سزاكەی سەر روسیا لابرا

10:55 - 2023-09-25
وەرزش
202 جار خوێندراوەتەوە

ستادیۆم

یەكێتیی نێودەوڵەتیی مەلەوانی و یارییەكانی ناو ئاو، ئەو سزای راگیرانەی كە لەسەر روسیاو بیلۆ روسیا داینابوو لایبرد و بۆ لەمەو دوا وەرزشكارانی ئەو دوو وڵاتە دەتوانن لەسەرجەم بۆنە وەرزشییەكان ئەوانەی تایبەتن بە مەلەو یارییەكانی ناو ئاو بەشداریی بكەن.
ئەوە نزیكەی دوو ساڵە سەرجەم تیپ و یاریزانە كوڕ و كچەكانی ئەو دوو وڵاتە بەتایبەتی تیپەكانی روسیا لەسەرجەم پاڵەوانێتییە كیشوەریی و جیهانییەكان دوورخراونەتەوە و رێگە بە هیچ تیپ و وەرزشكارێكی مەلەو یارییەكانی ناو ئاوی ئەو دوو وڵاتە نادەن بەشداریی بكەن، ئەوەش بە بیانوی هێرشی سەربازی روسیا بۆ سەر ئۆكرانیا.
یەكێتیی نێوەدەوڵەتیی مەلەوانی لە دوا كۆبوونەوەی خۆیدا پاش كفتوگۆ و راگۆڕینەوەیەكی زۆر گەیشتنە ئەو بڕوایەی كە ناكرێت وەرزشكاران ببنە قوربانی بڕیارە سیاسییەكانی وڵاتەكانیان، بۆیە ئەم یەكێتییە بە رەچاو كردنی ئەو خاڵە و بۆ ئەوەی وەرزشكاران لەسیاسەت دووربخرێنەوە و لەبەر ئەوەی كە وەرزشكاران هیچ دەسەڵاتێكیان بەسەر سیاسییەكانی وڵاتەكانیاندا نییە، ئەم بڕیارەیان داو بۆ لەمەو دوا وەرزشكارانی روسیا و بیلا روس بەناوی وەرزشكارانی بێ لایەنەوە دەتوانن بەشداریی سەرجەم پاڵەوانێتییەكان بكەن.
لیژنەی ئۆڵۆمپی نێودەوڵەتیش لەم رووەوە كاریگەری زۆری هەبووە، ئەوەی بەسەرجەم یەكێتییە وەرزشییە جیهانییەكان راگەیاندووە، ئەوانیش هەمان رایان هەبوو کە ناكرێت وەرزش و سیاسەت تێكەڵاوی یەكتر بكرێن، بۆیە یەكێتییەكانی موبارەزە و جەمباز و نیشانشكاندن و جۆدۆ و ریشە و چەند یەكێتییەكی تریش هەمان بڕیاریان داوەو پێیان باشە هەردوو وڵات (روسیا و بیلۆ روسیا) یەكبخرێن و لەژێر ناوی وەرزشكاری بێلایەندا بەشداریی پاڵەوانێتییەكانی ئەوروپا بكەن بۆ گەیشتن بە دوا یارییەكانی ئۆڵۆمپیادی داهاتووی پاریس لە فەرەنسا. 

#ســتادیـۆم

بابەتە پەیوەندیدارەکان