زانکۆی سلێمانی یەکەمی سەر ئاستی زانکۆ حکومییەکانی هەرێمە

09:55 - 2023-09-26
ڕاپۆرت
712 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی/ ئەسرین محەمەد

بەپێی رانکینی دامەزراوەی سیماگۆ بۆ ساڵی 2023، لەسەر بنەماکانی (توێژینەوە، نوێکاریی و داهێنان، کاری پێکەوەیی) کراوە، زانکۆی سلێمانی پلەی یەکەمی سەر ئاستی زانکۆ حکومییەکانی هەرێم و پلەی چوارەمی سەر ئاستی زانکۆکانی عیراقی بەدەستهێناوە و وەک هەمیشە پێشەنگە.
هەر بەپێی رانکینەکەی سیماگۆ، زانکۆی سلێمانی لەسەر ئاستی عیراق پێشەنگە، بەجۆرێک لە بواری پزیشکی گشتی و ئەندازیاری یەکەمی عیراقە، هەروەها لە بواری کیمیا و پزیشکی ددان دووەمی وڵاتەکەیە و لەبواری زانستیش سێهەمە، ئەمە جگە لەوەی لە بواری پزیشکی ڤێتێرنەریدا 12 هەمینی عیراقە.
هەوڵی خۆناساند لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی
سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانی بەم بۆنەیەوە پیرۆزبایی لە مامۆستایان و ستافی ئەکادیمی و خوێندکاران و فەرمانبەران دەکات و بەڵێنیش دەدات بە هەوڵی هەموان (زانکۆی دایک) بەرەو پێشەنگتر بەرن و ناوی لە جیهاندا بدرەوشێتەوە و گرێدراوی کۆمەڵگەی ناوخۆییش بێت.
سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە بوارەکانی پزیشکی و ئەندازیاریدا پێشەنگی تەواوی عیراقین و لەبواری پزیشکی داندا دووەم و لەبوارە زانستییەکانیشدا سێیەمی هەموو عیراقن.
توانا عەبدولڕەحمان راگری کۆلێژی پزیشکی لە زانکۆی سلێمانی وتی، کۆلێژی پزیشکی زانکۆی سلێمانی لەسەر ئاستی 33 کۆلێژی پزیشکی لە عیراقدا پلەی یەکەمی بەدەست هێناوە کە هەمووی بە ئەرک و ماندوبوونی مامۆستاکان بووە.
وتیشی، ئەو پلەیە وامان لێدەکات هەوڵبدەین لەسەر ئاستی جیهان خۆمان بناسێنین و پلەو پایەمان بەرەوپێشەوە ببەین.
هەنگاو بە هەنگاو بەرەو پێشەوە دەچێت
سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد، زانکۆی سلێمانی سەرەڕای هەموو ئاستەنگەکان هەنگاو بە هەنگاو بەرەو پێشەوە دەچێت نەک تەنها لەسەر ئاستی هەرێم و عیراق بەڵکو پلانمان هەیە هەنگاو بنێین بەرەو ئاستی نێودەوڵەتی.
هاوکات د.رەنجدەر راگری کۆلێژی پزیشکی ددان لە زانکۆی سلێمانی وتی، لەسەر ئاستی 72 کۆلێژی پزیشکی ددانی حکومی و ئەهلی بە خۆشحاڵییەوە پلەی دووەممان بەدەست هێناوە لەسەر ئاستی عیراق.
وتیشی، سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانی دیدگایەکی نوێی هەیە بۆ وەرگرتنی متمانەی نێودەوڵەتی و  بەرزکردنەوەی رانکینی کۆلێژەکان و زانکۆکە لەسەر ئاستی جیهان.
زانکۆی سلێمانی ئێستا 21 کۆلێژ و 84 بەش لە خۆی دەگرێت، دوو هەزار و 114 مامۆستا و سێ هەزار و 31 فەرمانبەر و 23 هەزار و 71 خوێندکاری هەیە.
لەڕووی ئەکادیمییەوە هەردوو پڕۆگرامی بەکالۆریۆس و خوێندنی‌ باڵا پێشکەشدەکات و بڕوانامەی بەکالۆریۆس، بڕوانامەی دیبلۆمی باڵا، ماستەر و بڕوانامەی دکتۆرا دەبەخشێت و چەندین گۆڤاری ئەکادیمی بڵاودەکاتەوە.
سوودی توێژینەوەکان
د.چرۆ یاریدەدەری راگر لە کۆلێژی ئەندازیاری لە زانکۆی سلێمانی وتی، کۆلێژەکەمان لەسەر ئاستی عیراق پلەی یەکەم و لەسەر ئاستی وڵاتە عەرەبییەکان پلەی 12 هەمین و لەسەر ئاستی زانکۆکانی هەموو جیهاندا پلەی 629 مان هەیە.
وتیشی، کۆلێژی ئەندازیاری ساڵانە ژمارەیەکی زۆر توێژینەوەی هەیە کە بڵاودەبێتەوە و زۆربەیان لە بوارەکانی جێبەجێکردندا لە کارگەکانی چیمەنتۆ و بوارە جیاوازەکانی کارەبادا خزمەتی بە هەرێمی کوردستان کردووە.
زانکۆی سلێمانی لە ساڵی 1968 دامەزراوە، یەکێکە لە گەورەترین و بەناوبانگترین زانکۆکان لە هەرێمی کوردستانی عیراقدا. لە ساڵی 1981دا رژێمی بەعس زانکۆی‌ سلێمانی بە زەبری هێز بۆ هەولێر گواستەوە و ناوەکەی بۆ (زانکۆی سەلاحەدین) گۆڕی.
کەمپ و سەنتەرەکانی زانکۆی سلێمانی
لە ساڵی 1992دا، زانکۆی سلێمانی بۆ جاری‌ دووەم لەلایەن رۆشنبیران و ئەکادیمیانی‌ کوردەوە دامەزرێنرایەوە.
زانکۆی‌ سلێمانی‌ لە پێنج کەمپ پێکهاتووە: کەمپی کۆن، دەکەوێتە ناوەندی شاری سلێمانی. کەمپی نوێ، دەکەوێتە سەر رێگەی سەرەکی سلێمانی – کەرکوک. کەمپی سەیدسادق، لە شارۆچکەی سەیدسادقە. کەمپی چوارتا، لە قەزای چوارتا و کەمپی بەکرەجۆ، دەکەوێتە گەڕەکی بەکرەجۆ.
زانکۆی‌ سلێمانی‌ ئەم سەنتەرانە لەخۆدەگرێت: سەنتەری‌ زمان و کەلتور، سەنتەری یەکسانی جێندەر، سەنتەری کوردۆلۆژی، سەنتەری کوردستان بۆ دۆکیومێنت و لێکۆڵینەوەی ئەکادیمی،  سەنتەری راهێنانی پێداگۆجی و گەشەپێدانی ئەکادیمی و سەنتەری سیسکۆ.

بابەتە پەیوەندیدارەکان