کاریگەریی کۆمەڵگە لەسەر تاک

09:39 - 2022-05-18
دووتوێ
1796 جار خوێندراوەتەوە

زاخاوی زاراوەکان

سایکۆلۆجیای کۆمەڵایەتی چییە؟
مانای زانستی رەفتارە و هەموو ئەو پڕۆسە ژیریی و پاڵنەر و کاریگەرییانەیە کە لە پشتییەوە بە شێوەیەکی پرۆگرامکراو کار لەسەر ئەو بنەمایانە دەکات، مانای ئەوەیە کەسێک لەو رەفتارانە تێبگات و پێشبینی شێوازەکانی بکات و پلانی بۆ دابنێت بە ئامانجی دۆزینەوەی یاساکانی کارلێکی کۆمەڵایەتی نێوان تاکەکان، هەروەها یەکێکە لە دوو بەشە بنەڕەتییەکەی سایکۆلۆجی، ئەو بەشەی کە شێوازی زانستیی بەکاردەهێنێت بۆ زانین و راڤەکردنی ئەوەی چۆن شتێک کاریگەریی لەسەر کەسەکان دادەنێت لەرێگەی ئامادەیی یان کردەیی یان سەپاندنەوە، تەنانەت ئەو کەسانەش کە وازیان لێدەهێنرێت بۆ کەسانیتر.

مێژووی سایکۆلۆجی کۆمەڵایەتی
مێژووی سەرهەڵدانی سایکۆلۆجی کۆمەڵایەتی بە شێوەیەکی زانستییانە بۆ فەیلەسوفەکانی یۆنانی کۆن و لە سەروو هەمووشیانەوە ئەفلاتون دەگەڕێتەوە کە بە دامەزرێنەری سەرەکیی بابەتەکانی سایکۆلۆجی کۆمەڵایەتی دادەنرێت، چونکە ئەو فەیلەسوفە بنەما سەرەتاییەکانی ئەم زانستەی داناوە و کاتێک باسی سروشتی مرۆڤی کردووە بە نمونەیەکی کۆمەڵایەتی لەقەڵەمی داوە و ئاماژەی بەوەشداوە کە دەکرێت سروشتی مرۆڤ لەگەڵ هەموو ئاراستەکاندا بگونجێنرێت لە رێگەی بەکارهێنانی دامەزراوە کۆمەڵایەتی و پەروەردەییەکانەوە.
لەکۆتایی سەدەی (19) و سەرەتای سەدەی بیستەمدا، چەند زانایەکی تری دەروونناس بە توێژینەوەی جیا جیا لە دەوڵەمەندکردنی ئەم لقە گرنگەی سایکۆلۆجی بەشداربوون و هەریەکەیان هەوڵیانداوە توخمی گرنگ بدۆزنەوە کە بەرپرس بێت لە دەستنیشانکردنی ناخی کۆمەڵ و تاک، ئەمەش لای سیگمۆند فرۆید ئارەزووی سێکسی بوو، لای هێربرت سپنسەر گونجاندنی بایۆلۆژی و پێشبرکێی نێوان کەسەکان بوو، لای ولیام جەیمس-یش نەریت بوو.

قۆناغی دووەمی گەشەسەندنی سایکۆلۆجی کۆمەڵایەتی خۆرئاوایی 
ئەو ماوەیە دەگرێتەوە کە لە بیست و سییەکانی سەدەی رابردووەوە دەستیپێکردووە تا دەگاتە ئەمرۆ، لەم قۆناغەدا کارەکە چووە بواری پراکتیکەوە و بواری تیۆری پاشەکشەی کرد. تایبەتمەندی ئەم قۆناغە نوێیە سەرەتا بە توێژینەوەی سایکۆلۆجیی لە کۆمەڵە کۆمەڵایەتییە گەورەکان دەستیپێکرد و بریتی بوو لە توێژینەوەی سایکۆلۆجی نەتەوە و جەماوەر، یەکێک لەوانەی ئەو کارەی کردووە (تاردو فۆنت)ە، لەم قۆناغەدا سەرنج خرایە سەر توێژینەوەی دەروونی گروپە کۆمەڵایەتییە بچووکەکان، زۆرجاریش ئەو توێژینەوانە پێدراوی گەورە و گرنگیان داوە بە دەستەوە.

