جۆنی دیپ و گه‌شتی سینه‌مایی

11:41 - 2023-10-05
ئەدەب و هونەر
388 جار خوێندراوەتەوە
جۆنی دیپ

ئاكار قه‌ره‌داغی

جۆنی دیپ ئه‌كته‌ر و ده‌رهێنه‌ر و سیناریستی ئه‌مریكی له‌ دایكبووی ساڵی 1963ی شاری ئۆوینسبۆرۆی ویلایه‌تی كینتاكی ئه‌مریكایه‌، به‌شداری له‌ چه‌ندین كاری هونه‌ری و فیلمی جیهانیدا كردووه‌ و یه‌كه‌مین به‌شداری له‌ فیلمی
 (A nightmare on elm street)  له‌ ساڵی 1984 بوو. له‌و ساته‌وه‌ تا ئێستاش توانا و نواندنه‌كانی جۆنی بووه‌ته‌ جێی مشتومڕی ره‌خنه‌گرانی سینه‌مایی له‌ جیهاندا و چه‌ندین خه‌ڵاتی جیهانیی گرنگی بردوۆته‌وه‌ و به‌ڕاستیش، ناتوانرێت بیر له‌ هۆڵیوود بكرێته‌وه‌ بێ ئه‌وه‌ی ناوی جۆنی دیپ به‌ ئه‌ندێشه‌ و هزری هه‌وادارانی سینه‌مادا بێت.
داهاتوو له‌ هۆڵیووددا
(چیتر پێویستم به‌ هۆڵیوود نییه‌) ئه‌مه‌ ئه‌و رسته‌یه‌ بوو جۆنی له‌ كۆنفرانسی رۆژنامه‌گه‌ری بۆ كۆتا فیلمی (Jeanne du barry) دا له‌ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی لێی كرا له‌باره‌ی كاریگه‌ری دابڕانی له‌ هۆڵیووده‌وه‌ له‌ سێ ساڵی رابردوودا رایگه‌یاند. پاش تۆمه‌تبار كردنی به‌ توندوتیژی خێزانی له‌ كۆتاییدا له‌ چه‌ندین پڕۆژه‌ی سینه‌مایی كه‌ ئاماده‌كاری بۆ ده‌كرد دوورخرایه‌وه‌، به‌ڵام ئایا به‌ڕاستی جۆنی پێویستی به‌ هۆڵیوود نه‌ماوه‌ و ئایا ده‌توانێت له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و هاوكێشه‌یه‌دا كار بكات كه‌ له‌ نزیكه‌ی 40 ساڵی رابردوو سه‌ركه‌وتنی له‌گه‌ڵ به‌ده‌ست هێنا؟ پاش ئه‌وه‌ی توانی له‌و ماوه‌یه‌دا، به‌ پێی سایتی The number، پێگه‌ی خۆی له‌نێو ئه‌كته‌رانی هۆڵیوود له‌ پله‌كانی پێشه‌وه‌ جێگیر بكات كه‌ له‌ رووی ده‌ستكه‌وته‌وه‌، به‌كۆی گشتیی (10,4 ملیار دۆلار له‌ په‌نجا و دوو فیلمدا)، له‌ پله‌ی "دوانزه‌مین" دا دێت.
هێشتا زووه‌ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی سه‌ره‌وه‌ بدرێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی گومانی تێدا نییه‌ ئه‌وه‌یه‌ جۆنی توانی رێگا سه‌خته‌كانی ژیانی له‌ ژێر چه‌تری به‌رهه‌مه‌كانیدا ببڕێت، كۆتا جار له‌ فیلمی سینه‌مایی 
(Jeanne du barry) له‌ رۆڵی پاشا لویسی پانزه‌دا ده‌ركه‌وت، پاش3 ساڵ له‌ فیلمی (Minamata) و پاش یه‌ك ساڵ له‌ ته‌واو بوونی دادگاییه‌كه‌ی له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی دژی هاوسه‌ری پێشووی (ئامبه‌ر هێرد)، فیلمه‌كه‌ له‌ حه‌فتا و شه‌شه‌مین كۆڕبه‌ندی سینه‌ماییكاندا له‌ فه‌ره‌نسا په‌خشكرا، له‌ ماوه‌ی سێ هه‌فته‌ی یه‌كه‌مدا نزیكه‌ی 4,8  ملیۆن دۆلاری به‌ده‌ست هێنا، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌وه‌ ده‌ستكه‌وتێكی زۆر نییه‌، به‌ڵام ئاماژه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هێشتا جۆنی له‌نێو بینه‌رانی سینه‌مادا ناوێكی خۆشه‌ویسته‌، ئه‌مه‌ له‌ڕووی سینه‌ماوه‌، له‌ ژیانی تایبه‌تیشدا له‌ ماوه‌ی سێ ساڵی راوه‌ستانی له‌ زۆربه‌ی چالاكییه‌كانیشدا، هێشتا چه‌ندین خه‌ڵاتی ئه‌وروپیی پێشكه‌ش كرا، له‌وانه‌ش (سان سباستیان، كارلۆفی فاری، دوفیل) هه‌روه‌ها وه‌كو باڵیۆزی بازرگانی براندی جیهانی (Dior) مایه‌وه‌، كه‌ له‌ ساڵی 2015وه‌ ریكلام بۆ بۆنی (Sauvage) ده‌كات و بۆندێكیشی به‌ بڕی 20 ملیۆن دۆلار بۆ نوێكردنه‌وه‌ی گرێبه‌سته‌كه‌ی پێشكه‌ش كرا، هه‌موو ئه‌مانه‌ش ئاماژه‌ن كه‌ رێگا بۆ جۆنی دیپ پاش هۆڵیوود واڵایه‌.
