دوێنێ لە نەجەف بە دروشمی (نەجەف ئامادەیە لە بیر و هزری سەرۆك تاڵەبانی دا)، یەكەمین كۆڕبەندی نیشتمانی بۆ ساڵیادی كۆچی دوایی سەرۆك مام جەلال شكۆی نەتەوە و نیشتمان، بەڕێوەچوو، كە لەلایەن دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی و دامەزراوەی بەحر ئەلعلوم، رێكخرا.
سەرۆك كۆمار: عیراقییەكان یادی ماڵئاوایی سەرۆك مام جەلال دەكەنەوە
لە كۆڕبەندەكەدا، كە لە هۆڵی پەیمانگای عەلەمەین بۆ خوێندنی باڵا لە پارێزگای نەجەف بە ئامادەبوونی د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆمار، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەكەمی عیراق، ماجد ئەلوائیلی پارێزگاری نەجەف، دكتۆر ئیبراهیم بەحر ئەلعلوم، دكتۆر محەمەد عەلی بەحر ئەلعلوم و ژمارەیەك لە بەرپرسان و مامۆستایانی پەیمانگەكە و چینوتوێژەكان بەڕێوەچوو، سەرۆك كۆمار وتارێكی پێشكەشكرد و رایگەیاند: هەڵبژاردنی نەجەف بۆ سازكردنی یەكەم كۆڕبەندی نیشتمانی بۆ ساڵیادی كۆچی دوایی مام جەلال، گرنگییەكی گەورەی هەیە، وتیشی: نەجەف لە بیر و هزری سەرۆك مام جەلال-دا بوو، بە وتەی مام «نەجەف هەمیشە ناوەندێكی رۆشنبیری، ئایینی و برایەتی بووە».
سەرۆك كۆمار، راشیگەیاند: بۆ كۆچی دوایی سەرۆك مام جەلال، عیراقییەكان لە دوو رۆژی رابردوودا لە بەغدای پایتەخت و نەجەفی پیرۆز و تەواوی ناوچەكان، یادی ماڵئاوایی دەكەنەوە. وتیشی: ئەم دیدارە لە نەجەف و لەم باڵەخانە زانستییەدا (پەیمانگای عەلەمەین بۆ خوێندنی باڵا) كە سەرۆكی كۆچكردوو بەشدارییەكی گەورەی هەبوو لە دامەزراندن و پشتیوانیكردنیدا، سوپاس و پێزانین و دەستپێشخەرییەكە بۆ رۆڵی سەرۆكی كۆچكردوو و هەوڵەكانی پشتگیریكردنی لە پەرەسەندنی رێبازی زانستی و ئەكادیمی بۆ رۆڵەكانی وڵاتەكەی.
لە كۆتایی وتارەكەیدا، سەرۆك كۆمار، دووپاتیكردەوە كە «پابەنددەبم بە رێباز و پرەنسیپەكانی سەرۆكی كۆچكردوو مام جەلال، لە كۆكردنەوەی یەكڕیزیی و پاراستنی یەكگوتاری و چارەسەركردنی ناكۆكییەكان لە رێگەی دیالۆگەوە.
رێبازی سەرۆك مام جەلال، یەكڕیزی و پاراستنی یەكگوتاری و چارەسەركردنی ناكۆكییەكان بوو لە رێگەی دیالۆگەوە
باڵیۆز د.محەمەد سابیر: هەوڵەكانی سەرۆك مام جەلال بۆ هەموو عیراقییەكان بوو
پاشان، باڵیۆز د.محەمەد سابیر سەرۆكی دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی، وتارێكی پێشكەشكرد و وتی: «دڵخۆشین كە ئەم كارە هاوبەشەی نێوان دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی و دامەزراوەی بەحر ئەلعلوم؛ بۆ سەرۆك مام جەلال لە شاری نەجەف بەڕێوەدەچێت، بەو هیوایەین بتوانین چەندین كار و چالاكیی زانستی و رۆشنبیری بە هاوبەشی رێكبخەین كە لە بەرژەوەندیی رۆشنبیران و توێژەران و سیاسەتمەداراندا بێت». وتیشی: «سەرۆك مام جەلال، تەنها موڵكی كورد و یەك ئایین و یەك نەتەوە نەبووە، بۆ هەموو عیراق هەوڵیداوە، لەڕێگەی ئەم كۆڕبەندەوە باس لە هەڵوێستە نیشتمانییەكانی مام جەلال و رۆڵی بونیادنەرانە و دادپەروەرانەی دەكەین، هەروەها باس لە رۆڵی كاریگەری سەرۆك مام جەلال دەكەین لە قۆناغە مێژووییەكاندا، كە عیراق پێیاندا تێپەڕیوە لە رۆژی دامەزراندنی دەوڵەتی عیراقەوە».
سەرۆكی دامەزراوەی بەحر ئەلعلوم: مام جەلال رۆڵی دیار و پێشەنگانەی هەبووە
هەر لە كۆڕبەندەكەدا، محەمەد ئیبراهیم بەحر ئەلعلوم سەرۆكی دامەزراوەی بەحر ئەلعلوم، وتارێكی پێشكەشكرد و رایگەیاند: «مایەی شانازیمە كە شاری نەجەف، شاری زانست و كۆشش و خەبات، یەكەمین دیداری نیشتمانی بۆ كەسایەتییەكی دیاری نیشتمانی لەخۆبگرێت، كە رۆڵێكی دیار و پێشەنگانەی هەبووە لە بەرگرییكردن لە عیراقییەكان لە سەردەمی دیكتاتۆریدا». وتیشی: «دامەزراوەكەمان لەگەڵ دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی، كاریكردووە بۆ رێزلێنان لەو كەسایەتییە ناوازە و تایبەتە كە رێبازێكی نیشتمانییانەی هەبووە بۆ ئیدارەدانی وڵات بە ئامانجی چەسپاندنی شوناسی نیشتمانی».
ئاماژەی بەوەش كرد كە «كەسایەتیی سەرۆكی كۆچكردوو جەلال تاڵەبانی، كۆمەڵێك تایبەتمەندیی لەخۆگرتبوو، وەكو رۆشنبیری و زیرەكی و لێوەشاوەیی، ئەوەش وایكردووە كە سیاسەت و رۆشنبیری لە كەسایەتییە نیشتمانپەروەرانەكەیدا كۆبكاتەوە و بیكاتە یەكێك لە خەسڵەتە دیارەكانی ژیاننامەی خۆی».