نەمسا نایەوێت ببێتە ئەندامی ناتۆ

09:18 - 2022-05-19
جیهان
686 جار خوێندراوەتەوە

پێچەوانەی فنلەندا ‌و سوید، نەمسا نایەوێت ببێتە ئەندامی پەیمانی باكووری ئەتڵەسی (ناتۆ).
لە كۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی یەكێتیی ئەوروپا لە برۆكسل، ئەلیكساندەر شالنبێرگ وەزیری دەرەوەی نەمسا رایگەیاند: بە نیاز نین وەكو فنلەندا و سوید داوای ئەندامێتی لە ناتۆ بكەن، چونكە بەراورد بەو دوو وڵاتە، دۆخی جوگرافی و مێژوویی وڵاتەكەیان زۆر جیاوازە و پێویستە ئەوە بەهەندوەرگرن.
بە ئاماژەیەكیش بۆ جەنگی نێوان روسیا ‌و ئۆكرانیا، روونیکردەوە: نەمسا لە رووی سیاسییەوە بێلایەن نییە ‌و لە هەموو سزاكاندا هەڵوێستی ئاشكرای هەبووە ‌و بەپێی توانای وڵاتەكەش بەشداری لە هاوكارییەكاندا کردووە و دەكات.
وتەكانی وەزیری دەرەوەی نەمسا لە كاتێكدایە، كە هەریەك لە فنلەندا ‌و سوید هەوڵەكانیان چڕكردۆتەوە بۆ ئەندامێتییان لە ناتۆ. لای خۆشیەوە ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی روسیا رایگەیاندووە، كە وڵاتەكەی هیچ كێشەی لەگەڵ ئەو دوو وڵاتەدا نییە ‌و فراوانكردنی ناتۆ لەڕێی فنلەندا و سویدەوە هەڕەشەی راستەوخۆ لە روسیا ناكەن، بەڵام لە بەرامبەر فراوانكردنی ژێرخانی سەربازیی ناتۆ لەو ناوچەیە، مۆسكۆ وەڵامی دەبێت، ئەوەش لەسەر بنەمای ئەو هەڕەشانە دەبێت كە بەهۆی ئەو دۆخە نوێیەوە لەسەر روسیا دروست دەبێت.

سەرچاوە/ ئاژانسەكان

#ناتۆ

بابەتە پەیوەندیدارەکان