كورته‌یه‌ك له‌باره‌ی فیلمی Jeanne du barry
فیلمێكی درامای دۆكیومێنتارییه‌، له‌ 16/5/2023  بۆ یه‌كه‌م جار له‌ كۆڕبه‌ندی سینه‌مایی (كان)دا په‌خشكرا. له‌ ده‌رهێنان و سیناریۆی (مایوین)ه‌، كه‌ هه‌ر خۆیشی رۆڵی (مه‌دام دوباری) شان به‌ شانی (جۆنی دیپ) له‌ رۆڵی پاشا لویسی پانزه‌یه‌مدا ده‌بینێت. فیلمه‌كه‌ به‌ زمانی فه‌ره‌نسییه‌ و ماوه‌ی فیلمه‌كه‌ 113 خوله‌كه‌.
چیرۆكی فیلمه‌كه‌
چیرۆكی فیلمه‌كه‌ باسی (جان بیكو)یه‌، كه‌ پاشتر به‌ناوی (مه‌دام دوباری) ده‌ناسرێت و ئیدی به‌و ناوه‌وه‌ ناوبانگ ده‌ركات. له‌ خێزانێكی هه‌ژاردا له‌ دایك ببوو، خاوه‌ن كه‌سایه‌تییه‌كی جوان و رووخۆش بوو سه‌رباری ئه‌مانه‌ش جان كه‌سێكی له‌ شفرۆش بوو، هه‌ر له‌و هه‌ژارییه‌شه‌وه‌ رێگای گرته‌ به‌ر و پێگه‌یشت تا  بووه‌ یه‌كێك له‌ كه‌سه‌ نزیكه‌كانی پاشا لویسی پانزه‌. پاش ئه‌وه‌ی نازناوی (كۆنتیسه‌)ی پێبه‌خشرا كه‌ نازناوێك بوو به‌ كه‌سانی چینی باڵا و خاوه‌ن پێگه‌ به‌رجه‌سته‌كان ده‌به‌خشرا. پاش كۆچی دوایی پاشا لویسی پانزه‌ ده‌خرێته‌ به‌ندیخانه‌وه‌ و له‌گه‌ڵ به‌رپا بوونی شۆڕشی فه‌ره‌نسا به‌ سه‌ربڕین حوكمی به‌سه‌ردا ده‌درێت، به‌مه‌ش چیرۆكی جان ده‌بێته‌ یه‌كێك له‌ چیرۆكه‌ به‌چێژه‌كانی خانه‌واده‌ی پاشایه‌تی له‌ مێژووی فه‌ره‌نسادا.
له‌ڕاستیدا ئه‌و كارانه‌ی په‌یوه‌ندییان به‌ چیرۆكه‌ شاراوه‌كانی خانه‌واده‌ی پاشایه‌تیی فه‌ره‌نساوه‌ هه‌یه‌ لای بینه‌ران و گوێگرانی فه‌ره‌نسی جێگای تێڕامان و گرنگی پێدانن. هه‌رچه‌نده‌ مایوین له‌ فیلمه‌كه‌یدا باسی ورده‌كارییه‌ ئابڕووبه‌ره‌كانی نێوان جان دوباری له‌گه‌ڵ پاشا لویس نه‌كردووه‌ به‌و ئه‌ندازه‌یه‌ی  باسی چۆنێتی و هه‌لومه‌رجی ده‌سه‌ڵات و كاره‌كته‌ره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی ده‌وروبه‌ری پاشای كردووه‌، ئه‌مه‌ش ئاساییتر و خاڵه‌ هه‌ره‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌یه‌. به‌رجه‌سته‌ نه‌كردنی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی جانی به‌ پاشاوه‌ به‌ستبوو، زۆرێكی له‌ بینه‌ران گه‌یاندبووه‌ ئه‌و بۆچوونه‌ی پێیانوابێ ئه‌م كاره‌ به‌راورد به‌ زنجیره‌ی ڤێرسای (Versailles) چێژ به‌خش نییه‌، كه‌ له‌ پێگه‌ی Netflix له‌ نێوان ساڵه‌كانی2015 بۆ 2018 ده‌رباره‌ی هه‌مان خێزانی پاشایه‌تی په‌خشكرا.
ئه‌م فیلمه‌ ژیانی جان له‌ منداڵییه‌وه‌، له‌ رێگه‌ی خوێنه‌رێكه‌وه‌ پیشان ده‌دات، كه‌ باسی پێگه‌یاندن و رێگای سه‌ركه‌وتنی له‌ كۆمه‌ڵگادا، به‌ هۆی جوانی روخسار و دڵگیریی كه‌لتوره‌كه‌یه‌وه‌ ده‌كات، كه‌ له‌هه‌مان كاتیشدا خاوه‌ن كه‌سایه‌تییه‌كی به‌هێز و شێلگیره‌، كه‌ هیواكانی به‌ره‌و كۆشكی ڤێرسای ده‌یبه‌ن. جان كه‌سێك نه‌بوو ئه‌وه‌ی پێی بگوترێت بیكات، ئه‌مه‌ش یه‌كێك بوو له‌ تایبه‌تییه‌كانی كاره‌كته‌ر كه‌ سه‌رنجی ده‌رهێنه‌ری به‌لای خۆیدا راكێشا و له‌ چه‌ندین دیمه‌نی فیلمه‌كه‌دا جه‌خت له‌م خاڵه‌ ده‌كرێته‌وه‌. هه‌ر ئه‌م خاڵه‌ش وا ده‌كات كه‌ مایوین رۆڵی جان ببینێت كه‌ خۆی ئه‌كته‌ر و ده‌رهێنه‌ر و سیناریستیشه‌، هه‌رچه‌نده‌ له‌ سه‌ره‌تادا مایوین باسی ورده‌كارییه‌كانی منداڵی جان ده‌كات. به‌ڵام له‌ دیمه‌نه‌كانی دواتردا به‌شێكی زۆر له‌و ورده‌كارییانه‌ پشتگوێ ده‌خات به‌تایبه‌ت چۆنییه‌تی په‌ره‌سه‌ندنی په‌یوه‌ندی نێوان جان و پاشا لویس. هه‌روه‌ها ده‌رهێنه‌ری فیلم وێنه‌یه‌كی سه‌رنجڕاكێشی ئه‌و به‌شه‌ مێژووییه‌ی فه‌ره‌نسا ده‌خاته‌ پێش چاوی بینه‌ر، به‌ به‌كارهێنانی كۆشكی ڤێرسای و جلوبه‌رگی كه‌لتوری ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی فه‌ره‌نسا و ئه‌و شوێنه‌ سروشتییانه‌ی رووداوه‌ راسته‌كانیان تێدا روویداوه‌، كه‌ تێكڕا به‌شێك بوون له‌و خاڵانه‌ی سه‌ركه‌وتنی فیلمه‌كه‌یان ده‌سته‌به‌ركرد.
جۆنی دیپ توانی تێبینی ورده‌كارییه‌كانی كاره‌كته‌ری پاشا لویس، له‌ رووی هێز و لاوازی و تووڕه‌یی و گاڵته‌كردن بكات، هه‌روه‌ها نواندنێكی باشی پاشایه‌كی ناجێگیر و كه‌م دوو به‌دیده‌كرێت، كه‌ ده‌كه‌وێته‌ خۆشه‌ویستی ژنێكی له‌شفرۆشه‌وه‌ و تانه‌ت ده‌شیكات به‌ كۆنتیسه‌، له‌ سه‌رووی كچه‌ شازاده‌كانه‌وه‌ به‌ تێكشكاندنی رێچكه‌ ویاسا ونه‌ریته‌كانی پاشایه‌تی.
گرنگی ئه‌م فیلمه‌ له‌وه‌دایه‌ خاڵه‌ هه‌ستیاره‌ قووڵه‌ مێژووییه‌كان و روانگه‌ هونه‌رییه‌كانی نه‌كردۆته‌ قوربانی خواستی بینه‌ران، واته‌ بنه‌ما سه‌ره‌كییه‌كانی هونه‌ری ره‌سه‌ن و به‌رزی نه‌كردۆته‌ قوربانی راكێشانی بینه‌ر بۆ لای خۆی. ده‌ره‌نجامیش ره‌نگه‌ ئه‌و لایه‌نه‌ بووبێته‌ مایه‌ی كه‌مكردنه‌وه‌ی ژماره‌ی بینه‌ران و، كه‌مكردنه‌وه‌ی داهاتی فیلمه‌كه‌، به‌ڵام په‌یامێكی راستگۆیانه‌ی له‌باره‌ی قۆناغێكی هه‌ستیاری فه‌ره‌نساوه‌ خستۆته‌ڕوو، كه‌ له‌ دووتوێیدا به‌شێك له‌ پاساوه‌كانی ره‌وایی شۆڕشی فه‌ره‌نساش ده‌خرێته‌ڕوو. به‌مه‌ش پابه‌ندیی گه‌وره‌ی ئه‌م فیلمه‌ به‌ راستییه‌ مێژووییه‌كان، ده‌رخستنی هێندێك له‌لایه‌نه‌ به‌رجه‌سته‌ و نیمچه‌ شاراوه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی فه‌ره‌نسا و پابه‌ندبوون به‌ به‌ها هونه‌رییه‌ به‌رزاكانیش به‌ڕوونی ده‌بینرێن، كه‌ تێكڕا بنه‌مای فیلمی سه‌ركه‌وتوون.


بابەتە پەیوەندیدارەکان