له فارسییه‌وه: محه‌مه‌د كه‌ریم
(Creating Short Fiction) كتێبێكی نووسه‌ری ئه‌مریكایی (ده‌یمۆن نایت-Damon knight)ه (1922-2002)، كه مامۆستای كڵاسی چیرۆكنووسین بووه و وه‌رگێڕی ئێرانی (مهدی فاتحی) به (داستان نویسی نوین) ته‌رجه‌مه‌ی كردووه و ماناكه‌شی (خوڵقاندنی كورته‌چیرۆك)ه. ئه‌م كتێبه زۆر وانه‌ی گرنگی تێدایه بۆ چیرۆكنووسان بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن چیرۆكی نوێ بنووسن.
بیرۆكه وه‌رگرتن:
(7)
ئه‌گه‌ر من راپۆرتنووسی رۆژنامه‌یه‌ك بم، له‌وانه‌یه سه‌رنووسه‌ری رۆژنامه‌كه داوام لێبكات راپۆرتی رووداوێك بنووسم، به‌ڵام به‌دڵنیاییه‌وه نایه‌وێت من ئایدیای خۆم سه‌باره‌ت به‌و رووداوه بنووسم. له‌ڕاستیدا راپۆرتنووس ئه‌وه ده‌نووسێت كه روویداوه، به‌ڵام خه‌یاڵ له ده‌ره‌وه‌ی واقیعه و به‌رهه‌می زیهنی نووسه‌ره. خه‌یاڵ له قسه‌كردنی نێوان هه‌ست و نه‌ست دروست ده‌بێت. به‌ڵام كێ ئه‌و قسه‌كردنه ده‌ستپێده‌كات؟ من پێم وایه دوای تێپه‌ڕبوونی ماوه‌یه‌ك، نووسه‌ر هه‌ست ده‌كات كه ماده‌ی چیرۆكێكی هه‌یه. به‌ڵام گفتوگۆ له ماوه‌یه‌كی دوورودرێژدا فۆرمه‌ڵه ده‌بێت و له‌وانه‌یه له‌و ماوه‌یه‌دا بۆمان ئاشكرا بێت كێ ده‌ستی به گفتوگۆكه كردووه. كاتێ تۆ ده‌نووسیت له‌وانه‌یه به‌شێوه‌یه‌كی ئۆتۆماتیكی زۆر زیاتر بیرۆكه بێته مێشكته‌وه، یان له‌وانه‌یه له هه‌ندێ كاتدا زیاتر بیرۆكه‌ی چیرۆكی نوێ بێت كه بیانه‌وێ بنووسرێن. چیرۆكی "نه‌خێر به‌یه‌ك ده‌سڕێژ"ی خۆم كاتێك هاته مێشكمه‌وه كه له ریستۆرانێكی سویدی له نیویۆرك دانیشتبووم و ده‌رگای هۆڵه‌كه‌ی پشتمه‌وه داخرا، له‌و كاته‌دا كاره‌كته‌ر یان زه‌مینه‌یه‌كم نه‌بوو، به‌ڵام بینایه‌كی گشتیم هه‌بوو، ته‌نیا شتێك كه پێویستم پێی بوو دانانی به‌شه‌كان بوو له شوێنی گونجاوی خۆیاندا.
هه‌میشه ده‌ستپێكردنی ئیش كاتێكی زۆری ده‌وێت، به‌تایبه‌تی كاتێك ده‌ته‌وێت خۆت ده‌ست به گفتوگۆكه بكه‌یت، به‌ڵام ده‌توانیت ئه‌م ئیشه به‌شێوه‌ی جیاواز و به‌كه‌ڵك بكه‌یت. پێدراوه سه‌ره‌تاییه‌كان زۆر گرنگ نایه‌نه به‌رچاو، به‌ڵكو ته‌نیا خاڵی ده‌ستپێكن، وه‌كو ده‌نكه لم كه ده‌چێته ناو گوێچكه‌ماسییه‌وه و ورده ورده ده‌بێت به مرواری.
ساڵانێك پێش ئێستا له گۆڤارێكی زانستیدا بابه‌تێكم سه‌باره‌ت به گه‌شه‌كردنی تۆ‌و خوێنده‌وه. له‌وێدا باسی ئه‌وه كرابوو كه هه‌ندێ جار شێوه‌یان ده‌گۆڕێت و پێكه‌وه ده‌لكێن. منیش له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه چیرۆكی زۆرم نووسی. یه‌كێك له‌وانه چیرۆكێكی درێژ بوو به ناوی "وێستگه‌ی كه‌سێكی نامۆ" كه له‌و وێستگه‌یه سه‌ته‌لایتێكم خسته‌كار كه بۆ دیدار له‌گه‌ڵ هه‌ساره‌كانی تر نه‌خشه‌سازی كرابوو، پاشان ئه‌وه‌م له نه‌ستدا خسته‌كار، به وێنه‌یه‌كی سه‌رما و سه‌هۆڵبه‌ندان و بوونه‌وه‌ری فه‌زایی كه ده‌چنه ئه‌وێ، پاش ماوه‌یه‌ك گه‌شه‌م به‌م بیرۆكه‌یه دا.
ئێستا راهێنان به نه‌ستم ده‌كه‌م بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو یه‌كه‌كانی زانیاری و ئه‌زموونه‌كانم بهێڵێته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕبوونی كاتدا ببێت به چیرۆك. ئێستا له هه‌ر جێگایه‌ك شتێك ده‌دۆزێته‌وه په‌یامێك بۆ من ده‌نێرێت بۆ ئه‌وه‌ی سوودی لێ ببینم. منیش ئه‌گه‌ر شتێكی به‌سوود ببینم هه‌ڵیده‌گرم و ده‌یپارێزم. چیرۆكی "بلیتێك بۆ هه‌ر كوی" فیلمێكیشی لێ دروستكرا، كاتێك هاته مێشكمه‌وه كه له وێستگه‌ی شه‌مه‌نده‌فه‌ری له‌نده‌ن بووم و له‌سه‌ر شووشه‌ی شوێنی بلیت فرۆشه‌كه شتێكم بینی بیرۆكه‌كه‌ی دامێ. چیرۆكه‌كه سه‌باره‌ت به سیستمی گوێزانه‌وه‌یه‌كه كه هه‌زاران ساڵ پێش ئێستا وازی لێهێنراوه و له‌وێوه ده‌توانیت بچیت بۆ هه‌ساره‌كانی تر. به‌ڵام خۆت شوێنه‌كه دیاریی ناكه‌یت به‌ڵكو تۆ بلیتێك ده‌كڕیت و ئه‌وان ده‌تبه‌ن بۆ جێگایه‌ك.
بیرۆكه‌ی رۆمانی "هه‌موو شتێكی ئه‌لف دار"م له چیرۆكی رۆژنامه‌یه‌كه‌وه وه‌رگرت كه تیایدا یاریكه‌رێكی بۆكسێن باسی گه‌نجی خۆی ده‌كرد. ده‌یگوت چه‌ند ساڵێك پێش ئێستا ئه‌ندامی گروپێكی سه‌رجاده بووه كه پێكه‌وه بڕیاریان دابوو ته‌نیا ئه‌و شتانه بدزن كه به پیتی ئه‌لف ده‌ستپێده‌كات. ئه‌وسا منیش بیرۆكه‌ی ده‌زگایه‌كم بۆ هات كه هه‌ر شتێك و هه‌ر مرۆڤێك بیه‌وێت كۆپی ده‌كات.
ئه‌م چیرۆكه جۆرێك یارییه به وشه، هه‌ندێك چیرۆك له یاریی به بیرۆكه و بارودۆخه‌وه دێن. كاتێك له كه‌نتاكی ده‌ژیام، به‌ر ده‌رگای دراوسێكه‌م پڕبوو له خۆڵ و خاشاك، قه‌ت كۆی نه‌ده‌كرده‌وه بۆ ئه‌وه‌ی شاره‌وانی ئه‌وێ پاك بكاته‌وه. بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌م مه‌سه‌له‌یه چه‌ند رێگایه‌كم هه‌بوو، یه‌كێكیان ئه‌وه‌بوو چه‌ند كیسه‌یه‌كی زۆر پاكم له قه‌راغی شه‌قامه‌كه دانا و ئه‌مه‌م له‌سه‌ر نووسی "هه‌ر كیسه‌كی خۆڵ و خاشاك به 25 سه‌نته" به‌ڵام كێشه‌كه چاره‌سه‌ر نه‌كرا له‌به‌رئه‌وه‌ی ژنه‌كه‌ی خۆڵ و خاشاكی ده‌كرده سه‌ر كیسه‌كانی من. ئه‌م رووداوه بیرۆكه‌ی چیرۆكێكی دامێ كه تیایدا گیایه‌كی سه‌یر به‌خێرایی شیاكه‌ی مانگا گه‌شه‌ی ده‌كرد، ناومنا "گه‌شه‌كردنی شیاكه‌ی گه‌وره".
