كوڕی شیرینم كاكە بافڵ سەرۆكی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان، لەقووڵایی دڵەوە پیرۆزبایی ئەم سەركەوتنە گەورەیەی حزبی شەهیدان لە كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان و خودی جەنابی مام و تەواوی پێشمەرگە قارەمانەكان و زیندانیان و هەموو خەڵكی كوردستان و جەماوەری بەرفراوانی یەكێتی و تەواوی ئەندامان و لایەنگرانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەڕابەرایەتی جەنابتان، دەكەم.
سەركەوتنی كۆنگرەی یەكێتی لەناو ئاپۆرای ئامادەبوان و دەستلەسەردڵی خەڵكی كوردستان و یەكێتییەكان، مژدەیەكی گەورەیە بەرەو سەركەوتنی زیاتری ئەم حزبەی كە پەروەردەی قوتابخانەی سەرۆك مام جەلالە. ئێوەی سەركردایەتی نوێ و بەتایبەتی تۆی كوڕی شیرینم بەپرسیارێتییەكی یەكجار گەورەتان خستووەتە ئەستۆی خۆتان، بەڵام دڵنیام بە بیری ورد و پلانی تۆكمە و خوێندنەوەی پێشهاتەكان، ئەركی خۆتان جێبەجێدەكەن و یەكێتیی قاڵبووی هەوازە سەخت و نشێوە دژوارەكان و كارەساتە خوێناوییەكان دەكەنەوە بەو یەكێتییەی كە جێی ئومێدی تەواوی خەڵكی كوردستان و نەتەوەی كورد دەبێت.
نامەوێت بەم پەیامە كورتە هەر پیرۆزبایی لە خۆت و هەڤاڵەكانت بكەم، بەڵكو دەمەوێت ئەوەت بیربهێنمەوە تۆ كوڕی ئەو مام جەلالەی كە بووەتە سیمبولی بیری ورد و قوتابخانەی كوردایەتی و (صەمام الامان)ی عیراق و كۆكەرەوەی دژەكان نەك هەر لە ئاستی كوردستان و عیراق بەڵكو لە ناوچەكە و جیهانیشدا، بۆیە چاوەڕێی ئەوەتان لێدەكەم رێبازە پیرۆزەكەی مامی كورد بەرنەدەن و هەموو توانایەكتان بخەنەگەڕ لەپێناوی ئاشتی و ئاوەدانی و پێكەوەژیانی هەموو خەڵكی كوردستان بە هەموو حزب و پێكهاتە جیاكانییەوە.
دووبارە پیرۆزبایی سەركەوتنی كۆنگرەكەتان لێدەكەم و ئومێدەوارم لە ئاستی چاوەڕوانیی كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان و كۆمەڵانی خەڵكی كوردستاندا بیت.
گەلاوێژ