یادەوەریی وەرزشی

10:57 - 2023-09-25
وەرزش
188 جار خوێندراوەتەوە

خەسرەو گورون

86

لە ژمارەكانی پێشووی ئەم زنجیرە باسانەمەدا تیشكێكم خستە سەر نۆ یارییمان لە خولی پلە دووی یانەكانی عیراق-گروپی باكوور  بۆ وەرزی 1989-1990، لەو نۆ یارییە تەنیا یاریی كەرامەمان 3-0 بردەوە:
*سلێمانی× 1 ی حوزەیرانی كەركوك (0-1)،  3/11/1989 لە یاریگای سلێمانی كرا.
*  سلێمانی× كەرامەی شاری كەركوك (3-0)، 10/11/1989 هەرلە یاریگای سلێمانی كرا.
*سەورەی كەركوك×سلێمانی (1-0)، 17/11/1989 لەكەركوك كرا.
*سەڵاحەدین×سلێمانی(2-1)، 24/11/1989 لە تكریت كرا.
*موسڵ×سلێمانی (3-1) ، 1/12/1989 لە یاریگای موسڵ كرا.
*برایەتی×سلێمانی(1-0)، 7/12/1989 لە یاریگای هەولێر كرا.
*سلێمانی×موسڵ (1-2)، 15/12/1989 لە یاریگای سلێمانی كرا.
*1 ی حوزەیران×سلێمانی (2-1)، 5/1/1990 لە كەركوك كرا.
*كەرامەی شاری كەركوك×سلێمانی (2-1)، 12/1/1990 لە كەركوك كرا.
دەیەم یارییمان رۆژی 19/1/1990 بەرامبەر تیپی یانەی سەورەی كەركوك بوو، یارییەكە لە یاریگای سلێمانی كرا، هاندەرێكی زۆر ئامادە بوون و یارییەكەش بەبردنەوەی سلێمانی 2-1 كۆتاییهات، یانەی سەورە بەدرێسی سوور و ئێمەش وەك یانەی سلێمانی بەدرێسی سپییەوە یاریمان دەكرد.
سەعات 3 ی عەسری ئەو رۆژە فیكەی دەستپێك بۆ ئەم یارییەمان لێدرا و ناوبژیوانانیش لە بەغداوە هاتبوون ، خولێخۆشبوو فەهمی فەقێ رەشیدی قەشان و شێخ ئیسماعیل مەحمود سەرپەرشتیاری تیپ بوون، خوالێخۆشبوو حەمەی عەبۆل راهێنەری ئێمە بوو، بۆ یەكەمین جاریش كاك نەجاح راهێنەری گۆڵچی تیپەكەمان بوو، خوالێخۆشبوو د.عەتا چارەسەركەری تیپەكەمان بوو.
لەم یارییەدا ئێمە بە پلانی 4-4-2 یارییمان كرد و پێكهاتەكەمان بەمشێوەیە بوو:
*گۆڵچی: رزگار عەلی.
*بەرگری: خەسرەو گورون-كاپتنی تیپ، ئامانج سەید برایم، سەلام مەحمود، تەنیا حەسەن تەنیا.
*ناوەند: داخل جەبار، رەئوف رەحیم، ئالان قادر، هادی كەریم.
*هێرشبەر:بەختیار رەشید، بەكر شێخ مستەفا.
لە یارییەكەدا سەرەتا ئێمە وەك تیپی یانەی سلێمانی دووگۆڵمان كرد، یەكەمیان لە دەقیقەی 13 دا بەرگریكارێكی تیپی سەورە بەهەڵە گۆڵێكی لە خۆیان كرد، پاشان ئالان قادر لە دەقیقەی 32 دا گۆڵی دووەمی ئێمەی كرد و تایمی یەكەم بەو ئەنجامە كۆتاییهات.
تیپی یانەی سەورەش لە دەقیقەی 87 دا توانی تەنیا گۆڵەكەی خۆیان بكەن، سەرەنجامیش یارییەكە بەو ئەنجامە 2-1 بەسودی ئێمە كۆتاییهات دووەم بردنەوەمان لە خولەكەدا تۆمار كرد.
لە یارییەكەشدا راهێنەر ئەم گۆڕانكاریانەی كرد: نازم عەرەب بۆ شوێنی داخل، موحسینی هەڵەبجەش بۆ شوێنی رەئوف، خوالێخۆشبوو حەمودی تۆفیق بۆ شوێنی بەكر، یاریزانە یەدەكەكانیش سیروان محەمەد و سۆران ئەحمەد بوون.
شایانی باسە لەكاتی بەڕێوەچوونی ئەم خولەدا رژێمی عیراق كوەیتی داگیر كردو وەزعێكی خراپ لە عیراقدا دروستبوو، زۆربەی یاریزانەكانمان بەهۆی سەربازییەوە لەتیپەكە دابڕان، بۆیە كۆبوونەوە و راهێنانی بە كۆمەڵمان كەمیكرد، لە زۆر یارییدا هێندێكیان هەر نەیاندەتوانی بەشدارییش بكەن، بۆیە هەر یارییەو كۆمەڵە یاریزانێك یارییان دەكرد، ئەمەش بوو بە هۆی ئەوەی بەگشتی یارییەكانمان ئەنجامەكانیان باش نەبێت .

#ســتادیـۆم

بابەتە پەیوەندیدارەکان