سایکۆلۆجیای جەماوەر و زانستەکانیتر 
دەبێت ئەوە بزانرێت کە سایکۆلۆجیای جەماوەر جیاوازە لە لقەکانی تری سایکۆلۆجیا، زۆرجاریش ئەم زانستە لەگەڵ سایکۆلۆجیا و کۆمەڵناسی تێکەڵ دەکرێت، دەبینین سایکۆلۆجیای تاک تیشک دەخاتە سەر توێژینەوە لەشێوە خودییەکانی کەسێک و تایبەتمەندی و بیروڕاکانی، لەکاتێکدا سایکۆلۆجیای کۆمەڵ سەرنجی لەسەر هەڵوێستەکانە، هەروەها توێژەرانی سایکۆلۆجیای کۆمەڵایەتی گرنگی بە کاریگەریی ژینگەی کۆمەڵایەتی و کارلێکە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر هەڵوێستی تاک و رەفتارەکانی دەدەن. سەرەڕای چەندین لێکچوون لە نێوان هەردوو لقی سایکۆلۆجیای کۆمەڵایەتی و کۆمەڵناسی کە هەردووکیان لە هەمان پرس دەکۆڵنەوە، بەڵام هەریەکەیان لە روانگەیەکی جیاوازەوە سەیری پرسەکە دەکەن. هەروەک ئاماژەی پێدراوە سایکۆلۆجیا لەسەر ئاستێکی فراوان سەرنج دەخاتە سەر رەفتاری کۆمەڵایەتی و کاریگەرییە کۆمەڵایەتییەکان و زانایانی کۆمەڵناس گرنگی بە دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکان و ئەو کلتورانەی کار دەکەنە سەر هەڵسوکەوتی کەسەکان دەدەن، بەڵام زانایانی سایکۆلۆجیای کۆمەڵایەتی سەرنج دەخەنە سەر ئەو هەڵویستە گۆڕاوانەی کە کار دەکەنە سەر رەفتارە کۆمەڵایەتییەکانی تاک . کەواتە چی وا دەکات سایکۆلۆجیای جەماوەر جیاواز بێت لە هەموو زانستەکانی تر و لە هەمانکاتدا هاوشێوەیان بێت.

سایکۆلۆجیای جەماوەر و دەروونزانی گشتیی
دەروونزانی گشتیی بنەمای هەموو زانستە دەروونییەکانە و چەند لقێکی دیکەی لێبووەتەوە، سایکۆلۆجی گشتیی هەوڵدەدات بگات بە یاسا گشتییەکانی رەفتار و هەڵسوکەوت بە چاوپۆشین لەو جیاوازییانەی کە لە نێوان کەسەکاندا هەیە و کاریگەرە بە جیاوازیی پەروەردەی کۆمەڵایەتی و ژینگەیی و کلتوری و رۆشنبیریی، بۆیە توێژینەوەی ئەم بەشەش پشتبەستووە بە یاسا بنەڕەتییەکانی ئەو پاڵنەر و تێگەیشتن و فێربوون و بیرکەوتنەوە و بیرخستنەوەیەی لای مرۆڤ هەیە.
لەکاتێکدا سایکۆلۆجیای جەماوەر لە رەفتاری تاکە کەس دەکۆڵێتەوە لە رووی کاریگەرییە کۆمەڵایەتییەکانەوە، لە هەمانکاتدا دەبینین ئەوەی بۆ سایکۆلۆجی گشتی گرنگ نییە، بە لای سایکۆلۆجیای جەماوەرەوە زۆر گرنگە، چونکە ئەمیان توێژینەوە لە رەفتاری مرۆڤ دەکات لە هەڵوێستە جیاوازەکاندا.

پەیوەندی سایکۆلۆجی بە زانستی (ئەنترۆپۆلۆجیا)وە 
زانستی مرۆڤ خستنەڕووی وەسفی شێوەکانی رەفتاری مرۆڤە لە شارستانییەتە جیاوازەکان و شێوازی کارلێکە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکانە کە نەوە دوای نەوە دەگوازرێتەوە، هەرچی سایکۆلۆجیای جەماوەرە تەواو جیاوازە لە ئەنترۆپۆلۆجیا، بەڵام سوودی زۆری لەو پەیوەندی و توێژینەوانە وەرگرتووە کە پەیوەندییان لەگەڵ ئەنترۆپۆلۆجیادا هەیە، بەتایبەت ئەوەی پەیوەندی بە گواستنەوەی کلتور و شارستانییەتەکانەوە هەیە لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکیتر و رادەی کاریگەریی لەسەر مرۆڤەکان، هەروەها بینینی هەندێک شت بۆ توێژەر لەکاتی توێژینەوەکەیدا لە چەند شارستانیەتێک یارمەتی دەدات بۆ تێگەیشتن لە سروشتی مرۆڤ، نەک بە تەنها لە کۆمەڵگەکەی خۆی، بەڵکو لە کۆمەڵگە جیاوازەکانی تریش، بۆ ئەوەی توێژینەوەکەی لەسەر بنەمایەکی گۆڕدراو بێت، ئەمە جگە لە فرەیی ئەزموونە زانستییەکانی توێژەر کە لەسەر کۆمەڵێک هەڵویستی کۆمەڵایەتی جیاواز دەیکەن.

پەیوەندی سایکۆلۆجیای جەماوەر بە زانستی گەشەکردنەوە
زانستی گەشەکردن ئەو زانستەیە کە گرنگیی دەدات بە لێکۆڵینەوە لە گەشەکردنی رەفتاری تاک لە ساتی لەدایکبوونییەوە تا پیربوون، جگە لەوەش گرنگیی دەدات بە رۆڵی فاکتەرە جیاوازەکانی وەک ژینگە و بۆماوەیی و پێگەیشتن لە دەستنیشانکردنی ئەو شێوانە، کە مانای وایە گرنگی دەدات بە پەروەردەی کۆمەڵایەتی و ئەویش پرسی سەرەکییە لە سایکۆلۆجی کۆمەڵایەتیدا کە تایبەتمەندە بە توێژینەوە لە کارییگەرییە ژینگەییەکان لەسەر گەشەکردنی کۆمەڵایەتی تاک.
پەیوەندی سایکۆلۆجیای جەماوەر بە دەروونزانی فیسیۆلۆژییەوە
دەروونزانی فیسیۆلۆژی ئەو زانستەیە کە گرنگی بە ئەرکی ئەندامەکانی جەستەی مرۆڤ دەدات و کار لەسەر کاریگەریی ئەرکی ئەندامەکانی جەستەی مرۆڤ دەکات لەسەر رەفتاری تاکە کەسەکان. بۆ نمونە، کەمبوونی هۆرمۆرنی رژێنە دەرەقییەکان لە خوێندا دەبێتە هۆکاری گۆڕانکاری لە شێوەی گشتیی کەسەکەدا و لە رووی ئەقڵیشەوە زۆر شتی لەبیر دەچێتەوە و توانای سەرنجی کەمدەبێتەوە و ناتوانێت بە ئاسانی کێشەکانی خۆی چارەسەر بکات، لەولاشەوە دەبینین سایکۆلۆجی کۆمەڵایەتی گرنگی بەو فاکتەرە کۆمەڵایەتییانە دەدات کە کار دەکەنە سەر سیمای تاکەکەس، بە شێوەیەکی گشتی کارلێکی زۆر هەیە لە نێوان فاکتەرە کۆمەڵایەتییەکان و ئەندامەکانی جەستەی کەسێک و رەفتاریش دەرئەنجامی کارلێکی نێوانیانە.

پەیوەندی سایکۆلۆجیای جەماوەر بە زانستی ئابوورییەوە
سایکۆلۆجی کۆمەڵایەتی و زانستی ئابووری پەیوەندییەکی راستەوخۆیان بەیەکەوە هەیە، چونکە ئەگەر زانستی ئابووری گرنگی بدات بە دیاردە کۆمەڵایەتییەکان و چالاکییە مرۆییەکان و ئەو شتانەی پەیوەندییان بە پێداویستییە مادی و داراییەکانەوە هەیە، ئەوا سایکۆلۆجی کۆمەڵایەتیش لەگەڵ زانستی ئابووریدا یەکدەگرێتەوە بۆ زانینی ئەو دۆخە کۆمەڵایەتییانەی کەسەکانی تێدا دەژین و کاریگەریی ئەو دۆخە لەسەر پێداویستییە داراییەکانیان ئەمەش بە چەند شێوەیەک کاردەکاتە سەر کارلێکە کۆمەڵایەتییەکانی کەسەکانی ناو کۆمەڵگەیەک.

