عه‌باس عه‌بدولڕه‌زاق
له نیوه‌شه‌وه‌دا هه‌ستام له خه‌و كڵاوه‌كه‌م له‌به‌رده‌ممدا دانا سه‌رم ته‌نها سێبه‌ریكی ره‌شی قه‌ترانی بوو له دووتوێی خه‌وێكدا سه‌ری هه‌ڵداوه و كه‌فته‌كار و ماندوو له ژێر كڵاوه‌كه‌دا هاتبووه ده‌ره‌وه .
له‌ولایه‌وه سێبه‌ری گۆچانێكی خواروخێچی تێدا ده‌ركه‌وتووه، له‌م دیوه‌وه عه‌ره‌بانه‌یه‌كی خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت ویله‌كانی خواروخێچ سه‌یرێكی قاچم كرد. هه‌زار وێنه‌ی جۆراوجۆری تێدابوو له مناڵییه‌وه تا ئێستا، تروسكاییه‌كی كه‌می كڵاوڕۆژنه‌یی له نێوانی خۆم و كڵاوه‌كه‌مدا تێده‌په‌ڕێت .
كڵاوه‌كه‌م هه‌موو بیره‌وه‌رییه‌كانمی تێدا كۆبووه‌ته‌وه. كه‌چی تا ئێستایش رۆژانه هه‌رچی تێده‌په‌ڕێت هه‌ڵیده‌لووشێ ناهێڵێت نه‌ختێك به ئارامی له‌گه‌ڵیدا بژیم، پێتان سه‌یر نه‌بێت ئه‌مڕۆ بڕیارم داوه رێزی لێ نه‌گرم سه‌ر له‌ژێر ئه‌و كڵاوه بێنمه ده‌ره‌وه په‌ڕه په‌ڕه هه‌ڵیده‌مه‌وه، دڵنیام ئێستا تۆز و خۆڵی ئه‌و چه‌ند ساڵه‌ی لێ نیشتوه، په‌ڕه‌كانیش زه‌ردهه‌ڵگه‌ڕاون و پڕتووك بوون له هه‌ندێ شوێن ته‌ڕه‌شوع لێیداوه، مه‌ركه‌به‌كه‌ی پان بۆته‌وه، كڵاوه‌كه‌م هێنده تووڕه‌بوو سه‌رمی راكێشا بردییه قووڵاییه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی هیچی نه‌بینم، پێیوتم:
-ئه‌وه چی ده‌كه‌ی؟ بۆ ده‌ستكاری مێژووی دۆڕاوی خۆت ده‌كه‌ی؟ ده‌ته‌وێ چی تێبگه‌یت؟ ئه‌و هه‌موو ساڵه كه دانه‌مركاوی و ئۆقره‌ت نه‌ده‌گرت، ئێستا به‌ته‌مای چیت؟
هێنده‌ی سه‌رزه‌نشت كردم خه‌ریكبوو له پێستی خۆم بێمه‌ده‌ره‌وه، یه‌خه‌ی كراسه‌كه‌م بدڕم و هاوار بكه‌م، به‌ڵام به ئارامی پێموت من ده‌مه‌وێت بزانم چییه ئه‌وگرێ كوێرانه‌ی ژیانم ئه‌وسا به ئارامی به‌جێتانبهێڵم، ئه‌ویش بزه‌یه‌ك سه‌ر لێواره‌كانی داپۆشی وتی :
-هاها راوه‌سته با ئه‌م په‌ڕانه‌ی ته‌مه‌نت له چه‌كمه‌جه‌كانی مێشكت ده‌ربێنم، ئه‌وه‌تا، هه‌موو گرێكوێره‌كانت له‌م چه‌ند لاپه‌ڕه‌دایه، ها وه‌ریگره ده‌بێت زۆر ئاگات لێی بێت به‌ده‌سته‌وه هه‌ڵنه‌وه‌رێ هه‌موو مێژووه‌كه‌ت بسڕێته‌وه، تێكڕای ئه‌و مێژووه‌ت ژه‌نگاویه.
