شۆڕشی چوارەمی پیشەسازی لە نێوان بلۆكچەین و دراوی گریمانەییدا

09:58 - 2023-10-10
ئابووری
474 جار خوێندراوەتەوە

فاروق سەعید حەسەن

كتێبی (شۆڕشی چوارەمی پیشەسازی لە نێوان بلۆكچەین و دراوی گریمانەییدا)، كە نووسینی كۆمەڵێك نووسەری جیهانییە و (فەیسەڵ عەلی) وەریگێڕاوەتە سەر زمانی كوردی، كەوتەبەر دیدی خوێنەران و ئێستا لە كتێبخانەكاندا بەردەستە. ئەم كتێبە زنجیرەی (93)ی دۆسێكانی دەزگای چاپی سەردەمە و لە دوو توێی بەرگێكی جواندا و بە قەبارەی مامناوەند چاپكراوە و 160 لاپەڕەی لەخۆ گرتووە.
ئەم كتێبە لە دوو پێشەكی و شەش لێكۆڵینەوە پێكهاتووە، هەریەك لە لێكۆڵینەوەكان، بە گوێرەی پسپۆڕیی نووسەر باس لە لایەنێكی شۆڕشی چوارەمی پیشەسازی و كاریگەرییەكانی لەسەر كۆمەڵگەی مرۆیی دەكات.
ماكس تیگمارك، كە یەكێكە لەو لێكۆڵەرانەی لە نووسینی ئەم كتێبەدا بەشدارە، لە بەشێكی لێكۆڵینەوەكەیدا دەڵێ: هەموو ئەوەی لە شارستانییەتدا خۆشمان دەوێت، بەرهەمی ژیریی مرۆڤە، ئەگەر بتوانین لە میانەی ژیریی دەستكردەوە دووقاتی بكەینەوە، روونە كە دەتوانین ژیان باشتر بكەین. دەشێ پێشكەوتنێكی سادەی بواری ژیریی دەستكرد گۆڕانكاریی گرنگ لە زانست و تەكنۆلۆجیادا بكات، ئەمەش رێژەی رووداو و نەخۆشی و زوڵم و جەنگ و هەژاری كەم دەكاتەوە.
لە لێكۆڵینەوەی دووەمی ئەم كتێبەدا كە دوو لێكۆڵەر نووسیویانە و سەبارەت بە هاوبەشیی نێوان عەقڵ و ئامێر دەڵێن: پێویستە لە دروستكردنی بڕیار و پێشبینیكردندا، كە ئێستا مرۆڤ دەیكات، پشت بە ئەلگۆریتم ببەسترێت، لە هەندێك حاڵەتدا گرنگە مرۆڤ وەك بەشێكی پڕۆسەكە بمێنێتەوە، تا پێداچوونەوەی لۆجیكی بكات. هەر لەو لێكۆڵینەوەیەدا هاتووە: ئێمەی مرۆڤ لەسەرمانە ددان بەوەدا بنێین، لە پێشبینیكردنی ئایندە نازانین، بەدەر لە هەموو شتێك، پێشبینیكردن و بڕیاردان دوو چالاكین و لە یەكتر جیا نابنەوە، ئەگەر لە یەكێكیاندا خراپ بین، لەوی تریشیاندا خراپ دەبین.
گرنگیی ئەم كتێبە لەوەدایە كە باس لە تازەترین دەستكەوت و داهێنانە زانستییەكانی مرۆڤ دەكات، كە لە چوارچێوەی شۆڕشی چوارەمی پیشەسازیدا جێیان دەبێتەوە و كاریگەری گەورەشیان لەسەر رەفتار و كرداری مرۆڤ هەیە، هەموو داهێنانێكیش لایەنێ ئەرێنی و نەرێنی لەگەڵ خۆی هەڵگرتووە، ئەوە ئەركی زانا و پسپۆڕەكانیشە هەردوو لایەنەكە هەڵبسەنگێنن و رێگاكانی خۆپارێزیی مرۆڤ لە لایەنە نەرێنییەكانی بدۆزنەوە، لەبەرئەوە بابەتەكانی ئەم كتێبە نیگەرانییەكانی مرۆڤی سەردەمیان هەڵگرتووە و وەرگێڕانیشی بۆ سەر زمانی كوردی گرنگە، لەبەرئەوەی بەشێك لە پێویستییە زانستییەكانی سەردەم بۆ خوێنەری كورد دابین دەكات و خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگاكان و ئەوانەی گرنگی بەم بوارە دەدەن، لەم جۆرە لێكۆڵینەوانە بێبەش نابن.
ناوی كتێب: شۆڕشی چوارەمی پیشەسازی لە نێوان بلۆكچەین و دراوی گریمانەییدا.
ناوی نووسەر: كۆمەڵێك نووسەری جیهانی
ناوی وەرگێڕ: فەیسەڵ عەلی
بابەت: تەكنۆلۆجیای زانیاری
چاپخانە: دەزگای سەردەم
چاپی یەكەم، 2023

#ئابووری

بابەتە پەیوەندیدارەکان