هێرشەكەی سەر فڕ‌ۆكەخانەی كشتوكاڵیی عەربەت، عیراق بەرەو سكاڵای یاسایی دەجووڵێنێت

09:54 - 2023-09-25
کوردستان
803 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عیراق، گفتوگۆیان لەبارەی چۆنێتی میكانیزمی پێشكەشكردنی سكاڵای یاسایی سەبارەت بە هێرشی بۆردومانی ناڕ‌ەوا بۆ سەر فڕ‌ۆكەخانەی عەربەت كرد، كە تێیدا چەند ئەندامێكی قارەمانی دژەتیرۆر شەهیدبوون. راوێژكارێكی یاساییش دەڵێت: «حكومەتی عیراق لەڕێگەی وەزارەتی دەرەوە و لایەنە پەیوەندیدارەكانەوە دەتوانێت سكاڵای یاسایی لە نەتەوەیەكگرتووەكان، ئەنجومەنی ئاسایش و دادگا نێودەوڵەتییەكان تۆماربكات لە دژی هەر وڵاتێك، كە سەروەریی خاك و ئاسمانی وڵاتەكەی دەبەزێنێت، بەتایبەتی هێرشەكەی سەر فڕ‌ۆكەخانەی كشتوكاڵی لە عەربەت، كە ژمارەیەك شەهید و برینداری لێكەوتەوە».

وەزارەتەكانی دەرەوە و بەرگریی و دادی عیراق مافی تۆماركردنی سكاڵایان هەیە
د.چیا زەنگەنە راوێژكاری یاسایی، لە لێدوانێكدا بۆ سایتی رەسمیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA دەڵێت: «یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هێزێكی سیاسییە لە كوردستاندا و هەرێمی كوردستانیش، كە بەشێكی دەستووری و فیدراڵی سەر بە عیراقە، هەر پێشێلكارییەكی بەرامبەر بكرێت، یەكێتی دەتوانێت بە هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی هەرێم و عیراق لە دادگا نێودەوڵەتییەكان سكاڵا تۆماربكات لەسەر ئەو وڵاتەی پێشێلكارییەكەی كردووە».

سكاڵای یاسایی لە نەتەوەیەكگرتووەكان، ئەنجومەنی ئاسایش و دادگا نێودەوڵەتییەكان تۆماربكەن
ئاماژەی بەوەشكردووە كە «هەرسێ وەزارەتی دەرەوە، بەرگریی و دادی عیراق، مافی ئەوەیان هەیە لەڕ‌ێگەی حكومەتی عیراقەوە دژی ئەو سنووربەزاندن و پێشێلكارییانەی كە دەكرێتەسەر خاكی عیراق و هەرێم، سكاڵای یاسایی لە نەتەوەیەكگرتووەكان، ئەنجومەنی ئاسایش و دادگا نێودەوڵەتییەكان، لەسەر ئەو وڵاتانە تۆمار بكەن كە بوونەتەهۆی بەزاندنی سەروەریی خاك و ئاسمانی عیراق، كە نوێترین پێشێلكاریش هێرشەكەی سەر فڕ‌ۆكەخانەی كشتوكاڵی عەربەت بوو، كە ژمارەیەك شەهید و برینداری لێكەوتەوە».
ئاماژەی بەوەش كردووە «لەهەمان كاتدا، كەسوكاری ئەو قوربانییانەشی كە لە هێرشی ئەو وڵاتانەدا شەهید و بریندار و زەرەرمەندبوون، مافی خۆیانە شانبەشانی لایەنەكان، لە دادگا نێودەوڵەتییەكان، ئەنجومەنی ئاسایش و نەتەوەیەكگرتووەكان سكاڵا دژی ئەو وڵاتەی هێرشەكەی كردۆتەسەر فڕۆكەخانەی عەربەت، تۆماربكەن».

پرسی سكاڵا لە دژی هێرشبەرانی سەر هەرێم تاوتوێ دەكرێت
لە چەند رۆژی رابردوودا، بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، چاوی بە فایەق زێدان سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عیراق، كەوت و پرسی سكاڵایان لە دژی هێرشبەرانی سەر هەرێم تاوتوێكرد.
لەبارەی دیدارەكەی سەرۆك بافڵ و سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری، پێگەی رەسمیی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عیراق بڵاویكردەوە، «لە چاوپێكەوتنەكەدا هەردوولا گفتوگۆیان لەبارەی چۆنێتی میكانیزمی پێشكەشكردنی سكاڵای یاسایی كردووە، سەبارەت بە هێرشی بۆردومانی ناڕ‌ەوا بۆ سەر فڕ‌ۆكەخانەی عەربەت، كە تێیدا چەند ئەندامێكی دژەتیرۆر شەهیدبوون».

دژەتیرۆر: تاوانەكەی فڕۆكەخانەی عەربەت بێ سزا تێناپەڕێت
رۆژانە هێرشەكانی توركیا بۆ سەر خاكی هەرێمی كوردستان، كە بەشێكە لە عیراق، بەردەوامە و لە نوێترین هێرشیشدا ئێوارەی رۆژی 18/9/2023 لەڕ‌ێگەی درۆنەوە هێرشی كردەسەر فڕۆكەخانەی كشتوكاڵیی عەربەت و لە ئەنجامدا سێ پێشمەرگەی دژەتیرۆر شەهیدبوون و سێ پێشمەرگەی دیكەش برینداربوون.
بەڕ‌ێوەبەرایەتیی گشتیی دژەتیرۆری كوردستان-CTG لەبارەی شەهیدبوونی سێ پێشمەرگەیان لەو هێرشەدا، لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەیان بۆ ئەوە كرد «ئەو تاوانە بەچاوساغی نۆكەرانی بێگانە و سیخوڕ‌انی ناوخۆیی كراوە و بێ سزا تێناپەڕ‌ێت و هەر لایەن و جاسوسێك هاوكاربووبێت، رووبەڕ‌ووی سزا و یاسا و ویژدانی نەتەوەكەمانی دەكەینەوە و تۆڵەی شەهیدەكانمان لە ئەستۆی ئێمەیە و ناهێڵین خوێنی گەشیان بەهەدەربڕ‌وات».
هێرشەكەی سەر فڕۆكەخانەی كشتوكاڵیی عەربەت، جاری یەكەم نییە، كە حكومەتی توركیا بە بیانووی جیاجیا هێرش دەكاتەسەر هەرێمی كوردستان و خاك و ئاسمانی دەبەزێنێت، بەهۆی ئەو پێشێلكاریانەشەوە ساڵانە ژمارەیەكی زۆر هاووڵاتی سڤیل شەهید و بریندار دەبن و ژمارەیەكی زۆر گوندیش دانیشتوانەكەی بەهۆی سنووری جوگرافییان، كە نزیكن لە توركیاوە، لە ترسی بۆردومانی ئەو وڵاتە، ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتووە و بەرەو شارەكان كۆچ دەكەن.

PUKMEDIA

بابەتە پەیوەندیدارەکان