كه په‌ڕه‌یه‌كی هه‌ڵدایه‌وه روومه‌تی مناڵێكی لێی نووسرابوو هه‌ست ده‌كه‌م ده‌یناسم، ئه‌م منداڵه ساڵانێكه له ناخمادا ده‌ژی، ئه‌مه چ قه‌ده‌رێكه له ژێر ئه‌م كڵاوه‌دا خۆی حه‌شارداوه، نه‌مزانی ئه‌و ترسه چییه له چاویدا، ترسێكه به درێژایی ئه‌م ته‌مه‌نه‌م هه‌ستی پێ ده‌كه‌م، ئه‌وتا له قووڵایی ئه‌و كڵاوه‌دا خۆی مه‌ڵاس داوه و نایه‌ته‌ده‌ره‌وه منیش هه‌میشه له ترسی چاوی ئه‌و منداڵه رزگارم نه‌بووه.
كڵاوه‌كه لێم نزیك بووه‌وه به چرپه‌یه‌ك پێیوتم :
-له‌وه زیاتر رۆنه‌چی باشتره، وه‌ره با چه‌كمه‌چه‌كانی تر سه‌یر بكه‌ین.
له‌لایه‌كانی مێشكمدا ده‌گه‌ڕا، دۆسێیه‌كی لیكاوی ده‌رهێناو:
-ها بیگره ئه‌وه‌یش ببینه بزانه چ ده‌عبایه‌كی سه‌یربوویت!.
به‌خێرایی لێم وه‌رگرت، له په‌ڕه‌ی یه‌كه‌می دڵه‌ڕاوكێیه‌كی سه‌یر دایگرتم. له ترس‌دا هاوارم كرد.
« نا نامه‌وێ ئه‌و رۆژانه بگه‌ڕێته‌وه بۆ ناو بیره‌وه‌رییه‌كانم كاتی خۆی سڕیمه‌وه، ده‌مویست ئه‌م په‌ڵه‌یه له ژیانمدا نه‌بێت.
به په‌له لاپه‌ڕه‌كانم هه‌ڵدایه‌وه سه‌یریم نه‌ده‌كرد، كڵاوه‌كه‌م دای له قاقای پێكه‌نین.
-ده‌بینی چۆن شه‌رم له رابردووی خۆت ده‌كه‌یت، ته‌نانه‌ت ناوێری بیریشی لێ بكه‌یته‌وه. ئه‌وه‌ی ئێستا تێپه‌ڕی له ژیانتا له خه‌یاڵتدا مه‌له ده‌كات، ئۆقره ناگریت. هه‌رچه‌ند خۆتی لێ حه‌شار بده‌یت زیاتر له قووڵایی دێته‌سه‌ره‌وه، ده‌بێت به مۆته‌كه و خه‌وه‌كانت ده‌زڕێنیت .
نا با نه‌یبینم ئه‌و رۆژانه‌ی شانازیم پێوه ده‌كرد ئێستا بۆته مۆته‌كه و ئازارم ده‌دات نامه‌وێ بیبینم .
ناچاربووم له كڵاوه‌كه‌م بپاڕێمه‌وه چیتر ئه‌و چه‌كمه‌جانه نه‌كاته‌وه، به‌ڵام ئه‌و رازی نه‌بوو پیوایه ده‌بێ هه‌مووی ببینم بۆ ئه‌وه‌ی ناخی خۆم و سێبه‌ره‌كه‌م و كڵاوه‌كه‌م و ئه‌و ته‌مه‌نه كه‌مه‌م كه ماوه به ئارامی بژیم ئه‌و سه‌ربوردانه‌م بهۆنمه‌وه و گه‌ردانه‌ی جۆراوجۆری لێ دروست بكه‌م، دواتریش بیده‌مه ده‌ستی فه‌رامۆشی، به‌ڵام كڵاوه‌كه‌م قایل نه‌بوو ده‌ستی برد چه‌كمه‌جه‌یه‌كی دیكه‌ی كرده‌وه به‌ده‌نگێكی نه‌شازه‌وه قیڕانی به‌سه‌رمدا:
-هابگره ئه‌وه‌یش ئه‌و ژنانه‌ی ئێستا به‌خه‌یاڵ ئاوازی ئه‌و رۆژگاره داده‌نیت ناتوانی به‌چرپه‌یش ناویان بێنیت، تۆ هه‌میشه خۆت دزیوه‌ته‌وه، له راستییه‌كان هه‌ڵاتووی، رۆژێ له رۆژان بیدركێنیت، تۆ ترسنۆك و قێزه‌ونی.
