دیاری فەرەیدون
لوب دوب هەر کە بەر دیدی خوێنەر دەکەوێت پرسیارێکی لەلا واڵا دەبێ، ئەویش واتای چییە؟
لوب دوب ئەو دەنگەیە کە لێدانی دڵ دروستی دەکات و دەتوانین بە ئامێری (مۆنیتەر) گوێمان لێی بێت، دکتۆر (هەڤین کەمال شا محەمەد) پسپۆڕ لە بواری بێهۆشی و ئازارشکێن ناوی کتێبەکەی بەو ناوە ناوە، چونکە ئەو دەنگە خۆی لەخۆیدا دەنگێکی ئازاربەخشە بۆ پزیشك کاتێك سات بەدوای سات لەچاوەڕوانیدایە بۆ بەرەو باشبوونی رەوشی نەخۆشەکەی.
خولیای خوێندنەوە بووە
دکتۆر هەر لە منداڵییەوە خولیای خوێندنەوە بووە، بەجۆرێك هەروەك خۆی لە کتێبەکەیدا باسی دەکات لە پشووەکانی هاویندا هەرکاتێک بواری بۆ رەخسابێت کتێبی خوێندۆتەوە، بەڵام پێشبینی ئەوەی نەکردووە رۆژێك بێت و ببێتە چیرۆكنووس، چونکە سەرقاڵی خوێندن بووە لە بواری پزیشکیدا لە هەمانکاتدا لە تەمەنێکی زۆر ناسکی ژیانیدا لە پاش شەهیدبوونی باوکی پاڵپشت و هاوکاری دایکی بووە لە بەڕێکردنی ژیانیان، ئەوەش بۆخۆی کارێکی قورسە، تەواوکردن و بەدەستهێنانی بڕوانامەی پزیشکی هەروا سانا نییە، بەڵام نووسەر کۆڵنەدەربووە لە برەودان بە کارەکەی و هیچ کاتێکیش لە نووسین کۆڵی نەداوە، لەگەڵ تێپەڕبوونی کات و تێکەڵبوونی لەگەڵ کارەکتەرەکانی ژیان لەگەڵ ئێش و ئازارەکانی رۆژگار و چارەسەر و ئازارشکێنی نەخۆشەکان، زیاتر و زیاتر خولیای نووسینی لا دروست بووە، هەر ئەوانەش هاندەری بوون بۆ نووسین، لەسەرەتادا چەند کورتە چیرۆکێکی نووسیوە لەسەر خامەی رۆژنامەکان بڵاوبوونەتەوە، بەڵام ئەمە بۆ ئەم دکتۆر کەم بووە لە ئاست ئەوەی رۆژانە بەدی کردووە لە نەخۆشخانە و کلنیکەکەی خۆی و ژیانی رۆژانەدا.
چیرۆکەکانی راستەقینەن
بۆیە نووسەر ئەوانەی رۆژانە بەدیکردوون لەگەڵ ئێش و ئازارەکانیاندا ژیاوە، بیری لەوەکردۆتەوە کۆیان بکاتەوە و بیانکات بە کورتە چیرۆك لە دوو توێی کتێبێکدا و بڵاویبکاتەوە، هەر بۆیە کتێبی کورتە چیرۆکی (لوب دوب)ی نووسیوە سەرجەم چیرۆکەکانی راستەقینەن و هەڵقوڵاوی ئەم گۆمەڵگەیەیە، بەڵام کارەکتەرەکانی بەناوی خوازراوەوە نوسراوە تا ناسنامەی راستەقینەیان نادیاربێت، بۆئەوەی نەکەونە بەر تانەی کۆمەڵگە، دکتۆر خۆی لەگەڵ ئێش و ئازارەکانیان ژیاوە و شەونخونی کێشاوە.
نووسەر گێڕانەوەی چیرۆکەکانی لە رێگەی کارەکتەرێکی سەرەکییەوەیە بە ناوی (خەندە) لەخەندەوە دەست پێدەکات تا کۆتایی، نووسەر لەڕێگەی خەندەوە پاڵەوان و کارەکتەرەکانی تر باس دەکات، سەرنج و هزری خوێنەر رادەکێشت تا دوا وشە دەستبەرداری نابن.
لە چیرۆکەکانیدا گەشتێکی زۆر ناوازە دەکات بەنێو هەموو بەرجەستە نەکراوەکاندا وەك (کات، شوێن، خۆشی، ناخۆشی، گەشبینی، رەشبینی، خۆشەویستی..هتد) هەریەك لە چیرۆکەکان هەست و چێژی تایبەتی خۆی هەیە ناخی مرۆڤ دەهەژێنێت.
دەستپێکی کتێبەکەی بە یەکەم نامە دەست پێدەکات و بەدواین نامە کۆتایی دێت، کارەکتەرەکانی زۆرە جگە لە خەندە وەك (دڵارام، هەناسە، گوڵفرۆش، خنکان، گێژاو ، رۆما، مرۆڤ دۆستی، مریەم و چەندانی تر)
هەر هەموو ئەم کارەکتەر و کەسایەتییەیانە چیرۆك و بەسەرهاتەکانیان راستەقینەیە خوێنەر کاتێك دەیانخوێنێتەوە دەچێتە جیهانێکی ترەوە، هەروەك نووسەر هەست بە ئێش و ئازارەکانیان دەکات لەناخەوە هیواخوازە ئەویش بتوانیت کەمێك لە ئێش و ئازارەکانیان کەمبکاتەوە، لە ناخی دڵەوە گفتوگۆ و پرسیار دەکات، ئەم جیهانە ئۆقیانووسێکە لە دەیان و سەدان و هەزاران لەم چیرۆك و بەسەرهاتانە، هەر هەموویان لەپشتی شانۆی ژیان شاردراونەتەوە و نادیارن تا ئەوکاتەی کەسێك دەستیان دەگرێت و دەیانهێنێتە سەر تەختی شانۆ.
هاوتابوونێكم لەگەڵ دکتۆر
لێرەوە دەمەوێت هەندێ دید و بۆچوونی خۆمی تێهەڵکێشکەم ئەویش ئەوەیە ئەوانەی لەو کتێبەدا ناویان هاتووە مشتێك لەخەرواری ئەم هەرێمەیە رۆژانە روودەدات، زۆرینەیان پەردەپۆش دەکرێن، هەر زوو زیندە بەچاڵ دەکرێن.
بە هەمان هاوشێوەی نووسەر بێبەش نیم لەو چیرۆکە راستەقینانەی ناو گۆمەڵگە، ئەویش بەهۆی کارەکەمەوە چەندین کەیسی جۆراوجۆر بەدی دەکەم، کەم تا زۆر ئەوەی لەتوانام بێت هاوکار و هاوسۆز ئەوەی لەتوانما بووبێت چارسەری بۆ دەکەم، بەڵام بەداخەوە بۆ ئەوانەی کە دوای کارەساتەکانیان گەیشتوونەتە ئەو رادەیەی هەندێكیان کۆتایی بە ژیانیان دەهێنن.