عیراق پلانی نوێی هەیە بۆ پەرەپێدانی كەرتی وزە

09:55 - 2023-10-10
ئابووری
502 جار خوێندراوەتەوە
بارەگای كۆمپانیای تۆتال ئینێرجی فەرەنسا

ئا: كوردەوان محەمەد سەعید



عیراق بە نیازە هەنگاوی گەورە بنێت لە پەرەپێدانی كەرتی نەوت و غازدا و كۆمپانیا جیهانییەكان بانگهێشت دەكات بۆ فراوانكردنی پڕژەكانی ئەو بوارە و جێبەجێكردنی دەیان پڕۆژەی نوێش، بە جۆرێك كە عیراق بگەیەنێتە ئاستێك، كە كێشەی سووتەمەنی ناوخۆیی بە تەواوی چارەسەر بكات و لە بواری هەناردەی نەوت و غازیشدا بگاتە ئاستێكی زۆر باش. لەو چوارچێوەیەدا وەزارەتی نەوتی عیراق ئاشكرایكرد، لە 26ی ئەیلولی رابردوودا هەرسێ كۆمپانیای تۆتال ئینێرجی فەرەنسی و وزەی قەتەری و نەوتی بەسرە هاوپەیمانییەكیان پێكهێناوە، ئامانجیشی جێبەجێكردنی كۆمەڵێك پڕۆژەی تایبەت بە بواری وزەیە لە عیراقدا. 

كارەبای تەواو بۆ عیراق
ماردین مەحسوم پسپۆڕی ئابووری لەو بارەیە رایگەیاند: كۆمپانیای تۆتالی فەرەنسی چەند گرێبەستێكی تایبەت بە وزەی لەگەڵ عیراقدا ئیمزا كردووە، رێكەوتنەكان بۆ ماوەی 20 ساڵن و ئەگەری درێژكردنەوەشیان هەیە، ئامانجی سەرەكی گرێبەستەكانیش پەرەپێدان و بەهێزكردنی سەرچاوە سروشتییەكانی عیراقە، وەك نەوت و غاز، بە مەبەستی دابینكردنی كارەبای تەواو بۆ عیراق و هەروەها زیاد كردنی بەرهەم و هەناردەی نەوت و غازی عیراق.
ئەو پسپۆڕە لە لێدوانێكدا بۆ سایتی نون پۆست وتی: رێكەوتنەكەی تۆتال و هاوبەشەكانی وەبەرهێنانە بە بڕی 10 ملیار دۆلار لە ماوەی 20 ساڵدا، هەنگاوی یەكەمیش بە پەرەپێدانی كێڵگەی نەوتی ئەرتاوی دەستپێدەكات بۆ زیادكردنی بەرهەمی نەوت و غاز لە 85 بەرمیلی رۆژانەوە بۆ 210 بەرمیل. هەروەها رێكەوتنەكە راكێشانی بۆری و گواستنەوەی ئاوی دەریاش لە خۆدەگرێت بۆ بەكارهێنانی لە پڕۆسەی دەرهێنانی نەوتەكەدا، لەگەڵ پەرەپێدانی بەرهەمی ئەو غازەی لەگەڵ نەوتەكەدا دێتە دەرەوە، بە بڕی 600 مەتر سێجا.

نوێترین تەكۆلۆجیا

هەر بە پێی لێدوانی ئەو پسپۆڕە ئابوورییە، كۆمپانیای تۆتال و هاوبەشەكانی كار لەسەر دامەزراندنی وێستگەیەكی بەرهەمهێنانی كارەبا لە وزەی خۆر دەكەن، بە بڕی هەزار مێگاوات، ئەو بڕە كارەبایەش لەلایەك پڕۆژەكانی خۆیان پێ جێبەجێ دەكەن و ئەوەشی كە دەمێنێتەوە دەدرێتەوە بە تۆڕی كارەبای نیشتمانی عیراق. ئەو كۆمپانیایانەش كە گرێبەستەكانیان ئیمزا كردووە، بەڵێنیان داوە لە پڕۆژەكانیاندا نوێترین ئامێر و تەكۆلۆجیا بەكار بهێنن و لە هەمان كاتدا كەمترین زیان بە ژینگە بگەیەنن، هەموو ئەو بەڵێنانەش لە رێكەوتنەكاندا هەیە و ئیمزایان لەسەر كراوە.
سەبارەت بەم هاوپەیمانییەی نێوان كۆمپانیاكانی تۆتال ئینێرجی فەرەنسی و وزەی قەتەری و نەوتی بەسرە، پسپۆڕان پێیان وایە كەرتی وزە لە عیراقدا بە تەواوی دەگۆڕێت و دواتر كاریگەریی زۆر باشی دەبێت بۆ سەر سەرجەم كەرتە ئابوورییەكانی دیكە. یەكێك لە سوودەكانی ئەم هاوپەیمانییە ئەوەیە، كە داهاتی عیراقی پێ زیاد دەبێت، بۆ نموونە غازی عیراق كە تا ئێستا وەك پێویست سوودی لێوەرنەگیراوە و ساڵانە بە بەهای زیاتر لە دوو ملیار دۆلار غازی عیراق بەفێڕۆ دەچێت، جگە لە زیادكردنی بەرهەمی نەوت، كە عیراق وەك تاكە سەرچاوەی داهات پشتی پێدەبەستێ.

قازانجی باش

سوودێكی دیكەی ئەم هاوپەیمانییە و پڕۆژەكانیان، وەك پسپۆڕان باسی دەكەن، پەرەپێدانی پیشەسازی پترۆكیمیایی و پەیینی كیمیاییە، لەگەڵ نوێبوونەوەی تەكنۆلۆجیای تایبەت بە دەرهێنانی نەوت و غاز لە عیراقدا و هەروەها پەرەپێدانی توانای كادرەكانی ئەو كەرتە.
ماردین مەحسوم، سەبارەت بە وردەكاریی پڕۆژەكان و تێچوون و سوودی هەریەكەیان دەڵێ: كۆی پڕۆژەكان چاوەڕوان دەكرێ 27 ملیار دۆلاری تێبچێت، بەڵام ئەنجامەكەی زۆر باشترە و تەنیا پەرەپێدانی كێڵگەی ئەرتاوی 81.1 ملیار دۆلار قازانجی دەبێت، هەروەها چاوەڕوان دەكرێت، وەبەرهێنان لە كەرتی غازدا 22.2 ملیار قازانجی هەبێت و بە پڕۆژەكانی دیكەشەوە كۆی قازانج دەگاتە 125.5 ملیار دۆلار، حكومەتی عیراقیش لەو قازانجە رێژەی %85ی بەردەكەوێت، %15ی قازانجەكەش بۆ كۆمپانیا وەبەرهێنەكانە.

لە عیراقەوە بۆ ئەوروپا

گرنگیی ئەم هاوپەیمانییە سێقۆڵییەی نێوان فەرەنسا و قەتەر و عیراق لەوەدایە، كەرتی نەوت و غازی عیراق دەبووژێنێتەوە و گەشەی بەردەوامی ئابووری بۆ مسۆگەر دەكات، عیراقیش دەخاتە ریزی وڵاتە گرنگەكانی گۆڕەپانی پیشەسازی وزەوە، جگە لەوەش پسپۆڕان باس لەوە دەكەن، ئەگەری هەیە لە داهاتوودا بۆری گواستنەوەی غاز لە عیراقەوە رابكێشرێت بۆ ئەوروپا و غازی قەتەر لە رێگەی عیراقەوە رەوانەی ئەوروپا بكرێت، چونكە ماوەی نێوان بەندەری ئومقەسری عیراق و بەندەری حەمەدی قەتەری تەنیا 650 كیلۆمەترە، ئەو كاتەش عیراق ئەگەری پێویستی بە غاز هەبێت بۆ بەكارهێنانی ناوخۆی لێی هەڵدەگرێت و ئەوی دیكەشی رەوانەی ئەوروپا دەكات.
نەبیل جەعفەر مامۆستا و پسپۆڕی بواری گەشەی ئابووری لەوبارەیەوە دەڵێ: ئەم هاوپەیمانییە سێقۆڵییە و جێبەجێكردنی ئەم پڕۆژانە دەبێتە هۆی پێشكەوتنی عیراق لە بازاڕی نەوتدا، بە تایبەتیش كە عیراق چوارەم وڵاتی جیهانە، لە رووی یەدەكی نەوتەوە، بەڵام تا ئێستا توانای بەرهەمهێنانی نەگەیشۆتە ئەو ئاستەی كە شایستەی پلەی چوارەم بێت.

سەرچاوە: نون بوست

#ئابووری

بابەتە پەیوەندیدارەکان