-وانییه من هیچ شتێكم به‌جێ نه‌هێشتووه.
كاتێ په‌ڕه‌كانم هه‌ڵدایه‌وه یه‌كه‌م په‌ڕه حوسنیه‌م بینی هاهاها هێنده گه‌مژه بووم ویستم نامه‌یه‌ك بنووسم بۆی نه‌مزانی چۆن پێی بگه‌یێنم به‌ردێكم هێنا و نامه‌كه‌م پێوه‌به‌ست به‌لای ماڵیاندا تێپه‌ڕیم نامه‌كه‌م هه‌ڵدا له‌پڕ قیژه‌یه‌ك له‌و دیوی دیواره‌كه به‌رزبووه‌وه.
-ئای سه‌رم، ئه‌وه چی بوو؟ ئه‌ی هاوار ئه‌وه خۆێنی لێ ده‌ڕوات! بێنه با بیبه‌ستین.
دواتر زانیم به‌ر سه‌ری دایكی كه‌وتووه هاهاها...
كاتێ ئه‌و په‌ڕانه‌ی فیلمی چه‌كمه‌جه‌كان ده‌كرێنه‌وه به‌شێك له جوانییه‌كانی ته‌مه‌نمان ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌وسا ئه‌سه‌ف بۆ ته‌واو نه‌بوونی ده‌خۆین. له‌پڕ كڵاوه‌كه‌م كۆمه‌ڵێك چه‌كمه‌جه‌ی ده‌رهێنا به تووڕه‌بوونه‌وه وتی ها ئه‌ویش خه‌باته‌ی كه ئێستا نازانی شانازی پێوه بكه‌یت یان هه‌ر باسی بكه‌یت، ئه‌و ده‌نگه‌ت گوێ لێیه؟
-به‌ڵی، گوێم لێیه.
پڕ به‌دڵ گریام ده‌نگێكی ئارامم ده‌گه‌یشته گوێم. منیش له‌گه‌ڵیدا ده‌موته‌وه
-رێی... خه‌بات.
كڵاوه‌كه‌م قیژانی به‌سه‌رمدا وتی:
-تۆ له ژیاندا چیت كردووه ئه‌وه‌تانێ چیتده‌سكه‌وت؟ پێم بڵێ
بێده‌نگ بووم و خۆم متكرد، له‌گه‌ڵ داچۆڕینی فرمێسكه‌كه‌مدا ژیام، كڵاوه‌كه‌م سه‌رمی داپۆشی و سێبه‌ره‌كه‌م گۆچانه خۆاروخێچه‌كه‌ی دایه‌ده‌ستم به‌ئه‌سته‌م ده‌متوانی بڕۆم به‌ڕێوه. له‌سه‌ر عه‌ره‌بانه ویل خواره‌كه دانیشتم. كڵاوه‌كه‌م توند سه‌رمی داپۆشیبوو به‌هیچ شێوه‌یه‌ك بۆنی ئه‌و جه‌كمه‌جانه‌ی لێوه نه‌ده‌هات. منیش له بیره‌وه‌ری ئه‌و چه‌كمه‌جانه‌دا ژیان ده‌به‌مه‌سه‌ر.