شێوه‌یه‌كی تری ده‌ستپێكی چیرۆك ئه‌وه‌یه كه هه‌ندێ له بیرۆكه ئاساییه‌كانی مێشكت په‌ره‌پێبده‌یت، بۆ نموونه له چیرۆكێكی خه‌یاڵی زانستیدا من كاره‌كته‌رێكم دروست كرد بوونه‌وه‌ری نه‌مر و كۆتایی نه‌هاتوو له جیهانێكی كۆتایی هاتوودا كه پاش ئه‌م بیرۆكه ناكۆكه، چیرۆكێكی درێژم نووسی به ناوی "مردن". هه‌ر نووسه‌رێك شێوازی جیاوازی هه‌یه بۆ ده‌ستپێكی چیرۆكه‌كه‌ی. هه‌ندێكیان به ته‌ركیزكردن له‌سه‌ر بابه‌تێكی ئاسایی به جوانی چیرۆكه‌كه‌یان ره‌سم ده‌كه‌ن. له سه‌رده‌می گه‌نجیدا چیرۆكێكم نووسی كاره‌كته‌رێك تیایدا پاشای ئاڵتوون و گرانێت بوو له هیچ شتێك نه‌ده‌ترسا. ئه‌م چیرۆكه بۆ ناسینی ترسه‌كانی سه‌رده‌می گه‌نجی نووسرابوو، ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت ئه‌و هه‌سته نادیده بگرین له‌ڕاستیدا به‌شێكی گه‌وره‌ی زنجیره‌ی هه‌ژانه مرۆییه‌كانمان نادیده‌گرتووه، كه به‌هێزترین فاكته‌ری ره‌فتاریشمانه. من چه‌ندین جار له‌باره‌ی ترسه‌وه نووسیومه، له چیرۆكی "هه‌موو شتێكی ئه‌لف دار"دا ده‌رباره‌ی ترس له به‌رزایی، له چیرۆكی "مرۆڤ له سه‌ره‌مه‌رگدا" سه‌باره‌ت به ترس له كامڵبوون و له "ده‌مامكه‌كان"دا سه‌باره‌ت به ترس له بڕینی ئه‌ندام و له چیرۆكی "زه‌مانی ته‌واو"دا سه‌باره‌ت به ترس له خودی ترسان نووسیومه.
هه‌ندێك ده‌ڵێن له هه‌ر كێلی گۆڕێكدا، چیرۆكێك هه‌یه، به‌هه‌مانشێوه له‌هه‌ر هه‌واڵی رۆژنامه‌یه‌كدا یان ته‌نانه‌ت له ئاگاداری لاپه‌ڕه‌ی كۆتاییدا: له‌دایكبوون، مردن، ژن هێنان، ته‌ڵاق و ... ته‌قریبه‌ن هه‌ر شتێك كه له ده‌وری خۆت ده‌یبینیت ده‌توانێت به‌شێوه‌یه‌كی جادوویی شێوه‌ی خۆی بگۆڕێت و ببێت به ره‌گه‌زێكی خه‌یاڵی چیرۆكه‌كه‌ت. مناڵان هه‌میشه وا ده‌كه‌ن، له لقێكی بچووك دارستانێك و له خۆڵ و خاشاك شاخێك دروست ده‌كه‌ن. هه‌ڵبه‌ته پاشان ئه‌م یارییه له‌بیرده‌كه‌ن له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئیشێكی قورس نییه. سه‌یری ده‌وروبه‌ری خۆت بكه چه‌نده شتی جیاواز ده‌بینیت: چ گه‌وره، چ بچووك، پێكهاته‌یه‌كه له چه‌ند ره‌گه‌ز و ... ئه‌گه‌ر هه‌میشه به‌وردی سه‌یر بكه‌یت بینینت بۆ شته‌كان ده‌بێته بینینێكی تایبه‌ت، وه‌كو هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی حه‌زیان له‌بابه‌تی تایبه‌ته. سه‌رنجی چه‌ند نموونه‌یه‌ك بده:
ئایا ده‌توانیت به سه‌یركردنی پێكانت چیرۆكێك بنووسیت؟
*چیرۆكی بێگانه‌یه‌ك كه وه‌كو ئێمه نییه (چ جیاوازییه‌كیان له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا هه‌یه؟ بۆچی؟ بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیاره ناچاریت كاره‌كته‌رێكی نائاسایی دروست بكه‌یت و ئه‌و هه‌ساره‌یه‌ی لێیه‌وه دێت، هه‌ڵبه‌ته كه‌لتوری جیاوازیش هه‌یه. ئینجا ئه‌وه‌ی بۆچی هاتۆته ئێره؟ كاتێك هه‌موو ئه‌م باكگراوندانه‌ت دروست كرد پاشان ده‌چیته قۆناغی دروستكردنی چیرۆكه‌كه‌وه.)
*چیرۆكێكی پڕ ته‌مومژ و مه‌ته‌ڵاوی بنووسه كه تیایدا شوێن پێی شێوه گۆڕاوی كه‌سێكی نادیار به‌جێماوه (شێوه گۆڕانه‌كه به چ شێوازێك روویداوه؟ به ماوه‌ی چه‌ند و چۆن؟ ئایا شوێن پێی كه‌سێك به‌جێماوه؟ شوێن پێكه له كوێدایه؟ كه‌سه له وێدا چی كردووه؟)
*چیرۆكێكی سۆزداری ده‌رباره‌ی په‌یوه‌ندی و دڵداری بنووسه (له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ك ئه‌م ئه‌وی خۆش ده‌وێت و بۆچی؟ ئایا ئاره‌زووی سێكسی و داخوازییه‌كانی یه‌كتری ده‌هێننه‌دی؟ چۆن وه‌ڵامی هه‌ستی یه‌كتری ده‌ده‌نه‌وه؟)
*چیرۆكێكی دڵداری بنووسه ده‌رباره‌ی گه‌نجێكی شیك پۆش كه سه‌رنجی شاگردی ریستۆرانێكی راكێشاوه (ئایا ئه‌مه ته‌نیا یه‌كێكه له‌و رووداوه سه‌یرانه‌ی كه ده‌شێت رووبدات؟ له‌وانه‌یه پێكه‌نیناویش بێت) چیرۆكی ئه‌و پیاوه‌ی ناچاره له شه‌وی سارد و به‌فردا پیاسه بكات. (بۆچی؟ ناچاره بچێت بۆ كوێ؟ چی روویداوه؟)
*چیرۆكێكی سه‌ندرێلایی بنووسه ده‌رباره‌ی ژنێكی گه‌نج كه پێلاوی ژماره 45 له‌پێ ده‌كات (له‌م چیرۆكه‌دا پێی گه‌وره‌ی پرنسێكی جوان و سه‌رنجڕاكێش سه‌رنجی وێنه‌گرێك راده‌كێشێت.)
شێوازێكی دیكه كردنه‌وه‌ی فه‌رهه‌نگ و هه‌ڵبژاردنی وشه‌یه‌كه به رێكه‌وت، پاشان دووباره یه‌كێكی دیكه هه‌ڵبژێره. ئه‌م دوو وشه‌یه چ ئیشێك ده‌كه‌ن. بیانخه‌ره لای یه‌كه‌وه، بیرت نه‌چێت كاتێك ته‌نیا بیرۆكه‌یه‌كت هه‌یه چیرۆكی لێ دروست ناكرێت، له‌ڕاستیدا بیرۆكه چیرۆك نییه، به‌ڵام به‌دڵنیاییه‌وه به‌بێ بوونی بیرۆكه‌یه‌ك به‌لای كه‌مه‌وه كه زۆرجار دوان یان سیانیشه، زۆر قورسه بتوانیت چیرۆكێكی باش بنووسیت.
ئه‌م بابه‌ته له‌گه‌ڵ روونكردنه‌وه‌ی ئه‌و دوو بیرۆكه‌یه‌ی كه له كاتی ئه‌دیتێریمدا هه‌مبوو، بۆ نووسه‌رانی ترم پێشنیاز كرد، زیاتر روون ده‌كه‌مه‌وه. یه‌كێكیانم ناونا "مێشكی گه‌رم" چیرۆكه‌كه ده‌رباره‌ی بوونه‌وه‌رێك بوو كه ده‌یتوانی مێشك وه‌كو كتێبێك بخوێنێته‌وه. بیرتانه "كریل كورنبلو" ئه‌و بیرۆكه‌یه‌ی له‌گه‌ڵ بیرۆكه‌ی خوێنمژدا، بۆ دروستكردنی چیرۆكێكی كلاسیك به‌كارهێنا. بیرۆكه‌كه‌ی تر ته‌نیا گومانێك بوو سه‌باره‌ت به ژماره‌یه‌ك له خه‌ڵكی شارێك كه له خه‌ودا خه‌ونی له یه‌كچوویان هه‌یه! "كێتی ڤیلهلم" ئه‌م بیرۆكه‌یه‌ی له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك نه‌ستی شارێكی جوان‌دا تێكه‌ڵ كرد و یه‌كێك له چیرۆكه نه‌مره‌كانی نووسی به ناوی "خه‌ونه‌كانی دیكه". له هه‌ردوو حاڵه‌ته‌كه‌دا بیرۆكه‌یه‌ك هه‌بوو كه چیرۆكی دروست ده‌كرد.
سه‌رچاوه: كتێبی داستان نویسی نوین ص47-51