ئاگادارییەك لە دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی-یەوە

11:10 - 2023-09-26
کوردستان
694 جار خوێندراوەتەوە

دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی ئاگاداری ئەو بەڕێزانە دەكاتەوە كە كارتی بانگهێشتنامەیان بۆ بەشداریكردن لە رێوڕەسمی شەش ساڵەی كۆچی دوایی سەرۆك مام جەلال، لە بەغدا و دیداری نەجەف پێگەیشتووە، لە سێ رۆژی داهاتوودا پەیوەندی بەو ژمارە تەلەفۆنانەوە بكەن كە لەسەر كارتی بانگهێشتنامەكە هەن، بەمەبەستی تەرخانكردنی تكتی فڕۆكە و شوێنی مانەوە لە نەجەف.
لەوبارەیەوە، باڵیۆز د.محەمەد سابیر سەرۆكی دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی، لەلێدوانێكدا بۆ سایتی رەسمیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA، رایگەیاندووە: «ئامادەكارییەكانمان بۆ ساڵیادی كۆچی دوایی سەرۆك مام جەلال بەكۆتا گەیشتووە و یادەكە لە سلێمانی و بەغدا و نەجەف دەبێت، ئەمە جگەلەوەی لە رۆژی 10ی ئۆكتۆبەر، كورتە فیلمێك لەبارەی ژیانی سەرۆك مام جەلال لە سلێمانی نمایش دەكرێت».
رۆژی 3ی ئۆكتۆبەر كە هاوكاتە لەگەڵ رۆژی كۆچی دوایی سەرۆك مام جەلال، سەرەتای رێوڕەسمەكە بە دانانی تاجەگوڵینە لەسەر مەزاری مام لە دەباشان دەستپێدەكات، هەمان رۆژ سەعات 4:00ی پاشنیوەڕۆ، رێوڕەسمێكی شایستە لە بەغدا لەژێر چاودێریی سەرۆك كۆماری عیراق و بەبەشداریی سەركردە عیراقییەكان، بەڕێوەدەچێت. هەروەها دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی و دامەزراوەی بەحرئەلعلوم، سەعات 11ی پێشنیوەڕۆی رۆژی 4ی ئۆكتۆبەر لە نەجەف دیدارێك كە چەند پانێڵێك لەخۆدەگرێت رێكدەخەن.

#مام جەلال

بابەتە پەیوەندیدارەکان