن کە هەمان میکانیزم ملکەچی کردوون و هەمان مەترسییان هەیە، چونکە هەمویان پێشتر و ئێستاش لەژێر یەک ناونیشاندان و لە چوارچێوەی یەک سایکۆلۆجیادا دەجووڵێن کە سایکۆلۆجیای جەماوەرە. هەندێک پرس جەماوەر دەکاتە یەک پارچەی یەکگرتوو وەک ئەوەی پەیوەستکەرێکی نەبینراو لە نێوان تاکەکاندا هەبێت. دەشتوانرێت تیۆرەکەی لۆبۆن لە سێ خاڵی سەرەکیدا کورت بکرێتەوە، کە بریتییە لە:
جەماوەر دیاردەیەکی کۆمەڵایەتییە
پرۆسەی دنەدان ئەوە راڤە دەکات کە تاک لەناو حەشاماتدا دەتوێتەوە، سەرکردەی هاندەر و دنەدەر هیپنۆتیزم بۆ جەماوەر دەکات. جەماوەری دەروونی جیاوازە لە گردبوونەوەی ئاسایی و هەڕەمەکی بێ مەبەستی مرۆڤ. تاک بە شێوەیەکی هۆشیارانە و مەبەستدار دەجووڵێتەوە، بەڵام جەماوەر بە پێچەوانەوە، بە مانایەکیتر هۆشیاریی هی تاکە کەسە و ناهۆشیاری هی حەشاماتە، جەماوەر بە سروشتی خۆی خۆپارێزە و هەمیشە ئەوە دووبارە دەکاتەوە کە هەڵیگێڕاوەتەوە یان وێرانی کردووە، چونکە رابردووی بەهێزترە لە ئێستای، تەواو وەک کەسێک کە هیپنۆتیزمی بۆ کرابێت، هەروەها جەماوەر هەمیشە ملکەچی سەرکردەیەکی بزوێنەرە و پڕوپاگەندەش بنەمایەکی تەواو نا عەقڵانەی هەیە.
وەرزش داهێنراوێکی جەنگییە؟
نووسەر و ئەدیبی ئەرجەنتینی (خۆرخی لویس بۆرخیس) ئەوکاتە رق و شیکردنەوەی رەخنەیی خۆی بۆ تۆپی پێ خستەڕوو کە زۆر قووڵ تێڕاما و بە تەواوی رەگوڕیشەی ئەو یارییانە و تەوزیفە سیاسییەکەی لە لای گەلانی وڵاتە لاتینییەکان خستە ژێر باس و لێکۆڵینەوە، ئەو یارییانە و جەماوەرەکەی چەند وتەیەکی هەیە و دەڵێت: ئەو یارییانە وەک بڵاوبوونەوەی پەتای گێلی وایە. دەشڵێت: لە رووی جوانییەوە ناشیرینن. ئەمانەش بەڵگەن بۆ رەخنەکانی دواتری و مەترسی خۆشی دەربڕیوە لە کلتوورە جەماوەرییەکان، کە بە شێوەیەکی بەرنامە بۆ دارێژراو لە لایەن فاشیزم و بارۆنییەکانەوە دەقۆزرێنەوە.
ئەو دەنگانەی بە شێوەیەکی جادویی بە فیڕۆ دەدرێن و جەستە و قووڵتر لە جەستە تێدەپەڕێنن، ئەو لایەنگیرییە بۆ هەموو شتێکی بەهێز جۆریکە لە هەستکردن بە هێز کە ئایدیۆلۆژیا زۆرە هاوچەرخ و کۆنەکان قۆستویانەتەوە بۆ ئەوەی دەستبگرن بەسەر هۆشیاریی ئەو جەماوەرەی تا رادەی قوربانیدان تینووە بۆ قۆستنەوەی ئەو پێویستیەی کە پەیوەستە بە جووڵەی تاک لە ناو کۆمەڵێکدا. ئەم مەترسیانەش نهێنی رقی بۆرخیس بوو بۆ یاری و زۆر کەسیش لەگەڵ ئەو بۆ چوونانەی بۆرخیس کۆک بوون و لەوە زیاتریش دەڕۆیشتن کە یاریی و کۆبوونەوەی جەماوەر لەیارییەکان چەند خاڵێکی تری نەرێنی هەیە لەوانەش توانەوەی تاکێکی هۆشیارە لە ناو کۆمەڵێکی ناهۆشیاردا.
زۆر کەسی تریش دەڵێن: وەرزشە جەستەییەکان لە بنەڕەتدا داهێنراوێکی جەنگین و گۆڕاون بۆ کۆمەڵە ئامرازێکی نمایشی بۆ ئەوەی پیاوان لە کاتی ئاشتیدا مۆرکە جەنگییەکەی هەڵمژن، بەمەش دوو کاری گرنگ دەکات: یەکەم لە خاڵیبوونەوە و داماڵینی هەستی توندوتیژییە لە پیاواندا و دووەم مەشق و ئامادەکردنی پیاوانە بۆ جەنگێکی چاوەڕوانکراو. ئەگەر گریمانەی راستی ئەو بنەما مێژووییەی داهێنانی ئۆلۆمپیادی گریکی و شانۆکانی رۆمان (کۆلۆسیۆم) بکەین کە زۆر راشکاوانە بووە لە گۆڕینی جەنگی خوێناوی نێوان پیاوەکان یان پیاوان لەگەڵ ئاژەڵی دڕندە و مانەوەی ئەم میکرۆبە مێژووییە بەو شێوەیەی ئێستا لە وەرزشێکی ئیسپانی وەک زۆرانبازیی لەگەڵ گادا بەرجەستە بووە، ئەوا دەگەینە نزیککردنەوەیەکی شیکاریی بۆ تێگەیشتن لە کارلێکی بەکۆمەڵی جەماوەر لە یارییەکی فرە هەواداری هاوچەرخی وەک تۆپی پێدا.
سەردەمی سایکۆلۆجیای کۆمەڵایەتی
چەندین فەیلەسوف لەوانە ئەفلاتۆن، ئەرستۆ، ئیبن خەلدون، هۆبز، جان جاک رۆسۆ و ئۆگۆست کۆنت-ی دامەزرێنەری کۆمەڵناسیی باسی سایکۆلۆجیای جەماوەریان کردووە، بەڵام سەدەی بیستەم سەدەی سایکۆلۆجیای جەماوەری بووە کە لەسەر بنەمای زانستی کاری لەسەر کراوە و لە ساڵی1940دا سێ تەوژم لەمبارەیەوە لە کێشمەکێشدا بوون کە ئەوانیش تەوژمی رەفتاری یان ئەزموونی و تەوژمی شیکاری و تەوژمی رۆشنبیری بوون کە ئەمەی سێیەمیان پشتی بە زانستی ئەنتۆلۆژیا بەستبوو. دوای ئەوەش چەندین توێژینەوە سەریانهەڵدا و تێیدا سەرنج خرایە سەر پێکهاتەی کەسایەتی و تێکەڵکردنی بە ناوەندی کۆمەڵایەتی و توێژینەوە سەبارەت بە جیاوازی و خاڵە دژ یەکەکانی گەلان.
هەریەک لەو زانایانەی ئاماژەیان پێدراوە رۆڵیان هەبووە لە بونیادنانی زانستی سایکۆلۆجیای جەماوەری و هەریەکەیان بە جۆرێک تیۆری خۆیان هەیە لەسەر رۆحی جەماوەر و پۆلینی دەکەن.
پۆلێنکردنی جەماوەر
بیرۆکەی جەماوەر سێ پۆلینی بۆ دانراوە کە بریتییە لە گردبوونەوەی تاکەکان بە شێوەیەکی کاتی لە شێوەی دامەزراوەیەک دژی بە دامەزراوەیەکیتر، هەروەها وتراوە کە جەماوەر بە سروشتی خۆی شێتە و تاوانکاریشە، دەروونناسی شیکاریی ئەو سێ وەڵامەی رەتکردووەتەوە کە بۆ پرسیاری سەرەکی سەبارەت بە بوونی جەماوەر کراوە، تەنها ئاماژە بەوە دەکات کە تایبەتمەندی سەرەکی جەماوەر بریتییە لە توانەوەی رۆحی تاکەکان لە رۆحێکدا و سۆزێکی هاوبەشە کە جیاوازییە کەسیییەکان لەناو دەبات و ئاستی توانای ژیریی تاکەکان کەمدەکاتەوە و وەک پێکهاتەیەکی کیمیایی وایە کە لە توانەوەی چەند توخمێکی جیاوازەوە دروست دەبێت، هەروەها ئەو کەسەی کە دەچێتە ناو جەماوەر بەو کەسە دەچوێنرێت کە هیپنۆتیزمی بۆ کراوە، ئەمەش لە زانستی پزیشکیی دەروونییەوە خوازراوە کە لەو کاتەدا خەواندنی موگناتیسیان وەک یەکێک لە چارەسەرەکان بۆ بەکارهێناوە.
سەرچاوە: گۆڤاری القافلة