ئاماژەکانی رەنگ لە خێزانی شاهانەدا

10:42 - 2023-09-24
دووتوێ
495 جار خوێندراوەتەوە
خێزانی شاهانە زیاتر رەنگی شین دەپۆشن

ئا: هەڤاڵ هاوار


رەنگەکان لە مێژە بۆ کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی ماناداربوون و ئاماژەی تایبەتیان هەڵگرتووە، هەرچەندە رەنگە ئەو پەیامانەی رەنگەکان بە شێوەیەکی گشتی و لە دۆخە گشتییەکاندا دەیگەیەنن کەمێک جیاواز بن، بەڵام ئەو تیۆرانەی لێکۆڵینەوە لە رەنگەکان دەکەن، بە گشتی پێمان دەڵێت رەنگی شین ئاماژەیە بۆ ئارامیی و بەرپرسیارێتی. هەروەها هەڵبژاردنی رەنگەکان لەنێو کۆمەڵگە جیاوازەکاندا، مانای جیاوازیان هەیە. بۆ نموونە لە کۆمەڵگەی کوردیدا رەنگی سوور لە وەرزی بەهاردا هەم ئاماژەیە بۆ گوڵاڵە سوورە و هەمیش ئاماژەیە بۆ خوێنی شەهیدان، بەڵام لە وەرزی پایزدا تێکەڵ بە هەندێک بابەتی ئەفسانەیی دەبێت و زۆرجار وەک ئاماژەیەک بۆ قوربانیکردن یان بەڵای خودایی لێکدەدرێتەوە.

ئاماژەیە بۆ دۆخی دەروونی و کۆمەڵایەتی
هەر لەو چوارچێوەیەدا، هەڵبژاردنی رەنگی جلوبەرگ ئاماژەیە بۆ دۆخی دەروونی و کۆمەڵایەتی و کەسێتی ئەو کەسەی جلوبەرگەکەی لەبەردایە، جلی رەش لە زۆربەی کۆمەڵگەکاندا، ئاماژەیە بۆ پرسە و جلی سپی زۆرجار دەدرێتە پاڵ جلی بووک. بەڵام بە شێوەیەکی گشتی رەنگی جلوبەرگ جگەلەوەی هێمایەکە بۆ جوانی و جوانپۆشی هاوکات بۆ کەسە بەناوبانگەکان و سیاسەتمەدار و ئەکتەرەکان ئاماژەیەکی شاراوەی هەڵگرتووە.
زۆرینەی جلوبەرگی بنەماڵەی پاشایەتی بەریتانیا، لە بۆنە رەسمییەکان و سەردانەکانیان و ئاهەنگە سیاسی و کۆمەڵایەتی و نیشتمانییەکانی بەریتانیادا، رەنگی شین یان شینی ئاسمانی تێدا زاڵە، بە جۆرێک هیچ ئەندامێکی ئەو خێزانە نییە چەند جارێک بە جلی شینەوە دەرنەکەوتبێت.
لەنێو ئەندامە چالاک و دیارەکانی بنەماڵەی شاهانەدا، کەیت میدلتۆن زۆرجار لە بۆنە رەسمییەکاندا جلی شین بۆ خۆی و خێزانەکەی هەڵدەبژێرێت، شارەزایان پێیان وایە هەڵبژاردنی رەنگی شین و جۆرە جیاوازەکانی ئەو رەنگە، هەڕەمەکی نییە، هەروەها هەڵبژاردنیشی تەنیا بۆ جوانی نییە، بەڵکو ئەوە نیشان دەدات ئەندامانی بنەماڵەی شاهانە چەند وانەیەک لە شاژنەوە فێربوون و ئێستا خەریکی جێبەجێکردنین.

لە رێگەی جلوبەرگەکانیانەوە پەیام دەگەیەنن
هەرچەندە ئەندامانی بنەماڵەی شاهانەی بەریتانیا بۆیان نییە لێدوانی سیاسی بدەن، بەڵام لە رێگەی جلوبەرگەکانیانەوە پەیامی ورد و گرنگ دەگەیەنن، بۆ نموونە کەیت میدڵتۆن لە سەردانێکیدا بۆ ناوەندی رۆشنبیری ئۆکرانیا، راستەوخۆ دوای لەشکرکێشی روسیا بۆ سەر ئەو وڵاتە، بە هەڵبژاردنی هەمان رەنگی ئاڵای ئۆکرانیا، پشتیوانی خۆی بۆ ئۆکرانیا نیشان دا، بۆیە حەز و خواستی ئەو خێزانە بۆ هەڵبژاردنی رەنگی شین، بابەتێکی هەڕەمەکی نییە، چونکە بە وریاییەوە ئاگاداری ئەو پەیامانەن کە لەڕێی جلوبەرگەکانیانەوە دەیگەیەنن. 
ئەلیزابێس هۆڵمز، نووسەر و توێژەری شێوازی ژیان و هەڵسوکەوتی شاهانە، بە میدیاکانی بەریتانیای وتووە: شاژن ئەلیزابێسی دووەم، پێش ئەوەی کەسێک بزانێت چی دەکات؟ یان پشتگیری لە چ جموجۆڵ و بڕیارێکی سیاسی دەکات؟ یاخود بەشداری لە چ بۆنەیەکدا دەکات؟ چاودێران و کەسە شارەزاکان سەرنجی هەڵبژاردنی جلوبەرگەکەی دەدەن و لەو رێیەوە لە راز و نیازە سیاسییەکانی تێدەگەن، چونکە شاژن لەو رێیەوە پەیامەکانی خۆی دەگەیاند.

زۆرترین رەنگی شین لەبەردەکەن
کاتێکیش سەرنجی وێنە گشتییەکانی خێزانی شاهانە لە چەند ساڵی رابردوودا دەدرێت، ئارەزووی ئەو خێزانە بۆ رەنگی شین تابێ زیاتر دەبێت، بۆ نموونە لە یادی لەدایکبوون و بۆنە کۆمەڵایەتی و سیاسی و نیشتمانییەکاندا، زۆرترین ئەندامی ئەو خێزانە بە جلوبەرگی شینەوە دەرکەوتوون. لە راستیدا کەمترین حاڵەت هەیە، کە هیچ کەسێک لە خێزانەکەدا جلی شینی لەبەر نەکردبێت، ئەوەش زیاتر وەک یاسایەکی خێزانی دەردەکەوێت وەک لەوەی رێکەوتێکی ئاسایی بێت.
بێگومان ئاماژەکانی رەنگی شین بۆ بەرپرسیارێتی چ لەڕووی جوانکارییەوە و چ لە رووی مانا تایبەت و شاراوەکەیەوە سەرنجڕاکێشە، بە هەمانشێوە هەندێک بۆچوون جەخت لەوە دەکەنەوە، رەنگی شین بە شێوەیەکی نهێنی و ناڕاستەوخۆ، هەستێکی نیشتمانپەروەری دەگەیەنێت، هەروەها دوای ئاڵۆزبوونی ژینگە و گۆڕانکاری لە کەشوهەوای سەرگۆی زەویدا و پیسبوونی ژینگە، رەنگی شین یەکێکە لە ئاماژەکانی ئاسمانێکی پاک و خاوێنبوونەوەی کەشوهەوا.

سەرچاوە: independent

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان