راپۆرتی/ هاوژین عەبدولواحید
یەکێک لە بنەما هەرە گرنگەکانی بەردەوامی ژیان دروستکردنی خێزانە بەشێوەیەکی تەندروست کە رۆڵێکی باڵای هەیە بۆ هێنانە کایەی کۆمەڵگەیەکی تۆکمه، زۆرکات چوونە ناو ئەم ژیانە بە دەروونێکی نەخۆش و شڵەژاوەوە کێشەکان زیاتر دەکات و چارەسەریان ناکات هەربۆیە ناکرێت بە کەموکوڕییەوە بکرێت.
لەم بارەیەوە کاوە عەلی مامۆستا لە زانکۆی کۆیە بەشی دەروونناسی دەڵێت، ژن و ژنخوازی بەهیچ شێوەیەک شڵەژانی دەروونی چارەسەر ناکات، بگرە قووڵتریشی دەکاتەوە تەنها لە حاڵەتێکدا چارەسەرە کە هۆکاری شڵەژانە دەروونییەکە پەیوەندی بەو هاوسەرییەوە هەبێت ئەگەرنا بەکارهێنانی رێگەی ژن و ژنخوازی بۆ باشبوونی دەروون لەکاتی هەبوونی شڵەژانی دەروونیدا زۆر نادروستە.
شڵەژانەکان دوو جۆرن بەشێکیان شڵەژانی دەروونییە بەشێکیان شڵەژانی عەقڵی واتا فسیۆلۆجییە بۆ هەر یەکێکیان چارەسەری جیاواز دەگیرێتەبەر.
زیادبوونی ململانێ کۆمەڵایەتییەکان
شڵەژانی دەروونی ئاست و پلەی جیاوازی هەیە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگۆڕێت، بەڵام بەگشتی شڵەژانی دەروونی چارەسەرکردنی ئاسانترە، بۆیە پێش ئەوەی ئەو کەسە بچێتە ناو ئەو پڕۆسەیەوە واباشترە چارەسەر وەربگرێت و پەلە نەکات لەکردنی تا باش دەبێت.
هاوکات ئەگەر ژن و ژنخوازی کرا و گوێ نەدرا بە دەروونی کەسەکە ئەوا کۆمەڵێک لێکەوتەی زۆر خراپی لێدەکەوێتەوە رەنگە بەکوشتنی خۆی و کەسە نزیکەکانی کۆتایی پێبهێنێت یان تێکچوونی پەیوەندی کۆمەڵایەتی و گۆشەگیر بوون و لێک تێنەگەیشتن و پچڕانی پەیوەندییەکان و کار لە منداڵەکانیشیان دەکات چ لەڕووی پەروەردەوە چ لەڕووی تێکچوونی دەروونییەوە.
زۆرکات بینیومانە ئەو کەسانەی شڵەژانی دەروونییان هەبووە و ژن و ژنخوازییان کردووە رەنگە سەرەتا هیچ کێشەیەکیان نەبووبێت واهەستمان کردووە ئەو کەسە بە تەواوی چاک بووە، بەڵام لەدوای مانگێک کێشە و بەرپرسیارێتییەکان زیاتر دەبن و کەسەکە دەکەوێتە بارودۆخێکی سەختترەوە بۆ ئەم مەبەستەش خێزان رۆڵێکی زۆر گرنگی هەیە، پێویستە رێگربن لەم پڕۆسەیە نەک رێگە خۆشکەربن و بڵێن بەکردنی گرفتەکان کەمدەبێتەوە یاخود نامێنێت، بەڵکو بەپێچەوانەوە ململانێ کۆمەڵایەتییەکان زیاتردەبێت.
خودی پڕۆسەکە دەبێتە کێشەی دەروونی
بۆ نموونە حاڵەت هەبووە باوک سەرەڕای زانینی ئەوەی زانیویەتی کوڕەکەی کێشەی دەروونی هەیە، بەڵام ژنی بۆ هێناوە بە ئامانجی ئەوەی باشتربێت، لەڕاستیدا ئەوە کارەساتە لەبری ئەوەی بیر لە چارەسەری کێشەکەی بکاتەوە بەگرتنەبەری ئەو رێگەیە کێشەکانی قووڵتر دەکاتەوە و دەیخاتە دۆخێکی ئاڵۆزتر.
هاوکات هەر لەمبارەیەوە محەمەد گۆمەشینی توێژەری کۆمەڵایەتی و راوێژکاری خێزانی وتی، ژن و ژنخوازی کێشەی دەروونی چارەسەر ناکات و زۆرجار دەبێتە کێشەی دەروونی، خەڵک هەیە بەهۆی زۆر بیرکردنەوە لەم پڕۆسەیە تووشی کێشەی دەروونی دەبێت و زۆرجار تووشی دابڕان دەبێت لە کۆمەڵگە.
لێکەوتە خراپەکانی لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە
ئەگەر کەسێک تووشی کێشەی دەروونی بێت و لەناو ئەو پڕۆسەیەدا بوو چی بکات؟ بۆیە بابەتی چارەسەرکردنی تێکچوونی دەروون بە ژن و ژنخوازی راست نییە.
هەروەها لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە کۆمەڵێک لێکەوتەی خراپی لێ دەکەوێتەوە وەک جیاوازی دروستکردن لەنێوان ئاستەکانی بیرکردنەوە یان وادەکات ئەو دوو کەسە نەگونجێن لەگەڵ یەکتری، بەهۆی ئەوەی یەکێکیان حاڵەت یان نەخۆشییەکی دەروونی هەیە بەجۆرێک لەجۆرەکان دادەبڕێن و حەزیان بەتێکەڵاوبوون نییە و ناتوانن بەرپرسیارێتی خێزان هەڵبگرن تەنانەت کێشەیان لەگرنگیدان بە خێزان و منداڵ لاواز دەبێت بۆیە ئەو هاوسەرەی کێشەی نییە تووشی حاڵەتێک دەبێت هەستدەکات لەژیانی هاوبەشیدا سەرکەوتنی بەدەست نەهێناوە بۆیە زۆرجار دەگاتە ئەو ئاستەی بیر لەجیابوونەوە بکاتەوە ئەمەش خراپترین دەرئەنجامە بۆ ژن و ژنخوازی.
بێگومان چارەسەرەکان و سەردانکردنی پسپۆڕی دەروونی و کۆمەڵایەتی عەیبە نییە وەک ئەوەی لە کوردەواریدا هەیە، بەڵکو عەیب ئەوەیە خەڵک هەست بکات نەخۆشە چارەسەری خۆی نەکات هەست بکات پێویستی بەڕاوێژە و پرسیار نەکات.
چارەسەری سینگڵێک ئاسانترە
بۆیە پسپۆڕان جەختدەکەنەوە پێش ژن و ژنخوازی چارەسەرکردنی گرفتە دەروونییەکان ئاسانترە، بێگومان چارەسەری سینگڵێک کە تووشی ئەو حاڵەتە بووە لەماڵی خۆی و لەناو خێزانەکەیدا کە هیچ بەرپرسیارێتییەکی وەک بەخێوکردنی منداڵ و ژیانی خێزان و خێزانداری نییە ئاسانترە، بەڵام بەپێچەوانەوە ئەگەر لەناو ژیانی هاوسەریدا بوو ئەوە کێشەکەی گەورەتر دەبێت کەسی نەخۆش لەدوای ئەم پڕۆسەیە دەچێتە ناو خێزانێکی تر پێشتر لەناو خێزانەکەی خۆیدا بووە کە پاڵپشتیان دەکرد هاوکاری بوون بۆ چارەسەر، بەڵام کاتێک دەچێتە خێزانێکی تر مەرج نییە ئەو خێزانە بتوانن بەئاسانی لەگەڵی رابێن بتوانن هاوکاری بکەن و چارەسەری بکەن و نهێنییەکانی بپارێزن.
بۆیە دایک و باوک کاریگەرترین و سەرەکیترین کارەکتەرن بۆئەوەی رۆڵی پۆزەتیڤ بگێڕن بەپیشاندانی رێگەی باش بۆ کوڕ و کچەکانیان ئەگەر زانییان کچەکە یاخود کوڕەکە گرفێتکی دەروونی هەیە خێزانەکە خۆیان هەست بە بەرپرسیارێتی ئەخلاقی و ویژانی و تەندروستی و یاسایی بکەن لەمکاتەدا نەهێڵن ژن و ژنخوازی رووبدات، چونکە کێشەی دەروونی چارەسەری هەیە و نەخۆشی درێژخایەن نییە.