چەمکی لایەنگری لە سایکۆلۆجیای جەماوەر
لایەنگری کۆمەڵایەتی یەکێکە لە چەمکە بنەڕەتییەکان لە سایکۆلۆجی کۆمەڵایەتی و بەو هۆیەوە لە هەموو کات و شوێنیکدا سروشتی پەیوەندی تاکەکەس بە کۆمەڵەوە دیاری دەکات، لێرەشدا لایەنگریی بە مانای پەیوەست بوون دێت، کە پێچەوانەکەی (نامۆبوونە) و ئەویش مانای دوورکەوتنەوەی کەسەکەیە لە خۆی و لە گروپەکەی، ئەم نامۆبوونەش وا لە تاکەکەس دەکات لایەنگری کۆمەڵایەتی لەدەست بدات یان کەسەکە لە کۆمەڵ دوور بخرێتەوە، یان لە لایەن کۆمەڵەوە رەتبکرێتەوە و سووکایەتی پێبکرێت، بە هۆی جیاوازی لە نەریت یان ئەزموون یان شێوازی ژیانی، کە ناگونجێت لەگەڵ رۆح و بەهاکانی گروپەکەیدا.

رۆڵی هەستکردن بە نامۆیی لە ژیانی مرۆڤدا 
لەبەرئەوەی مرۆڤ بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتییە و ناتوانێت بە تەنها بژی، بوونی بە کارلێکی لەگەڵ کۆمەڵدا دێتەدی و لەگەڵ دەوربەری دەتوانێت زیاتر هەست بە قەوارەی مرۆیی خۆی بکات، چونکە مرۆڤەکان تەواوکەری یەکترن، هەروەها تاکەکان پێکەوە گروپ دروستدەکەن و دواتریش کۆمەڵگە. هەستی پەیوەست بوون چی بە مرۆڤ دەبەخشێت؟
-هەستکردنی کەسێک بە لایەنگیری کۆمەڵ.
-لایەنگیری کۆمەڵایەتی هەستی ئاسودەیی و دڵنیایی بە تاک دەبەخشێت. 
-کاتێک کەسێک هەست بە پەیوەستبوونی کۆمەڵایەتی دەکات، خەسڵەتی پایەندبوونی بۆ دروست دەبێت، هەموو گروپێکیش پێودانگ و بەهای تایبەتی خۆی هەیە کە دەبێت ئەو کەسانەی سەر بەو گروپەن پێوەی پابەندبن.
-کاتێک کەسێک هەست بە پەیوەستبوونی کۆمەڵایەتی دەکات، کاردەکات بۆ گەشەپێدانی تواناکانی خۆی و بەشداری لە چالاکییە جۆراوجۆرەکان و بەرزکردنەوەی پێگەی خۆی لە ناو کەسەکانی تری ناو گروپەکەیدا دەکات.

چەمکی کێشکردنی کۆمەڵایەتی 
چەمکی کێشکردنی کۆمەڵایەتی کە بە یەکێک لەپێودانگە بنەڕەتییەکان دادەنرێت وا لە کەسەکە دەکات بچێتە دۆخی کارلێککردنەوە لەگەڵ ئەوانیتر، ئەوەش ئەو خەسەڵەتەیە کە دەبێت لە کەسێکدا هەبێت کە وا بکات ئەوانیتر مەیلیان بۆی هەبێت و بەرەو لای خۆیان رایبکێشن.
پێویستە چەند فاکتەرێکی یاریدەدەر هەبێت بۆ بەدەستهێنانی ئەو کێشکردنە:
-سیما و روخسار و قسەکردن و لەشولار لەو خەسڵەتە پێویستانەن کە وا دەکات کەسێک لە ناو گروپێکدا پەسەند بکرێت و ئەوانیتر بەلای خۆیدا رابکێشێت.
-لەیەکچوونی هەندێک خەسڵەت لەگەڵ کەسانیتر وا دەکات کەسەکان زۆر مەیلیان بۆ کەسێک هەبێت و لەو کەسە نزیک بکەونەوە و لەوانەش دوورکەونەوە کە وەک خۆیان نین. 
-ئەو کەسەی مەیلی بۆ کەسێک هەیە کە خۆشی دەوێت و لەگەڵیدا ئاسوودە و دڵنیایە لەو کاتەی دوور دەکەوێتەوە هەست بە رق و توڕەیی دەکات.
-هۆگریی، کاتێک کەسێک هەست بە هۆگریی بکات لەگەڵ ئەو کەسانەی ماوەیەکی زۆرە لە گەڵیاندایە، جۆرێک لە کێشکردنی کۆمەڵایەتی لە نێوانیاندا دروست دەبێت.

سەرچاوە feedo. Net

بابەتە پەیوەندیدارەکان