سێڵفی دوای ریفراندۆمیش ماوە

09:53 - 2023-09-25
کوردستان
3384 جار خوێندراوەتەوە

مێژوو هەر شادیی رۆژی ریفراندۆمەكە نانووسێت، مێژوو هەمووی دەنووسێت، ئەوەش دەنووسێت كە لەجیاتی ئەوەی بۆنەی نەتەوەیی بكەنە رۆژی تەبایی و كوردایەتی و كوردبوون و پێكەوەبوون، كردیانە بۆنەی لێكترازان و لێكدابڕان.
پێش بەرواری ریفراندۆم، پەرلەمانیان خڕ داخست و مقەڕی حزبەكانیان لە بادینان سووتاند، ئینجا بۆ ریفراندۆم كردیانە عید میلادی لق و ناوچە و زێرەڤانی.
كەرەستەیان دەستكەوت بۆ تەخوین و تەهوین، بۆ شاردنەوەی چاوساغی ئەمڕۆیان و بۆ لادانە هەمیشەییەكەیان.
مێژوو دەنووسێت، چونكە نیەتەكە باش نەبوو، پەیوەندی بە سەربەخۆیی و سەرفرازییەوە نەبوو، بۆیە لەجێی سەربەخۆیی، سەرەخۆری لێكەوتەوە.
ئەوانە مەبەستیان نەبوو كوردستان سەربەخۆ بێت و ئیتر كەرەستەی موزایەدەی نەتەوەییان لەدەست نەمێنێت، گەرەكیان بوو فەرهەنگی من منۆكی پەرەپێبدەن و بڵێن ئێمە كردمان لێی دەرباز بووین و پاداشتمان دەوێتەوە، ئێوەش لە كەركوك خوێنتاندا كەچی ئێمە یاداشتمان دەبێت لە سەرتان كە واو و وان.
هیچ دیمەنێك ناتوانێت ریفراندۆم و بەدواداهاتووەكانی لە 16ی ئۆكتوبەر شەرح بكات، رووداوەكەی ئەم دواییەی كەركوك نەبێت.
دیمەنی شەڕ لەسەر مقەڕی دنیایی لە رۆژی 2/9/2023 كە تێكۆشەری یەكێتی خوێنی لەسەردا وەكو شانۆی ئەو ساڵەی ریفراندۆم وایە كە هەر پێشمەرگەی یەكێتی نرخەكەی دا و دوایی جەماعەت خۆیان لێدزییەوە.
سەیرە لە كوردستان هەمووی نەك هەر لە كۆیە، وەك چۆن بخوازیت دیمەنی رووداوێك بە دراما دووبارە بكەیتەوە رۆژی (2ی ئەیلولی ئەمساڵ) لە رێگەی شۆراو، رێگەی كەركوك-هەولێر هەمان بەسەرهاتەكانی 25ی ئەیلول تا 16ی ئۆكتۆبەری 2017 بە چڕی و بە مینی رووداو، دووبارە كرایەوە.
رۆژی ریفراندۆم دەبوایە رۆژی یەكێتیی نەتەوەیی بێت بە سەركەوتن و بە ژێركەوتنییەوە، سەركەوتوو بوایە هی ئەوەبوو دەمڕاستانی وڵات باوەش بۆ نەتەوە و نیشتمان، بە هەموو رەنگەكانییەوە بكەنەوە، كە وا نەبوو و (رەبایەكە) نەگیرا، خۆ دەبوایە دەمڕاستان زامەكانی شكست ساڕێژ بكەن و برینەكان نەكولێننەوە، كەچی خوێن و خوێیان پێدا كرد، چونكە مەبەستیان حەفلەكەی لق و عید میلادەكەی ناوچە و شەوە ئاهەنگی زێرەڤانی بوو.
مێژوو ئەمانەش دەنووسێتەوە و هەروا دەنووسێت كە نەوەكانی داهاتوو كڵاو ناچێتە سەریان و سێڵفی دوای ریفراندۆمیش دەبینن، كە خۆ دەچەمێننەوە و هیچ (خۆڕاگر) نینە.

#یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان