سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی: ئێمە لە هەناوی خەڵكەوە دروستبووین و بەرامبەر ئەم رابردووەشمان وەفادار دەبین

11:26 - 2023-10-02
کوردستان
376 جار خوێندراوەتەوە

بەناوی خوای گەورە و میهرەبان

خەڵكی خۆشەویستی كوردستان
یەكێتییە سەربەرزەكان، كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان، پێشمەرگە قارەمانەكان، تێكۆشەرانی شۆڕشی نوێ، كەمئەندامانی سەنگەر و زیندانیانی سیاسی


لە دڵەوە سوپاسگوزاری هەمووتانم كە بەوپەڕی پەرۆشی و دڵسۆزییەوە هەوڵتاندا بۆ سەرخستنی كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و گەیشتن بەم ئامانجە مێژووییە كە سەرەتایەكی نوێ و گرنگە بۆ جۆشدانەوەی گیانی یەكێتیبوونمان و خزمەتكردنی خەڵكە خۆڕاگرەكەمان.

«ئەمڕۆ پێكەوە رۆ‌‌حی شەهیدان، رابەر و سەركردەمان سەرۆك مام جەلال و سەرجەم سەركردە كۆچكردووەكانمان شاد كرد و دڵنیاییش بەهەموو یەكێتییەكان و خەڵكی خۆشەویستمان دەدەین كە یەكێتی وەك چۆن لە رابردوودا سەرمەشقی خەبات و تێكۆشان بووە، لە داهاتووشدا بونیادنەری ئاوەدانی دەبێت و گەشەپێدەری بوارە جیاوازەكانی كۆمەڵگە دەبێت»


«لە دڵەوە سوپاسگوزاری هەمووتانم كە بەوپەڕی پەرۆشی و دڵسۆزییەوە هەوڵتاندا بۆ سەرخستنی كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و گەیشتن بەم ئامانجە مێژووییە كە سەرەتایەكی نوێ و گرنگە بۆ جۆشدانەوەی گیانی یەكێتیبوونمان و خزمەتكردنی خەڵكە خۆڕاگرەكەمان»

لە ئەمڕۆوە هەموومان بە رۆحێكی یەكێتییانەوە، بەسوودوەرگرتن لە ئەزموونی چەند ساڵەی تێكۆشەرە دێرینەكانمان، بە وزەی گەنجە داهێنەر و خوێنگەرمەكانمانەوە كە گەورەترین سەرمایەی نیشتمانین و داهاتووی وڵاتەكەمانن، بە شارەزایی و ئەزموونی ژنە لێهاتووەكانمانەوە، قۆناغێكی نوێی كاری حزبی و رێكخراویی دەستپێدەكەین و بە نوێگەری لە كار و كۆدەنگی لە بڕیارەكانماندا، یەكێتی بەهێزتر دەكەین و لەپێناوی خزمەتی خاك و خەڵكەكەمان تێدەكۆشین.
ئەمڕۆ پێكەوە رۆ‌‌حی شەهیدان، رابەر و سەركردەمان سەرۆك مام جەلال و سەرجەم سەركردە كۆچكردووەكانمان شاد كرد و دڵنیاییش بەهەموو یەكێتییەكان و خەڵكی خۆشەویستمان دەدەین كە یەكێتی وەك چۆن لە رابردوودا سەرمەشقی خەبات و تێكۆشان بووە، لە داهاتووشدا بونیادنەری ئاوەدانی دەبێت و گەشەپێدەری بوارە جیاوازەكانی كۆمەڵگە دەبێت. ئێمە لە هەناوی خەڵكەوە دروستبووین و بەرامبەر ئەم رابردووەشمان وەفادار دەبین.

بە دەرفەتی دەزانم سوپاسی ئەنجومەنی سەركردایەتیی پێشوو بكەم كە دڵسۆزانە و ماندوونەناسانە لەبەرامبەر ئەرك و ئاڵنگارییەكاندا، سەركەوتووانە ئەركەكانیان راپەڕاند و پیرۆزباییش لە سەركردایەتیی نوێ دەكەم و چاوەڕوانیی ئەوەیان لێدەكەم بە هەموو توانا و لێهاتوویی خۆیانەوە كار بۆ پاراستنی رێبازی مام جەلال بكەین و یەكێتییەكەمان بپارێزین. هەموو ئەو هەڤاڵانەش كە لە دەرەوەی سەركردایەتی دەبن، برا و هەڤاڵی منن و پێكەوە لەپێناوی بەدیهێنانی ئامانجەكان بەردەوام دەبین. یەكێتی؛ هیچ كەسێكی لێ زیاد نییە و شانازیی بە هەموو ئەندام و لایەنگرانییەوە دەكات و دەرگای بۆ هەموو ئەوانەش كراوەیە كە دەیانەوێت لە ریزەكانی ئەم حزبە تێكۆشەرەوە خەبات بۆ كوردستان بكەن.
هەروەها لە دڵەوە سوپاس و پێزانینی زۆرمان ئاڕاستەی هەموو ئەو تێكۆشەرانە دەكەم كە لە قۆناغە جیاوازەكانی ژیانی یەكێتیدا، دڵسۆزانە خزمەتی رێبازی شەهیدانیان كرد و لە یەكێتییەكەی خۆیان دانەبڕان. ئەوان بەشێكی گەورەبوون لە پاراستن و گەشەپێدانی یەكێتی و رۆڵ و كاریگەرییان لەیاد ناكەین.
دەمەوێت هەموولایەك دڵنیابن، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە هەمان دڵسۆزیی خۆی و بە سیاسەتێكی گونجاو و سەردەمییانە لەپێناوی بەدیهێنانی بەرژەوەندییە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان بەردەوام دەبێت. خەبات بۆ بەدیهێنانی مافەكانی گەلی كورد دەكات و بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجە باڵایانەش بڕوای تەواومان بە هەماهەنگی و كاری پێكەوەیی هەیە لەگەڵ سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەكاندا. دەمانەوێت هەموومان پێكەوە لەچوارچێوەی هەرێمێكی سەقامگیردا، خزمەتگوزاری پێشكەش بكەین و داهاتوویەكی گەشتر بونیادبنێین. دووركەوتنەوە و ترازان خزمەتمان ناكات و سەپاندنی ئیرادەی تاكڕەوی، زیاتر دۆخەكە دەشێوێنێت، بۆیە هیوادارم هەمووان بەرپرسانە مامەڵە بكەن و لەپێناوی ئەو چارەنووسە هاوبەشەی وەك كورد هەمانە، خەبات بكەین و مێژوویەكی پڕ لە شانازی بۆ خۆمان و حزبەكانمان تۆمار بكەین.
هەروەها دڵنیاتان دەكەمەوە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە دیدگا و ستراتیژێكی بەهێزەوە سیاسەتی خۆی لە بەغدا پەیڕەو دەكات، سیاسەتێك كە خۆی لە هاوبەشیی راستەقینە، پاراستنی ئاشتی و پێكەوەژیاندا دەبینێتەوە. بێگومان سەرۆك مام جەلال بناغەدانەری ئەم سیاسەتەیە و ئێمەش بە شانازییەوە بەهەمان رێگەدا هەنگاودەنێین. پاڵپشتی و پشتگیریی دۆستەكانیشمان لە بەغدا لەیادناكەین كە هاوكاربوون بۆ بەدیهێنانی مافەكانی كورد و هەوڵەكانیان بەرز دەنرخێنین.
سوپاسی زۆرم ئاڕاستەی هێزەكانی پێشمەرگە، دژەتیرۆر، كۆماندۆ، ئاسایش، ئۆپەراسیۆن، پۆلیس و پۆلیسی هاتوچۆ دەكەم كە لەماوەی بەڕێوەچوونی كۆنگرەدا ئارامی و سەلامەتیی هۆڵی كۆنگرەیان پاراست و دەستی ماندووبوونیان دەگوشم.
هەوڵ و ماندووبوونی سەرجەم رۆژنامەنووسان و دامەزراوە میدیاییەكان بەرز دەنرخێنین كە لە چەند رۆژی رابردوودا لەگەڵمانبوون و پەیامی كۆنگرەیان گەیاند.
داوای لێبوردن لە خەڵكی خۆشەویستی شاری سلێمانیی سەربەرز دەكەم ئەگەر لە رۆژانی رابردوودا بووینەتە ئەرك و بارگرانی بۆتان، ئێوە كەسی ئێمەن و دڵنیابن لەیادی ناكەین.

شاد و سەرفرازبن

بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

 

#کۆنگرەی پێنجەم

بابەتە پەیوەندیدارەکان