ئەمریکا پیرۆزبایی لە سەرۆک بافڵ و سەرکردایەتی نوێ و سەرکەوتنی کۆنگرە دەکات

07:18 - 2023-10-02
کوردستان
998 جار خوێندراوەتەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سلێمانی پێشوازی لە دەیڤد بەرگر، هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عیراق کرد.
لە دیدارەکەدا کە مارک سترۆ، کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێم ئامادەبوو، دەیڤید بەرگر پیرۆزبایی هەڵبژاردنەوەی بە سەرۆکی یەکێتی لە بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرکردایەتیی نوێ و سەرکەوتنی پێنجەمین کۆنگرەی حزبەکەی کرد. دواتر دۆخی گشتیی وڵات و پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا گفتوگۆی لەبارەوە کرا و جەخت لە چارەسەرکردنی کێشەکان کرایەوە بەشێوەیەک کە مافی خەڵک و سەقامگیریی ناوچەکە پارێزراو بێت.
لە درێژەی دیدارەکەدا سەرۆک بافڵ ستایشی هەوڵە ئەرێنییەکانی ئەمریکای کرد بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، باشترین بژاردە بۆ تێپەڕاندنی بەربەستەکان و پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە، پابەندبوونە بە دەستوور و ئەو رێکەوتنانەی کراون، هەموو هەنگاوێکیش لە دەرەوەی ئەم ئیرادەیە، زیانگەیاندنە بە مافی خەڵک و بەرژەوەندییە گشتییەکان. وتیشی، هەوڵەکانمان بۆ ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێم کاری لە پێشینەی ئێمەیە و نابێت ئەم پرسە تێکەڵی کێشە سیاسییەکان بکرێت.

#یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان